ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 2026.6.29، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار و ئەندامانی دیكەی لێژنەکە، کۆبوونەوەی ” لێژنەی گەشەپێدان و پشتگیری پڕۆژە پیشەسازییەکان ” لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کار لە سنوری پارێزگای هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایە سەر هەوڵە بەردەوامەکانی ئیدارەی پارێزگای هەولێر بۆ جێبەجێکردنی پلانە ستراتیژییەکانی حکومەتی هەرێمی كوردستان و بەرنامەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە پێناو بووژاندنەوەی بازاڕی ناوخۆیی و جەخت لە پاڵپشتیکردنی کارگەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمی ناوخۆیی و دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی ئارام و لەبار بۆ وەبەرهێنەران و ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکی بۆ هەولێری پایتەخت کرایەوە.
پاشان پێداچوونەوە بە بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی پێشوو کرا و گفتوگۆ دەربارەی دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ ئەو گرفت و ئاستەنگانەی دێنە بەردەم پڕۆژە پیشەسازییە ( گەورە، مامناوەند، قورسەکان ) كرا، بە جۆرێک کە لەگەڵ یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکاندا بگونجێن، لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر جەختی لە هەماهەنگیی زیاتری نێوان سەرجەم فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردەوە.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، دوای هەڵسەنگاندنی وردی کار و بەرهەم و ئامانجی ئەو پڕۆژانەی داوای زەوییان کردبوو، بڕیاری پێویست درا و ( 9 ) پڕۆژەی پێشکەشکراوی وەبەرهێنان ڕەزامەندیان لەسەر درا و زەویان بۆ تەرخانكرا و زیاتر لە ( 35 ) كارگەش كە كێشەی زەوی و گرێبەست و ڕایكردنی كاروبارە كارگێڕیی و یاساییان هەبوو كرا.

