رۆژنامەی ھەولێر

ئەمساڵ ٧٤٤ کەس بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر دەستگیر کراون

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

بەپێی نوێترین ئامار کە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان، لەبارەی دەستگیرکراوانی ماددەی هۆشبەر بڵاوی کردووەتەوە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵی زایینی حەوتسەد و چل و چوار کەس لە هەر دوو پارێزگای هەولێر و دهۆک بە تۆمەتی بەکارهێنان یان بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیر کراون. لە سی مانگی ڕابردووشدا لەو دوو پاریزگایە دەست بە سەر هەزار و شەشسەد و پەنجا کیلۆگران مادەی هۆشبەردا گیراوە.

لە ماوەی لانی کەم دوو دەیەی ڕابردوودا، بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر و بازرگانیکردن پێی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە حاڵەتەوە گۆڕدراوە بۆ دیاردە و ڕۆژ نییە لە شارێک یان شارۆچکەیەکی هەرێمی کوردستان و عێراق قاچاخچییەکی ماددەی هۆشبەر نەگیرێت و ڕووبەڕووی یاسا و دادگا نەکرێتەوە و دەست بەسەر برێک ماددەی هۆشبەردا نەگیرێت کە لەدەرەوە هاوردە دەکرێت. ژمارەی ئەو کەسانەی لە ناوەندە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بەو هۆیەوە حوکم دراون زۆر بەخێرایی زیادی کردووە و لە گرتووخانەکان پشکی شێریان پێ دەبرێت.
بەداخەوە هەر بەو هۆیەوە گرتووخانەکان و ناوندەکانی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان قەرەباڵغ بوون. بە پێی ئامارەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ساڵانە ژمارەی دەستگیرکراوان زیادی کردووە. لە ساڵی ٢٠٢٤ لە هەر دوو پارێزگای هەولێر و دهۆک هەزار و پێنجسەد و شەست و هەشت کەس دەستگیر کران کە لەو ژمارەیە هەشتسەد و سی و یەک کەسیان بازرگان بوون و حەوتسەد و بیست و حەوتیان بەکاربەر بوون.
ساڵی ٢٠٢٥ ئامارەکە زیادی کردووە و گەیشتووەتە هەزار و حەوتسەد و هەشت کەس کە لەو ژمارەیە شەشسەد و حەفتا و چواریان بازرگان بوون و هەزار و سی و چوار کەسیان بەکاربەر بوون.
هەر بە پێی ئامارەکە لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵی زایینی هێزەکانی ئاسایش حەوتسەد و چل و چوار کەسیان دەستگیر کردووە و لەو ژمارەیەش چوارسەد و هەشتا و دوو کەسیان بازرگانن.
ئەوەی لە کۆی ئەو ئامارەدا جێی تێڕامانە ئەوەیە نزیکەی نیوەی دەستگیرکراوانی ماددەی هۆشبەر لە تەمەنی هەژدە تا سی ساڵدان و ئەمەش دەیسەلمێنێت گەنجان زیاتر لە توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا هەڕەشەیان لێدەکرێت.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە تا ئێستا سەرووی هەزار و شەشسەد و پەنجا کیلۆگرام لە هەر دوو پارێزگای هەولێر و دهۆک دەستیان بەسەردا گیراوە و ئەگەر ئاماری پارێزگاکانی دیکەی بخرێتە سەر ئەوا زۆر زیاترە بەڵام لێرەدا تەنیا ئەو دوو ئامارە خراونەتە ڕوو.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردە مەترسیدارە هەموو ڕێوشوێنێکی توندی لە بازگەکان بە تایبەتی دەروازە سنوورییەکان گرتووتە بەر و ئامێری پشکنینی بۆ ماددەی هۆشبەر لە سەرجەم دەروازە بازرگانییەکان و و فڕۆکەخانەکان دابین کردووە.
پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە بکرێت کە هەرێمی کوردستان و عێراق سنوورێکی بەرفراوانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە و ئەو وڵاتە بە یەکێک لە ڕێڕەوە سەرەکییەکانی بەقاچابردنی ماددەی هۆشبەر بۆ وڵاتانی تری جیهان دادەنرێت چونکە دراوسێی ئەفغانستانە کە سەرچاوەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی ماددەکەیە. بەدەر لە درێژیی سنوورەکان، ئەو دیاردە مەترسیدارە کاتێک زیاتر پەرەی سەند کە پارێزگاکانی عێراق زیاتر لە دە ساڵە بوونەتە مەیدانی چالاکیی میلیشیاکان و گرووپە نایاساییەکان کە بەو جۆرە بازرگانیکردنە پێگەی دارایی خۆیان بەهێز دەکەن.

هەرێمی کوردستان جگە لەوەی کە بە جیددی ڕووبەڕووی قاچاخچییانی ماددەی هۆشبەر بووەتەوە، لە هەمان کاتدا لە ڕووی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و دەروونیش لە هەوڵی بنبڕکردنی و پەرەپێدانی هۆشیاریدایە. کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ بەردی بناغەی سەنتەرێکی شارستانیی تایبەت بە هۆشیاری و شیاندنەوەی ئاڵوودەبووانی ماددە هۆشبەر لە لایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داندرا کە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراویی LDS ئەمەریکییەوەوە بنیات دەنرێت.
دەستگیرکرانی ئەو ژمارە زۆرە بازرگان و بەکاربەرەی ماددەی هۆشبەر بەو واتایە دێت ئەو دیاردەیە هێشتا لە کوردستان بەردەوامە و بنبڕکردنی ماددەی هۆشبەر پێویستیی بە ماندووبوون و هاوکاریی زیاتری هێزەکانی ئاسایش و هاووڵاتییان هەیە بۆ ئەوەی کۆمەڵگە لەو نەخۆشییە مەترسیدارە ڕزگار بکەن.