رۆژنامەی ھەولێر

ڕەهەندەکانی ئەدەبی جیهانی لە ئەزموونی شیعری (کـــــــــــــەریم دەشتی)دا

باهۆز مستەفا

 

چەمکی (ئەدەبی جیهانی – Weltliteratur) یان گەیشتنی بەرهەمێکی ئەدەبیی ناوخۆیی بە کەناری ئەدەبیاتی جیهانی، بابەتێکی فیکریی قووڵە، تەنیا لە پرۆسەی سادەی گواستنەوەی زمانەوانی و وەرگێڕانی وشە بە وشەی دەقەکە کورت نابێتەوە، بەڵکو ئەم چەمکە گوزارشتە لە خاوەندارێتیکردنی زمانێکی نوێ و فیکرێکی فرەڕەهەند، کە توانای بڕینی هەموو ئەو سنوورە نەتەوەیی، جوگرافی و زمانییانەی هەبێت، کە مرۆڤەکان لە یەکتر جیا دەکەنەوە. دەقی زیندووی داهێنەرانە ئەو دەقەیە، کاتێک لە ژینگەی یەکەمی خۆی و لە چوارچێوەی لۆکاڵی دێتە دەرەوە، هەروەها بتوانێت لەگەڵ ویژدان، ناخ و ئەقڵی مرۆڤاتی لە جیهان، بێ گوێدانە جیاوازییەکانی ڕەگەز و کولتوور، گفتوگۆیەکی زیندوو پێکبهێنێت. ئەدەبی ڕاستەقینەی جیهانی، وەک بیرمەندە مەزنەکان پێناسەی دەکەن، دەرچوونی دەقە لە کایە تەسکە ناوخۆییەکان بۆ ناو فەزایەکی هاوبەش، کە تێیدا مرۆڤایەتی خۆی تێدا دەبینێتەوە.
لەو سۆنگەیەوە، ئەم توێژینەوەیە کار لەسەر دۆزینەوە، پۆلێنکردن و لێکۆڵینەوەی قووڵی هێڵە فیکری، فەلسەفی و هۆنەرییەکانی ناو ئەزموونی نیو سەدەی شاعیری نوێخوازی کورد (کەریم دەشتی) دەکات. پرۆژەی شیعریی ئەم شاعیرە نموونەیەکی ناوازە و سەرنجڕاکێشی داهێنانی سەردەمە، کە لەسەر بنەمای تەکنیکی (نێودەق) بنیات نراوە. شاعیر لە ڕێگەی لێهاتوویی و کارامەیی خۆی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەفسانە مێژووییەکان، کاراکتەرە جیهانییەکان و ململانێ فەلسەفییە مرۆییەکان، توانیویەتی شیعری هاوچەرخی کوردی لە بازنە تەسکە خۆجێیەکەی خۆی بە تەواوی ڕزگار بکات. ئەو بەم کارە، شیعر و خەمی هاوچەرخی کوردی لە قاڵبێکی ناوچەیی گواستووەتەوە بۆ ناو کایە فراوانەکەی مرۆڤایەتی.
مێژووی سەرهەڵدانی چەمکەکە:
هەرچەندە ئاڵوگۆڕی ئەدەبی لە نێوان نەتەوە کۆنەکاندا (وەک ئەدەبیاتی کوردی، ئێرانی، یۆنانی و هیندی) مێژوویەکی دێرینی هەیە، بەڵام وەک چەمکێکی زانستی و ئەکادیمی، سەرهەڵدانی بۆ سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم دەگەڕێتەوە.
بیرمەندی مەزنی ئەڵمانی یۆهان ڤۆڵفگانگ فۆن گۆتە لە ساڵی ١٨٢٧دا بۆ یەکەمجار چەمکی ئەدەبی جیهانی (Weltliteratur)ی بەکارهێنا. گۆتە لە ڕێگەی خوێندنەوەی بەرهەمە وەرگێڕدراوەکانی ڕۆژهەڵات، بەتایبەت شیعرەکانی حافزی شیرازی، قورئان و ئەدەبیاتی نەتەوەکانی دیکە، گەیشتە ئەو بڕوایەی، کە ئەدەبیاتی نەتەوەیی خەریکە پێگەی خۆی لەدەست دەدات و سەردەمی ئەدەبی جیهانی هاتووە، بۆیە داوای کرد هەموو نەتەوەکان بەشداری لەم ئاڵوگۆڕە کولتوورییەدا بکەن.
دواتر لە ساڵی ١٨٤٨دا، کارڵ مارکس لە “بەیاننامەی کۆمۆنیست”دا ئەم چەمکەی بەکارهێنا بۆ وەسفکردنی سروشتی جیهانی و بەرهەمهێنانی ڕۆشنبیری لە سەردەمی هاوچەرخدا، کە تێیدا بەرهەمە فیکرییەکانی یەک نەتەوە دەبنە موڵکی گشتیی لە جیهان.
ئەم توەژینەوەیە دەیەوێت بزانێت، کە بە چ میکانیزمێک دەقێکی کوردی دەچێتە ناو خانەی جیهانیبوونەوە و چۆن بەهای جیهانی تێیدا بەرجەستە دەبن. ئەویش بەوەی بە داهێنانی ئەدەبیاتێک، کە خاوەنی پاشخانێکی فیکریی تۆکمە بێت، ئینجا دەبێتە پردێکی کولتووریی ڕەسەن لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا بە گشتی. لەم حاڵتەدا شیعر تەنیا نابێتە ئامرازێک بۆ گێڕانەوەی ڕووداوی سادە، یان دەربڕینی سۆزی کاتی و سروشت، بەڵکو دەبێتە ناوەندێکی فیکری، کە تێیدا پرسیارە بوونیادییەکانی مرۆڤ سەبارەت بە (عەشق، مەرگ، شەڕ، مرۆڤایەتی و زمان) بە شێوازێکی دراماتیكی بەرز دەخرێنەڕوو.

