مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
محەمەد سەڵاح: پێویستم بەوە نییە هیچ شتێك بۆ هیچ كەسێك ڕوون بكەمەوە
محەمەد سەڵاح، یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی میسڕ، لەبارەی گەیشتنی هەڵبژاردەی نیشتمانەكەی بە قۆناغی 16ی خولی مۆندیال، قسەی كرد و بە گاڵتەوە باسی پێشهاتێكی نێوان پشووی نێوان نیوەكانی یارییەكانی میسڕی كرد.
لە قۆناغی 16ی مۆندیال، هەڵبژاردەی میسڕ لە تاقیكردنەوەیەكی سەختدا، ڕووبەڕووی هەڵبژاردەی ئەرژەنتین دەبێتەوە.
محەمەد سەڵاح لە دوای یارییەكە لێدوانی بۆ مێدیاكان دا و رایگەیاند: ئێستە خەون بە شتێكی دیاریكراوەوە نابینم. ئەوەی دەمەوێت شانازیی پێوە بکەم لە داهاتوودا ئەوەیە کە ئومێدم بە خەڵک بەخشی کە بتوانن بگەنە پێگەیەکی دیار و نایاب، بەتایبەتی منداڵان، نابێت تەنیا وابەستە بێ بە تۆپی پێ، بەڵام ئەمە پەیوەندی بە هەموو کەسێکەوە هەیە لە بوارەکەی خۆیاندا، دەمەوێت ئەوە بگوترێ کە سەڵاح لە کاتێکی سەختدا هیوای بە ئێمە بەخشی.
وتیشی: هەوڵ دەدەم ئەم شتانە بدەم بە عومەر مەڕمووش و هەموو ئەوانەی قسەم لەگەڵ دەكەن، بۆیە هیوادارم لە كاروانی ژیانم بڕوانم و بڵێم كاروانێكی جوان و باشم هەیە. دووپاتی دەكەمەوە كە ڕووبەر و بوارێكی زۆر هەیە بۆ سەركەوتنی هەمووان.
لە وەڵامی ئەوەی لە كەمپیی مەشقیی هەڵبژاردەكەمان لەژێر سەرپەرشتیی حوسام حەسەن چی گۆڕا؟ محەمەد سەڵاح بە گاڵتەوە وتی: ئەو لە نێوان دوو نیوەی یارییەكان لێمان دەدا، هیچ شتێك بەراورد كەمپەكانی پێشتر نەگۆڕاوە، من تەمەنم هەڵكشاوە، چی دیكە گرنگیی بەو شتانە نادەم كە لە شۆشیاڵ مێدیادا دەگوترێن، سەبارەت بەوەی کە ئایا من یاریزانم هەموو شتێک پێشكەشی هەڵبژاردەكەم دەكەم یان نا. هەروەها من پێویستم بەوە نییە هیچ شتێك بۆ هیچ كەسێك ڕوون بكەمەوە، بەهای خۆم بە باشی دەزانم و بەهای یاریزانانیشمان لە هەڵبژاردەكەم زۆر بە باشی دەزانم، هەوڵ دەدەم لە ژووری جلگۆڕینی یاریزانان یارمەتیی یاریزانان بدەم.
دەشڵێ: ئەوە باشە كە پەیوەندیت لەگەڵ یاریزانانی هەڵبژاردەكە باش بێ، ئەو كاتەیشی بڕۆی بڵێن كەسێكی باش بووی.
وتیشی: هەستێكی جوانم هەیە بەوەی چیرۆكێكی جوان بۆ خەڵكی میسڕ بنووسم، من بەردەوام لە ژووری جلگۆڕین قسە بۆ یاریزانان دەكەم لەسەر ئەوانەی چەند جارێك جامی نەتەوەكانی ئەفریقایان بردووەتەوە، بەڵام بەخت یاوەریان نەبووە و لە مۆندیالدا بەشدارییان نەكردووە، بۆیە پێویستە ئەم هەلە كە ڕەنگە دووبارە نەبێتەوە، دەبێ بقۆزرێتەوە و چێژی لێ وەربگریت، دوور لە فشار و سترێس.
وتیشی: ئەم نەوەیە، هەلی ئەوەیان نەبووە ناسناوی جامی نەتەوەكانی ئەفریقا ببەنەوە، دوو جار لە یاریی كۆتایی دۆڕاوین، بەڵام خوا لە بری ئەوە هەلی یاریكردن لە مۆندیالی پێ داوین.
