رۆژنامەی ھەولێر

ئونداڤ لە کرێکارییەوە بۆ ڕکابەری مێسی و ئێمباپێ لە مۆندیال

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

هەڵبژاردەی ئەڵمانیای خاوەن چوار جامی جیهانی لە شاری تۆرۆنتۆی کەنەدا لەبەردەم 50 هەزار هاندەر بەرامبەر کۆتدیڤوار خەریک بوو شەرمەزار بێت و تووشی یەکەمین شکست بێت لە مۆندیال، بەڵام ئەستێرەیەکی کورد هاتە نێو یاریگە و بووە فریادڕەسی مانشافتەکان و ئەڵمانیای لە شکست رزگار کرد، ئەو یاریزانش دەنیز ئونداڤ بوو کە کوردێکی ئێزیدییە، ئێستا ئەو یاریزانە کوردە لە مێرکاتۆی هاوینەی گواستنەوەی یاریزانان یەکێکە لە بژاردەکانی هانزی فلیکی را‌هێنەری بارسێلۆنا بۆ شوێنگرتنەوەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی.

ئونداڤ لە کرێکارییەوە بۆ رکابەری مێسی و ئێمباپێ
دەنیز ئونداڤ لە ساڵی 1996 لە شاری ڤارێلی ئەڵمانیا لە دایکبووە، برایەک و چوار خوشکی هەیە، خانەوادەکەی کوردی ئێزدیین خەڵکی شاروچکەی وێرانشاری پارێزگای رووهای باکووری کوردستانن و دایکیشی خەڵکی قامشلۆی رۆژئاوای کوردستانە. باوک و دایکی ئونداڤ لە سەرەتاییەکانی ساڵانی هەشتایەکان بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزی تورکیا و خراپی بژێوی ژیانیان بەرگەی فشارە سیاسییەکانیان نەگرت و بەرەو ئەورووپا کۆچیان کرد.

چیرۆکێکی سەیروسەمەرە لە ژیانی ئونداڤ
ژنێکی ئەڵمانی بەناوی ئیدێلترۆت کۆچ، یەکەمین ڕاهێنەر بووە لە كاروانی وەرزشی ئونداڤ کە ئێستا ئەستێرە کوردەکە تەمەنی 29 ساڵە.
ئەو ژنە لەگەڵ ئونداڤ لە یانەی تی ئێس ڤی بەیەكەوە كاریان كردووە، ئونداڤ لە تەمەنی 6 تا 9 ساڵی دا لەژێر سەرپەرشتی ئەو خانمە راهێنەرە یاری و مەشقی كردووە.
کۆچ لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانیا دەڵێت: ئونداڤ لە منداڵییەوە هێزێكی بێـسـنووری هەبووە بۆ یاریكردن، بەیەكەوە زۆر مەشقمان لەسەر شێوازی گۆڵكردن دەكرد، بەڵام ئونداڤ زیادەڕۆیی لە خواردن دەكرد، زۆر حەزی لە شیرینی بوو، ئەكادیمیای یانەی ڤێردەربرێمن بەهۆی ناڕێكی لە خواردن و خەوی، ئەو ئەستێرە كوردەی ڕەتكردەوە، چونكە باڵای كورت بوو، كێشی زیاد بوو.
کۆچ گۆتیشی: ئونداڤ کۆڵی نەدا، لە یانەی (ئێس سی وای) یاری كرد، دواتر بۆ یانەی یونیەن جیلوازی بەلجیكی گواسترایەوە، وردە وردە ناوبانگی پەیدا كرد، بەڵام هەرگیز یانەكەی پێشووی لەبیر نەكردووە، بەردەوام هاوكاری دارایی یانەكەی پێشووی دەكرد كە لە خولێكی نزمی ئەڵمانیا یاری دەكرد.