ڕێبازی کارکردنی توێژینەوە
بۆ بەدەستهێنانی دەرەنجامە زانستییەکان، ئەم توێژینەوەیە، پشت بە دوو ڕێبازی زانستیی هاوچەرخ بەستراوە:
ڕێبازی بەراوردکاری: بە مەبەستی دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکان و دەرخستنی شێوازی بەریەککەوتنی فیکری لە نێوان دەقی شاعیری کورد و شاکارە ئەدەبییەکانی دیکەی جیهان.
ڕێبازی شیکاریی دەق: بۆ هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی وێنە شیعرییەکان و دۆزینەوەی ئەو هێما و نیشانە نادیارانەی، کە واتا ڕاستەقینەکانی دەقەکە لە پشت ڕستە جیاوازەکاندا دەشارنەوە و مەبەستی قووڵی شاعیر ڕوون دەکەنەوە.
لایەنی تیۆری: نێودەقی و پەیوەندییە ئەدەبییە فرەوانەکان (دیپلۆماسییەتی ئەدەبی)
کەریم دەشتی لە پرۆژە شیعرییەکەیدا تەنیا ناوی کاراکتەرە جیهانییەکانی وەک هێمایەکی داتاشراو و ڕووکەش بەکارنەهێناوە، بەڵکو بە شێوازێکی پڕ لە درککردن چووەتە ناو ناوەڕۆک و فەزای شاکارە ئەدەبییەکانی جیهانەوە. شاعیر لێرەدا وەک دەرهێنەرێکی لێهاتوو کار دەکات، ئەو لە ڕێگەی چەندین تابلۆی جیاوازەوە، چەندین فەیلەسوف، ئەدیب و شاعیر لە یەک کات و لە یەک شوێنی دەقدا کۆدەکاتەوە، کە ئەمەش بنەمایەکی باڵای داهێنانی نوێخوازییە. شاعیر هێڵێکی کاتی و ئاسۆیی دەکێشێت و تێیدا هەموو سنوورەکانی مێژوو، جوگرافیا و ئەفسانە تێکدەشێنێت.
کاتێک شاعیر کاراکتەرەکانی وەک دانتی و زۆربا دەهێنێتە ناو فەزای دەقەکەی و دەیانلکێنێت بە سیمبوڵە گەورەکانی ئەدەبی کوردییەوە وەک (نالی و شێرکۆ بێکەس)، جۆرێک لە پەیوەندیی دیپلۆماسیی ئەدەبی بەرهەم دەهێنێت. ئەم شێوازی کارکردنە، شوناسی کوردی لە گۆشەگیری ڕزگار دەکات و دەخاتە هاوشانی شوناسە دیارەکانی تری مرۆڤایەتی. ئەم جۆرە ئاوێتەکردنە ڕێگە خۆش دەکات بۆ دروستبوونی دیالۆگێکی جیهانگەرایی، کە تێیدا لۆکاڵیەت دەبێتە دەروازەیەک بۆ تێگەیشتنی مرۆیی. زمانی شاعیر لێرەدا تەنیا گوزارشتێکی سادە نییە لە وشە، بەڵکو فەرهەنگێکی دەوڵەمەندە لە وێنەسازیی شیعری، کە تێیدا خوێنەری بیانی لە ڕێگەی کۆدە ئاشناکانی خۆیەوە، دەتوانێت خەمی میرنشینی بابان و قووڵایی کێشە زمانی و فیکرییەکانی کورد بناسێت.

