رۆژنامەی ھەولێر

هێزی کتێب؛ یان لە ستایشی هەمیشەیی کتێبدا

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

من ڕزگاربوویەکی دەستی کتێبم. 25 ساڵ لەمەوبەر کتێب لە نائومێدی دەریهێنام و بەرەو هیوا و ئومێدی گەش ڕایکێشام. لە بوونەوەرێکی ناچالاکەوە کردمی بە بوونەوەرێک لانیکەم خۆم و ژیان و دەوروبەر و ژینگەکەم و زمان و کولتوورەکەمم خۆش بوێت و ڕێزی هەموو ئەوانی تر بگرم. بۆیە بۆ هەمیشەیی ستایشی کتێب دەکەم. هێزی کتێب بوو منی لە دۆزەخ ڕزگار کرد و فێری کردم بەهەشت بدۆزمەوە، یان دروستی بکەم. بۆیە هەمیشە ستایشی کتێب دەکەم و دڵنیام هەر خوێنەرێکیش بگات بە چێژ و مەعریفە و قووڵایی کتێبەکان ستایشی ئەو هێزە دەکات کە کتێب هەیەتی، بەڵام ئەوانەی کە پێی ناگەن، یان تاقەتی ئەو ڕێگەیەیان نییە، کە تەمەنیان لەگەڵ خوێندنەوەی وشە و پیتدا بەش بکەن، بۆیە دەکەونە دژایەتیکردنی، یان بێبەهاکردنی.

