کارەکانی دروستکردنی ڕێگەی خێرای (هەولێر–کۆیە)، کە یەکێکە لە گەورەترین و ستراتیژیترین پڕۆژەکانی ڕێگەوبان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە و تا ئێستا ٣٥٪ـی کارەکانی بە سەرکەوتوویی تەواو کراون.
ئەم پڕۆژە ستراتیژییە کە گوژمەی گشتیی ٦٨٣ ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە، لەلایەن کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ دەکرێت و بە تەواوبوونی، کەرتی بازرگانی و گەشتیاری لە ناوچەکەدا پەرەسەندنێکی بێوێنە بەخۆیەوە دەبینێت و سەلامەتیی گیانی هاووڵاتیانیش لە کاتی هاتووچۆدا بە تەواوی مسۆگەر دەکات.
تا ئێستا ١٣ کیلۆمەتر لە ڕێگەکە بە تەواوی قیرکراوە و تیمەکانی ئەندازیاری و کرێکاران بە دوو شەفت و بە شێوەی شەو و ڕۆژ بەردەوامن لە کارکردن و بەپێی گرێبەستەکەش، وادەی کۆتاییهاتنی پڕۆژەکە مانگی تەممووزی ساڵی ٢٠٢٨ـە، بەڵام بەهۆی خێرایی کارەکانەوە، هەوڵ دەدرێت تەنها لە ماوەی ساڵێکدا تەواوی پڕۆژەکە بە کۆتا بگەیەنرێت.
درێژیی ڕێگاکە ٤٥ کیلۆمەترە و بە شێوازی دوو سایدی خێرا دروست دەکرێت و پێکهاتەی سایدەکانیش هەر سایدێک لە ٣ لەینی هاتووچۆ و ١ لەینی فریاگوزاری پێکدێت و ١١ بەرزەپرد و ژێرپرد، لەگەڵ چەندین ئاوبەر و دیواری ڕاگرتن لەخۆ دەگرێت و ماوەی هاتووچۆی نێوان هەولێر و کۆیەش بۆ تەنها ٢٥ خولەک کەم دەکاتەوە.
ئەم ڕێگەیە گرنگییەکی باڵای هەیە چونکە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی بە یەکەوە دەبەستێتەوە. بە تەواوبوونی، کەرتی بازرگانی و گەشتیاری لە ناوچەکەدا پەرەسەندنێکی بێوێنە بەخۆیەوە دەبینێت و سەلامەتیی گیانی هاووڵاتیان لە کاتی هاتووچۆدا بە تەواوی مسۆگەر دەکات.