لایەنی پراکتیکی: شیکردنەوەی چوار تابلۆ شیعرییەکە
پرۆژە شیعرییەکەی کەریم دەشتی لە چوار تابلۆی جیاواز پێکهاتووە، کە ململانێ کاتی و مێژووییەکان دەسڕێتەوە:
تابلۆی یەکەم: دانتی (عەشق وەک وزەی ڕزگاری)
شاعیر لە قەراغ ڕووباری ئاڕنۆ لەگەڵ دانتی (نووسەری شاکاری کۆمیدیای خودایی) دەدوێت. لێی دەپرسێت لەم زەمینە زەردەهەڵگەڕاوە و بیابانە وشکەدا چۆن ڕێدەکەی؟ دانتی وەڵام دەداتەوە کە عەشق و ڕووناکی بەیاتریس هێزێکی وای پێداوە، کە بەشی سەت ساڵ گەشتکردن لە ناو تاریکیدا دەکات. لێرەدا عەشق لای شاعیر تەنها سۆزێکی زەمینی نییە، بەڵکو وزەیەکی میتافیزیكی و هێزێکی پارێزەرە لە دژی وشکی و کاڵبوونی بەهاکانی واقیع.
١
له‌ قه‌راغ ڕووباری ئاورینی ئاڕنۆ، دانتی سه‌یری زه‌ویی ده‌كرد
هاوارم كرد كه‌ تۆ له‌ سه‌فه‌ری ئاسماندا، ڕووناكی به‌یاتریس نیگابه‌ندت بوو
فیرژیل ده‌ستی ده‌گرتی و به‌ره‌و نادییاره‌كانی ده‌بردی، پیم ناڵێی له‌م‌ زه‌وییه‌
زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاوه‌ی ئه‌لیژیریادا، چۆن رێده‌كه‌ی به‌ بیاباندا؟ گوتی
ئه‌وه‌نده‌ ڕووناكییه‌كانی به‌یاتریسم هه‌ڵمژتووه‌، به‌شی سه‌د ساڵم ده‌كات.
تابلۆی دووەم: شێرکۆ بێکەس (ئازادی و مەرگ)
لەم تابلۆیەدا، شێرکۆ بێکەس لە پشت دووکەڵی جگەرەکەیەوە لە ناو پارکی خەمگینی ئازادیدا وێنا دەکرێت، کە خەریکی نووسینی شیعرە. شاعیر پێی دەڵێت تۆ، کە خاوەنی مێژووی قەڵا بەرزەکان و منارە و مەشخەڵانیت، بۆچی تینوێتیت نەشکا؟ شێرکۆش داوا دەکات بیبەنەوە بۆ ناو تەمومانی سەر گڵکۆی گردی سەیوان. لێرەدا گۆڕستان تەنیا شوێنی مەرگ نییە، بەڵکو دەبێتە کوانووی نوور و ئازادی، کە کێلە گەش و سوورەکانی، مێژووی شاعیر لە فەوتان دەپارێزن.
٢
شێركۆ له‌ پشت دووكه‌ڵی جگه‌ره‌ی مارلبۆرۆی خۆیه‌وه‌
له‌ ناو پاركی خه‌مگینی ئازادی، كز و داماو شیعری ده‌نووسی
هاوارم كرد كه‌ گردی سه‌یوان سیمبۆلی گه‌وره‌كانی شاره‌و‌
شاڕێگه‌ی كاروان و قه‌تاره‌، مێژووی قه‌ڵا به‌رزه‌كانی شاره‌،
هه‌رچی مناره‌و مه‌شخه‌ڵه‌ ته‌نها و ته‌نها له‌وێ دیاره‌، ئه‌ی بۆ
تێنوێتیت به‌ گڕی عاشقان نه‌شكاو جێتهێشتن و نه‌ماویته‌وه‌ له‌م شاره‌؟
هاواری كرد، بمبه‌نه‌وه‌ بۆ ناو ته‌متوومانی سه‌ر گلكۆ و ئه‌وان گۆڕه‌كان
كه‌ كوانووی نوورو ئازادی، ده‌شنێته‌وه‌ له‌ كێله‌ گه‌ش و سووره‌كان
تابلۆی سێیەم: زۆربا (مایەی مەستی و هاوسەنگی)
شاعیر دەچێتە ناو کانگای خەڵوزی کریت لە یۆنان، کە تێیدا زۆربا لە ناو سەمایەکی ئەفسانەییدا مەست بووە. لێرەدا تەکنیکی وێنەی هاودژ لە دەستەواژەی «کانگای خەڵوزی سپی»دا بەکار هاتووە. زۆربا دەڵێت ئەوینێکی سپی لە ناخیدا هەڵدەڕژێت، کە هەموو دنیای لە بەرچاودا گۆڕیوە. ئەمەش نیشانەی ململانێی هەمیشەیی مرۆڤە لە نێوان تاریکیی واقیع و هیوا و عەشقدا.
٣
له‌كانگه‌ی خه‌ڵووزی سپیی كریت دا، زۆربا له‌ سه‌مایێكی ئه‌فسانه‌ییدا
مه‌ییی بوو، بانگم كرد زۆربا،كه‌ تۆ ڕه‌ش ره‌ش ده‌چیته‌وه‌
ئه‌و سه‌مایه‌ دادت نادا بێ قومێ مه‌ی
گوتی ئاوێ ئه‌وینێكی ئه‌وه‌نده‌ سپیی به‌ ناو گیانما هه‌ڵده‌ڕژێ
هه‌موو دونیای به‌رچاومی له‌ سینه‌ی سپیی گرتووه‌.