ئونداڤ لە سەرەتای کاروانەکەیدا رووبەڕووی رەتکردنەوەی زۆر بووەوە
ئونداڤ لە پۆدکاستێکدا لەبارەی سەردەمی منداڵی خۆی دەڵێت: لە سەرەتای تەمەنی هەشت ساڵی من بەردەوام هەموو رۆژێک کرێکاریم کردووە، لە یاریکردنیش بەردەوام بوومە، بەردەستی دووکانداریم کردووە، تا تەمەنی 14 ساڵیش من بە هەژاری و کرێکاری پێگەیشتوومە.
ئونداڤ لەبارەی باوکییەوە دەڵێت: “باوکم نموونەی باڵای منە. ئەو بە بێ هیچ شتێک هاتە ئێرە و خۆی دروستکرد. منیش هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ ئەوەی شانازیم پێوە بکات و 10 هێندەی ئەو کارە بکەم کە ئەو لەپێناوماندا کردی. باوکم دوو سێ کاری دەکرد بۆ دابینکردنی ژیانمان. ئێمە وەک کورد و ئێزدی دەوڵەت و هەڵبژاردەی نیشتمانیی خۆمان نییە، بۆیە لە هەر کوێ بین، بنەچەی خۆمان لە دڵماندا هەڵدەگرین.” گەلی ئێزدی لە ئەڵمانیا کۆمەڵگەیەکی گەورەی نزیکەی 200 هەزار کەسی پێکدەهێنن.

سەربازێکی ون لە پشت سەرکەوتنەکانی ئونداڤ
تانیا ئونداڤ، هاوژینی ئونداڤ، ئەویش کوردێکی ئێزدیی خەڵکی مێردینی باکووری کوردستانە و لە ئەڵمانیا گەورە بووە، ئەوان لە کاتێکدا کەوتنە داوی سۆزداری و خۆشەویستی یەکتر دێنیز هێشتا یاریزانێکی نەناسراوی خولە نزمەکان بوو، هیچ ناوبانگ و خەونێکی مۆندیالی نەبوو، تانیا لە تاریکترین و سەخترین قۆناخەکانی کاروانەکەیدا، لە رووی رێکخستنی ژیانی تەندروستیەوە پاڵپشتێکی گەورەی بووە.
لە سەرەتای ساڵی 2021 لە شاری ئاخیمی ئەڵمانیا بە فەرمی ژیانی هاوژینییان پێکهێنا و لە ئابی 2024ـدا کچێکیان بوو. تانیا بە پێچەوانەی زۆربەی هاوژینی یاریزانە ناودارەکانەوە، خۆی لە میدیا بەدوور دەگرێت و تەنیا لە یارییە گەورەکان و رێوڕەسمی خەڵاتەکاندا دەردەکەوێت.

کاردانەوەی میدیای جیهان بۆ ئونداڤ
دەنیز ئونداڤ پێش مۆندیال ناوێکی گەورە نەبوو، بەڵام ئاستە بەرزەکەی ئونداڤ لە 2 یاری سەرەتای مۆندیالی 2026 هەمووانی شۆک کرد کاتێک بە دوو یاریی تەنیا 56 خولەک یاریی کرد و بەشداریی لە 5 گۆڵدا کرد (3 گۆڵ و 2 ئەسیست)، بەمەش ریکۆردی رۆجێر میلای لە ساڵی 1990ـەوە شکاندبێت، ئەمەش لەسەر ئاستی جیهان کاردانەوەی گەورەی میدیایی لێکەوتەوە:
رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسا بە مانشێتێکی گەورە نووسیبووی: چ شۆکێک.
رۆژنامەی لاگازێتای ئیتاڵیا: ئەستێرەیەکی نوێ و گۆڵکارێکی تۆقێنەر.
ئاسی ئیسپانیا: ئونداڤ ئەڵمانیایەکی لاوازی لەگەڵ خۆی راکێشا و گەیاندییە سەرکەوتن و بوو فریادڕەس.
کیکەری ئەڵمانیا: ئونداڤ جارێکی دیکە تواناکانی خۆی وەک یاریزانێکی یەدەگی کاریگەر سەلماندەوە.”
فۆکس نیوزی ئەمریکا؛ ناسناوی یەدەگی زێڕین بۆ دەنیز ئونداڤ.
بیڵدی ئەڵمانیا: “دەبێت ئونداڤ لە هەموو یارییەکدا یاری بکات.”
بی بی سی بەریتانیا: “کڵاوەکانتان بێننە خوارەوە و سەری رێز بۆ دێنیز ئونداڤ دابنوێنن.
رۆژنامەی فۆتۆسپۆری تورکیا: ئونداڤ بەهۆی ئەوەی بەڕەچەڵەک کوردە، هەڵبژاردەی تورکیای رەتکردووەتەوە و ئێستاش خزمەتی ئەڵمانیا دەکات.
کۆریێرێ دیلۆ سپۆرتی ئیتاڵیا: ئونداڤ ئەستێرەی بێرکابەری ئێستای ئەڵمانیایە.”

