لە هەنگاوێکدا، کە ناڕەزایەتی و پرسیاری لەسەر ئازادیی کاری میدیایی دروستکردووە، ئەمڕۆ ڕێکخەرانی فێستیڤاڵی “سولی فێست” لە شاری سلێمانی، ڕێگرییان لە تیمی دەزگای میدیایی “هەولێر” کرد لە ڕووماڵکردن و گواستنەوەی ڕاستەوخۆی چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکە.
ئەم ڕێگرییە لەکاتێکدایە، تیمی دەزگای ناوبراو هاوشێوەی دەزگا ڕاگەیاندنەکانی دیکە، بە مەبەستی گواستنەوەی چالاکییەکان لە شوێنی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە ئامادە بوون، بەڵام لەلایەن سەرپەرشتانی فێستیڤاڵەکەوە ڕێگەی کارکردنیان پێ نەدرا.
ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسان و چاودێرانی بواری ڕاگەیاندن، ئەم هەڵوێستە بەپێشێلکردنی پرەنسیپ و ئیتیکی پیشەیی ڕۆژنامەنووسی پێناسە دەکەن؛ جەختیش دەکەنەوە کە پێویستە دەرفەتی یەکسان بۆ سەرجەم دەزگا میدیاییەکان بەبێ جیاوازی بڕەخسێندرێت، بە ئامانجی ڕووماڵکردنی چالاکییە گشتییەکان و دابینکردنی مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری بۆ هاووڵاتیان.

