چواس خالید – هەولێر
بە مەبەستی کەمکردنەوەی جەنجاڵی و پاراستنی گیانی شۆفێران و بەرزکردنی ئاستی گوزارەنی هاووڵاتیان، حكوومهتی ههرێمی كوردستان بەردەوامە لە پێشکەشکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە هەولێری پایتەخت چەند پڕۆژەیەکی دیکەی خزمەتگوزاری ڕۆدەنرێت، کە بە بودجەی جیاواز و لەسەر داهاتی ناوخۆیی جێبەجێ دەکرێن.
سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر پڕۆژەیکی گرنگی خزمەتگواری لە گەرەکی فەرمنبەران دەستپێکردووە، پڕۆژەکە ڕۆنانی شەقامێکی ٣٠ مەتری، لەگەڵ چەندین شەقامی لاوەکی دیکەیە، کە بەهای دارایی ئەو پڕۆژەیە، بڕی پێنج سەد و هەشتا و پێنج ملیۆن دیناری عێراقییە و لەسەر ڕێژەی ١٥%ی داهاتی ناوخۆیی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر جێبەجێ دەکرێت، ئەوەش نیشانەی پشتبەستنی دامەزراوە حکوومییەکانە بە داهاتی ناوخۆیی بۆ خێراکردنی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە لە هەولێری پایتەخت.
هاوتەریب لەگەڵ ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییە، تیمەکانی شارەوانی بە بەردەوامی و ڕۆژانە لەسەر شەقامە سەرەکیی و لاوەکییەکانی شار کاردەکەن، بۆ پڕکردنەوەی چاڵەکانی دروستبووی شەقامەکان و قیرتاوکردنەوەی ئەو بەشانەی بەهەر هۆکارێک بێت تێکچوونە.
لەلایەکی دیکەوە پڕۆژەیەکی ستراتیژی گەرەتر لە شاری هەولێر بە گوژمەی شەست و چوار ملیار دیناری عێراقی لە قۆناغی جێبەجێکردن دایە، کە تایبەتە بە دروستکردنی دوو شەقامی شەست مەتریی سەرەکی و ڕۆنانی تۆڕێکی بەرفراوانی شەقامی ناوخۆیی، بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە، گۆڕانکاری بنەڕەتی لە نەخشەی هاتوچۆی شاری هەولێردا دروست دەبێت.
ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییە پێکدێت لە، دروستکردنی دوو شەقامی شەست مەتری بە درێژایی پێنج کیلۆمەتر لە نێوان شەقامەکانی سەد مەتری و سەدو پەنجا مەتری، لەگەڵ شەش کیلۆمەتری دیکە لە نێوان شەقامی موسڵ بۆ مەخموور، شەقامەناوخۆییەکانیشبەسەر پێنج زۆندا دابەشکراون، کە مەوداکەیان چل کیلۆمەترە.
هەر لە شاری هەولێر جگە لەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانە، ئێستا شەقامێکی دیکەی شەست مەتری لە نزیک ڕێگەی بەهرکە ڕۆدەنرێت، کە شەقامی ١٢٠ مەتری و ١٥٠ مەتری بەیەکەوە دەبەستێتەوە و گوژمەی پڕۆژەکە لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی گەشتوگوزارە.
مەودای شەقامەکە زیادتر لە شەش کیلۆمەترە و بە تەواو بوونی ئەم پڕۆژەیە، دەیان گوند و کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لێی سودمەند دەبن.
هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا لە ناوەندی شاردا چڕنەبووەتەوە و ڕێگەوبانەکانی دەرەوەی شاریشی فەرامۆش نەکردووە، لەو چوارچێوەیەدا بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی هەولێر، کاری نۆژەنکردنەوەی تەواوەتی بۆ ڕێگەی سەرەکی قەندیل – قوڕەبەگ – مەکردان کردووە، کە ئێستا کارکردن لە قۆناغی کۆتایدایە.
بۆ دەستەبەرکردنی کوالێتییەکانی بەرز و مانەوەی دڕێژخایەن، تیمە تەکنیکییەکان لە چەندین بەشی جیاوازی ئەم ڕێگەیەدا، سەرقاڵی فەڕشکردنی قیرن بە چینی ستابلایزەر، ئەم تەکنیکە ئەندازیارییە دەبێتە هۆی بەرگەگرتنی زیادتری ڕێگەکە بەرانبەر بە بارهەڵگرە گەورەکان و هۆکارە کەشوهەواییەکان.
ئەم پێشهاتە بەردەوامانە لە کەرتی ڕێگەوبانی هەولێر، ڕەنگدانەوەی پلانێکی گشتگیرن بۆ پتەوکردنی ژێرخانی کەرتی گواستنەوە و وەبەرهێنانی ملیۆنان دۆلار لەو پڕۆژانەدا، جیا لە پاراستنی گیانی شۆفێران، هۆکارێکن لە بوژاندنەوەی کەرتەکانی ئابووری و بازرگانی شارەکە.