ناگلیسمان لەبارەی ئونداڤ چی دەڵێت؟
جولیان ناگلیسمان، راهێنەری ئەڵمانیا ستایشی ئاستی ئونداڤی دەکات و دەڵێت: “ئەو لە جووڵەکانیدا زۆر نایابە. دوای گۆڵی یەکەم بەرامبەر کۆتدیڤوار پاسێکی زۆر باشی لە فیلیکس بۆ هات. جاری دووەمیش، جووڵەیەکی نایابی کرد، تەنانەت سەیری گۆڵەکەشی نەکرد. دەکرێت لە یاریی داهاتوودا لە پێکهاتەی سەرەکی دابنرێت، بەڵام پێموایە ئەو بەم دۆخەی ئێستای زۆر دڵخۆشە، چونکە رۆڵێکی گرنگی گێڕا و ئێمەش زۆر لە ئاستی رازین.”
ناگلیسمان، راهێنەرە لاوەکەی مانشافتەکان، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات ئوندڤ هاوشێوەی تۆماس موولەر و گێرد موولەرە و دەتوانێت مێژوویەکی گەورە لەگەڵ ئەڵمانیا لە مۆندیالی 2026 بنووسێتەوە.

بارسێلۆنا چاودێری ئەستێرە کوردەکە دەکات
بەگوێرەی رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانیا، هانزی فلیک راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکەی ئاگادار کردووەتەوە لە ئەگەری شکستهێنان لە گواستنەوەی جۆلیان ئەلڤارێزی هێرشبەری ئەرجەنتینی یانەی ئاتڵێتیکۆ مەدرید، راستەوخۆ بۆ گواستنەوەی دەنیز ئونداڤ، هێرشبەری یانەی شتوتگارتی ئەڵمانیا بچنە سەرهێڵ.
ئەمەش لە کاتێکدا نرخی جۆلیان ئەلڤارێز لە بۆرسەی یاریزانان سەرووی 100 ملیۆن یۆرۆیە، لە بەرامبەردا نرخی ئەستێرە کوردەکە لە پێگەی ناسراوی ترانسفێر مارکێت تەنیا بە 22 ملیۆن یۆرۆ جێگیر کراوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت بەهۆی ئەو ئاستەبەرزەی ئونداڤ لەگەڵ ئەڵمانیا پێشکەشی دەکات رەنگە نرخی ئەو یاریزانە لە بۆرسەی یاریزانان بگاتە 50 ملیۆن یۆرۆ.
رۆژنامەی موندو دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنیا رایگەیاندووە، هێرشبەرە باڵاکورتەکەی ئەڵمانیا زۆر گۆنجاوە لەگەڵ فەلسەفەی هانزی فلیک، باشترین بژاردەیە بۆ شوێنگرەوەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی پۆڵەندی.
لە لایەکی دیکەیشەوە، رۆژنامەی لکیپی فەرەنسا ئاشکرای کردووە یانەکانی لیۆن و مارسیلیای فەرەنسی ئارەزووی گواستنەوەی ئونداڤ دەکەن.