ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
گەشتکردن لە ماوەی دووگیانیدا یەکێکە لەو مژارانەی کە هەمیشە پرسیار و دڵڕاوکێ لە لای خانمان دروست دەکات. پسپۆڕانی بواری ژنان و منداڵبوون ئاماژە بەوە دەکەن کە ئافرەتی دووگیان دەتوانێت لە زۆربەی قۆناغەکانی دووگیانیدا گەشت بکات، بەو مەرجەی تووشی هیچ جۆرە ئاڵۆزی و گرفتێکی تەندروستیی پەیوەست بە دووگیانی نەبووبێت.
تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی پشتڕاستکراوی زانستی نییە کە بیسەلمێنێت گەشتکردن بە فڕۆکە بە شێوەیەکی گشتی بۆ خانمانی دووگیان نەگونجاوە، بەڵام پێویستە بەر لە هەر گەشتێک سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت بۆ دڵنیابوون لە تەندروستیی دایکەکە و کۆرپەکەی.
د. سروە جەمال، دکتۆرا (بۆرد) لە نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون، چەند حاڵەتێکی سەرەکی دەستنیشان دەکات کە تێیدا پێویستە خانمان گەشت نەکەن یان گەشتەکانیان دوا بخەن:
• قۆناغەکانی کۆتایی دووگیانی: ئەو ئافرەتانەی تەمەنی دووگیانییان لە ٣٧ هەفتە بەرەو سەرەوەیە، باشترە بە فڕۆکە گەشت نەکەن.
• دووگیانی بە دووانە: ئەگەر خانمەکە دووگیان بێت بە دووانە (توینز) و تەمەنی کۆرپەکان لە ٣٢ هەفتە تێپەڕیبێت، گەشتکردنیان بە فڕۆکە لێ قەدەغە دەکرێت.
• ماوەی گەشتەکە: ئەگەر ماوەی فڕین یان گەشتەکە لە ٤ کاتژمێر زیاتر بوو، بەهۆی مەترسییەکانی زۆر دانیشتن، باشترە گەشتەکە ئەنجام نەدرێت.
• کێشە تەندروستییەکان: ئەو خانمانەی کە کێشەی سییەکان و نەخۆشییەکانی دڵیان هەیە، یان ماوەیەکی کورت بەر لە سەفەرەکەیان تووشی خوێنەچۆڕە بوون، پێویستە بە ڕەهایی لە گەشتکردن دوور بکەونەوە.
د. سروە جەمال هۆشداری دەدات کە یەکێک لە گرفتە هەرە باو و مەترسیدارەکان لە کاتی گەشتکردنی درێژخایەندا بریتییە لە “دەوالی” یان خەستبوونەوە و مەیینی خوێن لە خوێنهێنەرە وردەکاندا. ئەم دۆخە کە بەهۆی دانیشتنی بەردەوام و بێجووڵەیی بۆ ماوەیەکى زۆر دروست دەبێت، دەکرێت ژیانی دایکەکە بخاتە مەترسییەوە.
بۆ ڕێگەگرتن لە دروستبوونی کێشەی دەوالی و گەرەنتیکردنی گەشتێکی تەندروست، د. سروە جەمال ئەم ڕێکارانەی خوارەوە بە پێویست دەزانێت:
1. جووڵە و پیاسەکردن: ئەگەر ماوەی سەفەرەکە دوورودرێژ بوو، پێویستە خانمەکە ناو بە ناو لە شوێنی خۆی هەڵسێت و پیاسەیەکی کورت بکات.
2. وەرزشی سەر کورسی: لە کاتی دانیشتن لەسەر کورسی فڕۆکە یان ئۆتۆمبێل، پێویستە هەر ٣٠ خولەک جارێک وەرزشی سووکی تایبەت بە قاچەکان ئەنجام بدرێت.
3. خواردنەوەی شلەمەنی: ناو بە ناو خواردنەوەی ئاو بە بڕی پێویست بۆ ڕێگەگرتن لە وشکبوونەوەی جەستە.
4. دوورکەوتنەوە لە کافاین: دوورکەوتنەوەی تەواو لە خواردنەوەی کحول و ئەو خواردنەوانەی ڕێژەی کافاینیان تێدایە (وەک: چا، قاوە و نیسکافە).
5. پۆشاکی گونجاو: پۆشینی گۆرەوی تایبەت بە دەوالی، لەبەرنەکردنی جلوبەرگی تەسک و، بەکارنەهێنانی پێڵاوی توند کە ڕێگری لە سووڕی خوێن دەکەن.
6. ئەگەر خانمێک پێشتر مێژووی تووشبوونی بە دەوالی هەبووبێت، یان ئەگەر ماوەی گەشتەکەی لە ٤ کاتژمێر زیاتر بێت، پێویستە پێش فڕین و بڕیاردان لەسەر گەشتەکە، سەردانی پزیشکی تایبەتی خۆی بکات بۆ وەرگرتنی ڕێنمایی کۆتایی.

