مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
هەرچەندە هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق، لە مۆندیالی ٢٠٢٦ی ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا، ئاستی وەکوو پێویست نییە و لە دوو یاریدا ٧ گۆڵی لێ کراوە و هەردوو یارییەکەی دۆڕاندووە، بەڵام هەریەک لە ئاکام هاشم و مێرخاس دۆسکی، کوڕە کوردانی شارەکانی هەولێر و دهۆک بە ئاستێکی زۆر باش لەگەڵ ئەو هەڵبژاردەیەدا دەرکەوتوون.
هەردوو یاریزانی کورد، لە یاریی یەکەمی مۆندیال بەرانبەر هەڵبژاردەی نەرویژ بە سەرکردایەتیی ئیرلینگ هالاند، لە ئاستێکی باشدا بوون، هەرچەندە عێراق یارییەکەی بە ئەنجامی ٤-١ گۆڵ بردەوە، بەڵام هەردوو یاریزانە کوردەکە ئەرکی خۆیان جێبەجێ کرد و توانییان ڕووماڵی بەشێکی هێرشەکانی نەرویژ بکەن، تەنانەت ئاکام هاشم، مەترسیدارترین لێدانی ئاڕاستەی گۆڵەکەی نەرویژ کرد، کە بە دووەم خێراترین لێدانی مۆندیال تا ئێستە دەستنشان کراوە و زۆر نزیک بوو لەوەی گۆڵێکی مێژوویی تۆمار بکات.
لە یارییەکەی فەڕەنسا، ئاکام هاشم بە درێژایی یارییەکە تەنیا یەکجار یاریزانانی فەڕەنسا لێی تێپەڕین، ئاکام لە کۆی 71 پاس، 68 پاسی دروست بوو و چوارجاریش بە لێدانی سەر هێرشی مەترسیداری دوور خستەوە.
بە گشتی ئاماری ئاکام هاشم بەرانبەر فەڕەنسا بەم جۆرە بوو: ٨٦ جار تۆپ بەر قاچی کەوت، ٩٦%ی پاسەکانی دروست بوون، ١٢ بەشداریکردنی لە بەرگری لە گۆڵەکەیان هەبووە، ٩ جار تۆپی دوور خستووەتەوە و سێ جاریش تۆپی گەڕاندووەتەوە.
هەروەها یاریزان مێرخاس دۆسکی، بە ئاستێکی جێگیر و بەرز یاریی کرد و گوێی بە گەورەیی ئەستێرەکانی فەڕەنسا نەدا، کە ئمباپێ و ئۆلیزێ لە نزیکی ئەو یارییان دەکرد. لە کاتێکدا هەر لەو یارییەدا زەید تەحسین و ئەحمەد باسل، لە هەڵەیەکی هاوبەشدا، دیارییەکی بەنرخیان پێشکەش بە فەڕەنسا کرد و ئمباپێ گۆڵی دووەمی خۆی و تیپەی لێوە کرد. لە یاریی پێشتریش هەڵەیەکی نزیک لەو هەڵەیە کرا و ئیرلینگ هالاند قۆستییەوە و گۆڵی دووەم و پێشکەوتنی نەرویجی تۆمار کرد.
هەرچەندە عێراق دوو یاریی یەکەمی دۆڕاندووە، بەڵام لە باری بردنەوەی لە یاریی سێیەمی بەرانبەر سەنیگال، هەلی ئەوەی دەمێنێت وەکوو باشترین سێیەم بگاتە قۆناغی ٣٢ی مۆندیال. بە جۆرێک ئەگەر عێراق لە دوایین گەڕی قۆناغی یەکەمی مۆندیال، بتوانێت له سەنیگال بباتەوە، دەچێتە خانەی سێیەمی کۆمەڵەکەی و ڕەنگە وەکوو یەکێک لە باشترین سێیەمەکان بگاتە قۆناغی ٣٢ی مۆندیال.
ڕێبین سۆلاقا، یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق، کە لە هێڵی بەرگری یاری دەکات، ئاماژە بەوە دەکات هێشتا هەلی سەرکەوتنی عێراق بۆ قۆناغی دووەم، کە قۆناغی ٣٢ـە ماوە و سوپاسی هاندەرانی عێراقی لە فیلادێلفیا کرد و رایگەیاند کە چاوەڕوانی پاڵپشتییانن لە تۆرۆنتۆ بەرانبەر سەنیگال. وتیشی: داوا دەکەم بۆ یارییەکەمان بەرانبەر سەنیگال ئامادە بن، ئێمە پێویستمان بە ئێوەیە بە ویستی خوا پێکەوە دڵخۆش دەبین.