لە 10 ساڵی ڕابردوودا چوار کتێبم بە ئامانجی بە کولتوورکردنی خوێندنەوە لە کۆمەڵگەی کوردیدا و هاندانی نەوجەوان و گەنجانی کورد بۆ خوێندنەوە نووسیوە و ئێستاش دەستبەرداری ئەو پڕۆژەیە نەبووم. هەرچەندە کۆمەڵێک نووسەری بەڕێز بە هەڵە لە پڕۆژەکە تێگەیشتوون و وتار و کتێبۆکە دژی دەنووسن و سووکایەتی بە هەوڵەکە دەکەن، بەڵام دەزانم لە قووڵاییدا چیم کردووە و هەنگاوەکانی ئێستا و ئایندەشم چییە؟ کتێب لە کۆمەڵگەیەکی وەکو کۆمەڵگەی کوردی کە مێژوویەکی درێژی لەگەڵیدا نییە و لەلایەن دەوڵەتانی دراوسێوە دژی زمان و بیرکردنەوەی دەوەستنەوە دەشێ دەروازەیەکی گرنگی بەرگریی و مانەوە بێت. دەشێ خوێندنەوە ڕێگەیەکی ڕزگاریی و وشیاریی بێت، ئیدی بۆچی ستایشکردنی خوێنەران و دۆستانی کتێب و نووسەران نەنگی بێت؟!
ساڵانێکی زۆرە ئەو هێزەی هەمیشە بەرەو خۆییم کێش دەکات و جادووی لێ کردووم تەنها هێزی وشە و کتێبە. کتێبەکان بە هەر زمانێک نووسرابن، لە هەر جێگەیەک بن، لە هەر شارێک بن بۆ لای خۆیان بانگم دەکەن، وەک ئەوەی بیانەوێت بمدوێنن، ئەگەرچی زۆرجار زمانەکەشیان نەزانم، بەڵام هەر بۆم دواون. ئەوان عاشقەکانی خۆیان دەناسنەوە و دەزانن کێ شەیداییانە نیگایان دەکات و کە لەمسیان دەکات ئاسوودەیی دەتکێتە نێو جەستەی، کە بۆنیان پێوە دەکات ئارامی بۆ هەموو ژیانی دێت، کە تامی وشەکانیش دەکات ئیدی بەرەو سەرزەمینی نوێ و جیهانی تایبەتی خۆی هەنگاو دەنێت. کتێبەکان پڕن لە پەرجوو، ئەوان ئاسایی نین، بۆیە بەدوای مرۆڤە نائاساییەکانەوە.
نووسەرە داهێنەرەکان لەهەر جێگەیەکی دونیا بن، بە هەر زمانێک بنووسن و بدوێن، خۆشم دەوێت و بە دۆستی هەمیشەیی خۆمیان دەزانم. ئەوانن لەڕێی وشەکانیانەوە ڕۆژەکانم ڕۆشن دەکەنەوە و شەوەکانم گەش و ئاوەدان. ئەوانن توانای سەفەریان پێداوم لە جێگەی خۆمەوە بۆ دوورترین شوێن گەشت بکەم، ئەوان پاسپۆرتی، نەک گەشتەکانی ئێستان، بەڵکو پاسپۆرتی ئەوەشیان پێدام بەنێو قووڵایی مێژوودا گەشت بکەم و بە مێژووە دێرینەکان ئاشنا بم، لە هزر و ڕامانی بیرمەندانی دێرین بەهرەمەند بم، بۆیە جێگەی ستایشی هەمیشەیین.
ئەگەر بۆ نەتەوەکانی تر کتێب ڕێگەیەکی گەشتکردن بێت لە جێگەی خۆتەوە بۆ هەموو جیهان. ئەوا بۆ ئێمەی کورد کە لە زۆر پێدراوی گەشتکردن بێبەشین، کتێب نەک تەنها یەک ڕێگەیە، یان دوو باڵە، بەڵکو بۆ ئێمە سەد باڵە تا بتوانین گەشتی پێ بکەین. ئێستا بەهۆی کتێبەکانەوە دەتوانم بڵێم هەموو جیهان لەنێو ژوورەکەمدایە، یان من لەنێو هەموو جیهاندام لەم ژوورەی کە هەر چوارلای کتێبە. ئەوان هۆکارن بۆ ئەوەی من بەجیهان ئاشنابم و هەستی ئەوەم هەبێت بەشێکم لە جیهانێکی گەورە. وشە و کتێبەکان گەورەیان کردم، توانای ئەوەیان پێدام سنووری نەک ژوورەکەم و شارەکەم و وڵاتەکەم، بەڵکو سنووری هەموو جیهان و لەوێشەوە هەموو گەردوون تەی بکەم. گەورەتر لە یەک ئایین و ئایدۆلۆژیا و نەتەوە و ڕەنگ و ڕەگەز بیر بکەمەوە. سوپاس بۆ نووسەرەکان، سوپاس بۆ وشەکان، کە نەک باڵێک بۆ منی کورد بوونە هەزاران باڵ و توانای فڕینیان تێدا سەوز کردم، ئەوان هێزی بەردەوامی مانەوەم بوون، بۆیە هەمیشە جێگەی ستایشن.
کاتێک نیگایەکی خەمبارم هەیە بۆ ئەوە کەسانەی کە لە کتێب دابڕاون، یان هێشتا ئاشنای کتێب نەبوون. ئەوان خاوەنی ئەو هەزاران باڵە نین، کە من و خوێنەرەکانی تر هەمانە، ئەوان خاوەنی ئەو هەموو خەونانە نین، کە لەڕێی کتێب و وشەکانەوە ڕژاوەتە هزرمانەوە. ئەوان جیهان لە ژوورەکەیاندا نییە و گەشت ناکەن و بوونیان لەلایەن ئەوانی ترەوە داگیر کراوە. کتێب هێزی ئەوەی پێدام خاوەنی بوونێکی ڕەسەن (بەمانا هایدیگەرییەکەی) و هەڵبژێردراوی خۆم بم. بوونم نەخشەڕێژکراوی خۆم بێت، نەک ئەوانی تر پێشکەشم بکەن و منیش قەبووڵی بکەم، یان بەدڵی ئەوانی تر نەخشەڕێژی بکەم.
هێزێک کە کتێب پێیدام هێندەی هێزی عەشق جادووییە. مرۆڤ چۆن ئالودەی مەعشووقێک دەبێت، کە هەڵبژێردراو و پەسەندکراوی تەواوەتی خۆیەتی، ئاوهاش ئالوودەی کتێب دەبێت، هەندێکجار زیاتریش شەیداییانە سەرمەستی نێو جیهانی وشە و دێڕ و پیتەکان دەبێت. سەرمەستییەک کە زۆرجار لە دەرەوەی گوزارشتکردنە. من لەگەڵ ئەو هێزە جادووییەدا دەژیم، ئەگەرچی نائومێدییەکانمی زیاتر کردووە، بەڵام ژیاندۆستتری و چالاکتر و بە وزەتری کردووم.
هێزی کتێب؛ وزەی مانەوە و کارکردن و چالاکییەکانمە، بۆیە هەمیشە هەر وشەیەک بنووسم، یان لە زارم بێتە دەرەوە لە ستایشی هەمیشەیی کتێبدایە و کتێبە تاکە ڕووناکی ئەم شەوە زەنگەی تادێت تاریکتر و تەنگتر دەبێتەوە.