عەبدولغەفار عەبدوڵا
لە یادی 75 ساڵەی لەدایکبوونی کارتۆنیستی هیندی “مایا کاماس”، پێشانگەیەکی نێودەوڵەتی کاریكاتێر لە هیندستان بەڕێوەدەچێت و هەندرێن خۆشناو وەک یەکێک لە 150 کاریکاتێریستی کورد بەشداری لەو پێشانگەیە کردووە. پێشانگەی نێودەوڵەتی “مایا کاماس”، لە نێوان 13 تا 27ی حوزەیرانی 2026، لە گەلەری کارتۆنی هیندستان لە شاری بەنگالور بەڕێوەدەچێت و کارە هەڵبژێردراوەکان وەک باشترین نموونەکانی ئەمساڵی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی پیشان دەدرێن.
هەندرێن خۆشناو، هونەرمەندی کاریکاتێریستی کورد گوتی: لە نێوان ئەو هەموو کار و ناوانەی لە جیهانەوە هاتبوون، هەڵبژاردنی کارەکەم بۆ نێو 150 کاری کۆتایی، بۆ من تەنیا سەرکەوتنێکی تاکەکەسی نەبوو؛ بەڵکوو هەستێک بوو بۆ ئەوەی دەنگی هونەری کوردستانیش لەم بوارەدا ئامادەیی خۆی دەربخات.
هەندرێن خۆشناو گوتیشی: لە چوارچێوەی بەرز راگرتنی یادی کارتۆنیستی بەناوبانگی هیندی “مایا کاماس” و بە بۆنەی 75 ساڵەی لەدایکبوونی، پەیمانگەی کارتۆنی هیندستان IIC بڕیاری دا پێشانگایەکی نێودەوڵەتی کاریكاتێر و کارتۆن سازبکات؛ بۆنەیەکە کە ئەمجارە هەوڵ دەدات تیشک بخاتە سەر ژیان و کێشەکانی ژنان، بە تایبەتی لە وڵاتە هەژارەکان.
هەندرێن خۆشناو باس گرنگی پێشانگەکە دەکات و بۆ هەولێر دەڵێت: ئەم پێشانگەیە بەشدارییەکی فراوانی نێودەوڵەتی بۆ خۆی راکێشا، چوونکە لێژنەی ئامادەکاری 1080 کاریكاتێری لە 544 هونەرمەند وەرگرتبوو؛ لەوانە 309 هونەرمەند لە وڵاتانی جیهان و 235یش لە ناوخۆی هیندستان تێیدا بەشدارن. هەروەها دوای پرۆسەی هەڵبژاردن، لێژنەی پێشبڕکێکە کە بە ناوی “خەڵاتی یادەوەری مایا کاماس ناسراوە، بە فەرمی ناوی 150 کاریکاتێریستی هەڵبژێردراوی راگەیاند بۆ بەشداریکردن لە پێشانگەکە و منیش وەک هونەرمەندی کاریكاتێری کورد، یەکێک بووم لەو هونەرمەندانەی کارەکەم پەسەند کرا و بۆ پێشانگەکە هەڵبژێردرا.
ئەو هونەرمەندە کوردە ده ليت لەم چالاکییە نێودەوڵەتییەدا، لە کوردستان و عێراق تەنیا من و هونەرمەند جەبار سابیر بەشداریمان کردووە، کە بەشداربوونمان وەک ئامادەبوونێکی تایبەت بۆ هونەری کاریکاتێری کوردی دەبینرێت.
هەندرێن خۆشناو، هونەرمەندی شێوەکار و کاریکاتێریست، خەڵکی شاری هەولێرە. ناوبراو هەر لە منداڵییەوە لە رێگەی چالاکییەکانی قوتابخانەوە دەستی بە کارە هونەرییەکانی کردووە و لە ساڵی 1986 یەکەم پێشانگەی تایبەتیی خۆی لە هەولێر کردووەتەوە. لە دوای ساڵی 2000یشەوە بەشداریی لە پتر لە 220 چالاكیی نێودەوڵەتی لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا کردووە و خاوەنی چەندین خەڵات و بڕوانامەی رێزلێنانی جۆراوجۆرە.

