رۆژنامەی ھەولێر

ئاسایشی ڕواندز تۆمەتبارێکی بە تۆمەتی هاککردنی ئەکاونت و تەشهیرکردن دەستگیر کرد

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سۆران و بەشی ئاسایشی ڕواندز، ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی بڵاوکردەوە و تێیدا دەستگیرکردنی کەسێکی ڕاگەیاند کە بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەرقاڵی هەراسانکردنی هاووڵاتییان و تەشهیرکردن بووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە کە لە ڕێکەوتی 29ی حوزەیرانی 2026 بڵاوکراوەتەوە، تۆمەتبارەکە بە ناوی (ع.ح.خ) لە ڕێکەوتی 22ی حوزەیرانی 2026، لەسەر بنەمای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد و سکاڵای یاسایی ژمارەیەک لە هاووڵاتییان، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ڕواندز دەستگیر کراوە. ئەم کەسە چەندین ئەکاونتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک، ئینستاگرام و تیک تۆک بەکارهێناوە بۆ بڵاوکردنەوەی وێنە، ڤیدیۆ و نووسینی نەشیاو دژی دانیشتووانی ناوچەکە.

ئاسایشی ڕواندز ئاماژەی بەوە کردووە کە دوای لێکۆڵینەوەی ورد، تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکانیدا ناوە و دەرکەوتووە کە بە شێوەیەکی نایاسایی دەستی بەسەر ئەکاونتی تایبەتیی هاووڵاتییاندا گرتووە و بە ئارەزووی خۆی بۆ مەرامی جیاواز بەکاری هێناون. لە ئێستادا سەرجەم ڕێکارە یاساییەکان بەرامبەر تۆمەتبارەکە گیراونەتە بەر.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، ئاسایشی سۆران هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان و داوایان لێ دەکات وریای پاراستنی تێپەڕەوشە (پاسۆرد) و ئەکاونتەکانیان بن. هەروەها جەختیان کردووەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک کلیک لەسەر ئەو بەستەر و لینکە نەناسراوانە نەکەن کە بۆیان دەنێردرێت، تاوەکو بەتەواوی لە سەلامەتییەکەی دڵنیا نەبن، بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لە هەر هەوڵێکی هاککردن و دزینی زانیارییە کەسییەکانیان.