رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆکی حکومەت پارکی (باخچە هەڵواسراوەکانی بابل)ی لە هەولێر كردەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 6/23، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پارکی (باخچە هەڵواسراوەکانی بابل)ی لە قەزای عەنکاوە كردەوە.

لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا، سەرۆكی حكومەت لە نزیكەوە بەشەكانی پاركەكەی بەسەر كردەوە كە لە مانگی ئۆکتۆبەری 2024 بەردی بناخەی دانرا.

ئەم پاركە بە ڕووبەری 60 هەزار مەتر دووجا دروست كراوە، ڕێڕەوێكی بەرزەپرد بە درێژایی 415 مەتر و گردێكی دەستكرد بە بەرزیی 6 مەتر و تونێڵی پیادەڕەوی بە درێژایی 70 مەتر تێدایە، هەروەها نزیكەی 25 هەزار درەختی تێدا چێندراوە و ڕووبەری 30 هەزار مەتر دووجای پاركەكە چیمەنە. شوێنی تایبەت بە ڕاكردن و وەرزشی بە درێژایی 700 مەتر، لەگەڵ شوێنی تایبەتی ئاهەنگەكان و دوو نافوورەی ئاوی تێدایە كە ڕووبەری هەر دوو نافوورەكە زیاتر لە 500 مەترە. لەگەڵ چەندان خزمەتگوزاریی دیكە و لە سەرووی هەمووشیانەوە، بەرزترین ئاڵای كوردستان لەسەر ئاستی جیهاندا لەو پاركەدایە كە بەرزییەكەی 63 مەترە.

ئەم پارکە بە ناوی یەکێک لە حەوت سەرسوڕهێنەرەکەی جیهان کراوە کە باخچە هەڵواسراوەکانی بابلە کە بە بەپێی سەرچاوە و گێڕانەوە مێژووییەکان، پاشای کلدانی نەبوخود نەسری دووەم، ئەو باخچه هەڵواسراوانەی بۆ هاوسەرەکەی (ئامیتیس) دروستکراوە کە خەڵکی وڵاتی میدیا و مادەکانە، واتا باوک و باپیرانی کورد بووە.

ئەمەش دەقی گوتارەكەیە:

بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
بەڕێزان زۆر زۆر بەخێر بێن
ماندوو نەبن
ئێوارەتان باش
خۆشحاڵم كە دوای ساڵێك لە دانانی بەردی بناخە بۆ دروستكردنی ئەم پاركە، ئەمڕۆ لێرە بەیەكەوە كۆبووینەتەوە بۆ كردنەوەی ئەم پاركە كە پاركی باخچە هەڵواسراوەكانی بابلە.

هەر لە ناوەكەیەوە دیارە كە ئەم پاركە ئاماژەیەكە بۆ ڕەسەنایەتی و مێژووی بەیەكەوەژیان لە وڵاتەكەماندا. پاركێكە لە چەندان بەش پێكهاتووە و دەكەوێتە خزمەتی خەڵكی شارۆچكەی عەنكاوە و شاری هەولێر بەشێوەیەكی گشتی و هەموو ئەو بەڕێزانەی كە سەردانی ئەم ناوچەیە دەكەن. شوێنێك دەبێت بۆ ئەوەی كە لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە خێزانەكان، منداڵەكان بەیەكەوە لەم شوێنە كۆببنەوە و كاتی خۆش بەسەر ببەن.

هەروەها بەشی تایبەت لەم پاركەدا دروست كراوە بۆ وەرزشكردن كە لە ڕووی جەستەییەوە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی ئەو خەڵكانەی كە سەردانی ئێرە دەكەن، گەنجەكان كە دێنە ئێرە، ئەوانیش بەردەوام بن لە وەرزشكردنی خۆیان.

جگە لەوە، لە ڕووی جوانتركردنی شارەكە بەشێوەیەكی زۆر جوان و ڕازاوە دروست كراوە كە سیمایەكی تر، دیمەنێكی تری جوانتر بە قەزای عەنكاوە و شاری هەولێر دەبەخشێت. هەروەها هەر لە پشت منەوە دیارە كە بەرزترین ئاڵا لەسەر ئاستی عێراق لەم پاركەدا دروست كراوە كە ئەمەش جێگەی شانازییە.

زۆر خۆشحاڵم كە دەبینم ڕۆژ بە ڕۆژ وڵاتەكەمان پێش دەكەوێت، شوێنی خۆشتر و باشتر دروست دەكرێن كە هەمووتان شایانی ئەوەن زیاتر خزمەت بكرێن. ئەوەی لە دەست ئێمەش بێت بەیەكەوە لەگەڵ ئێوە، هەوڵ بدەین كۆمەڵگەیەكی تەندروستتر بۆ خۆمان دروست بكەین، بۆ گەشتیاران دروست بكەین، بۆ میوانەكانمان دروست بكەین و بە شانازییەوە ئەمڕۆ یەكێك لەم دەستكەوتانە دەكەوێتە خزمەتی هەموو هاووڵاتییان.

من دەستخۆشی لە وەزیری شارەوانی، لە سەرۆكی شارەوانیی شاری هەولێر و سەرۆكی شارەوانیی شارۆچكەی عەنكاوە دەكەم بۆ یارمەتیدان و پاڵپشتییان بۆ ئەم پرۆژەیە. هەروەها دەستخۆشی لە كۆمپانیای جێبەجێكار دەكەم كە بە شێوەیەكی زۆر جوان و ڕێكوپێك ئەم پاركەیان دروست كردووە.

جارێكی تر لە هەمووتان پیرۆز بێت. كاتێكی خۆش بەسەر بەرن، ئینشائەڵا وڵاتەكەمان ڕۆژ بە ڕۆژ ئاوەدانتر دەبێت. زۆر زۆر سوپاستان دەكەم.