ئەمڕۆ دووشەممە 2026.6.29، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگادا پێشوازی لە پاسکاڵ ڕاینتجینس، سەرۆکی نێردەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ ( IOM ) لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا، کە سروه ڕەسول، بەڕێوەبەری گشتیی JCC و ناز جەلال، بەڕێوەبەری قەیرانەکانی پارێزگا ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەکانی ئاوێتەبوونەوە لەسەر ئاستی کۆمەڵگە، بەهێزکردنی دەستڕاگەیشتنی گەڕاوەکان و ئەندامانی کۆمەڵگەی خانەخوێ بە دەرفەتە ئابوورییە کۆمەڵایەتییەکان و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان كرا.
لای خۆیەوە، پارێزگاری هەولێر وێڕای دەستخۆشی بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە، بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی پارێزگای بۆ ئەو جۆرە پڕۆژە مرۆیی و کۆمەڵایەتییانە دووپاتکردەوە کە ڕاستەوخۆ خزمەت بە گەڕاوەکان و ئەندامانی کۆمەڵگا دەکەن، و جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوان پاڵپشتی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارە و پەنابەران دەکەن و بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ گەڕانەوەی زۆرەملێدا نین.
لە کۆتاییدا، پارێزگاری هەولێر هاوبەشی و هەماهەنگی نێوان دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بەرز نرخاند، وەک فاکتەرێکی بەهێز بۆ دابینکردنی دەرفەتی ئابووری و گەیاندنی خزمەتگوزارییە تەندروستی و کۆمەڵایەتییەکان بۆ گەڕاوەکان وەسف کرد.