مێسی هۆشداری بە هاوڕێكانی دەدات: میسڕ ئاسان نییە
لیۆنێل مێسی، دڵخۆش و ئاسوودە نییە بەو سەركەوتنە سەختەی بەسەر كەیپ ڤێرددا بە دەستیان هێنا، كە زۆر بە ئەستەم و بە ئەنجامی 3-2 گۆڵ یارییەكەیان بردەوە. هۆشدارییش بە یاریزانانی هاوتیمی دەدا بەوەی میسڕ ئاسان نییە.
ئەرژەنتین گەیشتووەتە چارەكی كۆتایی مۆندیال، لەوێش بەرانبەر میسڕ یاری دەكات، چاودێرانی وەرزشی پێیان وایە ئەرژەنتین هێشتا تاقیكردنەوەیەكی راستەقینەی نەكردووە.
لیۆنێل مێسێ، ئەستێرەی یەكەمی ئەرژەنتین و گۆڵكەری مێژوویی سەرجەم مۆندیالەكان بە 20 گۆڵ، سەرەڕای گەیشتنیان بەو قۆناغە، بەڵام دڵخۆش نییە، ڕەخنەی لە ئاستی تیپەكەی گرت و بیر لە رووبەڕووبوونەوەی میسڕ دەكاتەوە.
دوای ئەوەی مێسی بووە باشترین یاریزانی یارییەكە، لێدوانێكی بۆ مێدیاكان دا، ناڕەزایی خۆی لەسەر ئاستی یاریزانانی تیپەكەی نەشاردەوە، وتی: پێشتر دەمانزانی یارییەكە زۆر سەخت دەبێت، ئەوە ڕێكەوت نییە كە ئەم تیپە بەرانبەر ئیسپانیا و ئۆروگوای نەدۆڕاوە.
مێسی وتیشی: تۆماركردنی گۆڵی یەكەم، بەشێكی سەختی یارییەكە بوو، پێمان وا بوو كە یارمەتیمان دەدات لەوەی بە ئارامییەكی زۆرەوە كۆنتڕۆڵی یارییەكە بكەی، بەڵام پێچەوانەكەی ڕووی دا، لە هەندێ كات تۆپمان لە دەست دەدا، زۆر زیاد لە پێویستیش گەڕاینەوە بەرگری و دواوە، وەك دەمانویست نەمانتوانی فشار لەسەر ئەوان بكەین.
لە بارەی ڕەخنەكانی لە تیمی هەڵبژاردەكەی، مێسی ڕوونی كردەوە: پێویستە هەڵەمان ڕاست بكەینەوە، كە لە یارییەكەمان بەرانەر كاپ ڤێرد زۆر بوو، هێڵەكانمان زۆر لێك دوور بوون، تۆپە درێژەكان دەگەیشتنە نێو دڵی بەرگریكارانمان و ئێمە زۆر سەرقاڵ بووین، ئێمە هەمیشە تەنیا یەك یاریزانمان لە پێشەوە بوو، ناچار بووین كە ڕابكەین، چونكە نەماندەتوانی بە ڕێگە و شێوە ڕاستە فشاریان لەسەر بكەین.
مێشی هۆشداریی ئەوەی دا كە هیچ هەڵبژاردەیەك بە كەم وەرنەگرن، لەو رووەوە وتی: ئەم یاریی دەركردنە، هیچ كەسێك هیچت بە خۆڕایی پێ نادات، سووكایەتی بە هەندێ تیم دەكرێ بە هۆی ناوەكانیانەوە، بەڵام ئێمە دەزانین ئەو یارییانە ئاسان نین، ئەمە وای كردووە مۆندیال زۆر ناوازە بێت. ڕكەبەرییەكە زۆر سەختە و هەموو یارییەك زۆر دژوارە.
دەشڵێ: دەبێ هەموو هەوڵێك لە نێو یاریگە بدەین، ئەوەی هەمان بووە پێشكەشمان كردووە، بێ گوێدانە ئەوەی یارییەكی باشمان كرد یان نا، ئێستە گرنگترین شت ئەوەیە هەڵەكان راست بكەینەوە و سەرنج و ڕامانمان بخەینە سەر یاریی داهاتوو و ئەرێنییەكانی یارییەكەی ئەمڕۆ هەڵێنجین.
ئێستە ئەرژەنتین چاوەڕوانی یارییە ئاگرینەكەی لەگەڵ میسڕ دەكات، دوای ئەوەی لە یارییەكی مێژووییدا ئوسترالیای لە مۆندیال دوور خستەوە و بۆ یەكەمجار لە مێژووی میسڕدا گەیشتنە قۆناغی شازدە.