تابلۆی چوارەم: نالی (شوناس، جەنگ و زمان)
شاعیر نالی لە بناری کێوەکانی خاک و خۆڵدا دەبینێت، کە سەبەتەیەکی پڕ لە ڕەوانبێژیی شیعری کۆکردووەتەوە. کاتێک لێی دەپرسێت ئەم هەموو زیوەرە لە کوێوە هاتووە؟ نالی بە حەسرەتەوە دەڵێت، ئەمە پاشماوەی ئەو ڕەوانبێژییەیە، کە دوێنێ لە تاو شەڕی ناوخۆیی بابانەکان لێی هەڵڕژابوو. ئەم تابلۆیە ڕەخنەیەکی سیاسی و کولتووریی قووڵە لە دوای جەنگ و تێکچوونی بەهاکان، کە تێیدا پاراستنی زمان دەبێتە تاقە ڕێگە بۆ پاراستنی شوناسی نەتەوەیی.
٤
له‌ بنار كێوه‌كانی خاك و خۆڵ دا. نالیم بینی
سه‌به‌تێكی پڕ به‌ڵاغه‌تی شیعریی كۆكردبۆوه‌
پێمگوت قوربان ئه‌و هه‌موو زیوه‌ره‌ی شیعره‌‌ت له‌ كوێ داگرتووه؟‌‌
گوتی ئه‌وه‌ ته‌نها ئه‌و به‌لاغه‌تانه‌ن، كه‌ دوینێ له‌تاو شه‌ڕی
بابانه‌كان لێم هه‌ڵڕژابوون، كۆمكردوونه‌ته‌وه‌.

ئەنجام:
-تێپەڕاندنی لۆکاڵیەت و گەیشتن بە مرۆڤایەتی: ئەزموونی شیعریی کەریم دەشتی بە سەرکەتوویی لە چوارچێوەی لۆکاڵی، ناوچەیی و وەسفە کاتی و نەریتییە باوەکان دەرچووە. زمان و وێنەی شیعریی ئەم شاعیرە گەیشتووەتە ئاستێکی جیهانی، بە شێوەیەک، کە تێمە و بابەتەکانی (عەشق، ئازادی، شەڕ، مەرگ و زمان)، خەم و پرسیاری بوونیادیی هەموو مرۆڤایەتین لە هەر شوێنێکی ئەم زەمینە بن، بێ گوێدانە سنوورە دەستکردەکان.
– بەهۆی لێهاتوویی شاعیر لە بەکارهێنانی کاراکتەر و کۆدە گەورە و ناسراوە جیهانییەکانی وەک دانتی، فێرجێل و زۆربا، دەقەکە بووەتە خاوەن زمانێکی نیشانەیی (سیمیۆتیکی) هاوبەش. ئەمەش وایکردووە، ئەم بەرهەمە وەربگێڕدرێتە سەر زمانە زیندووەکانی جیهان (ئینگلیزی، ئەڵمانی، سویدی، فارسی و عەرەبی)، خوێنەری غەیرە کورد و بیانی بە ئاسانی لە ڕێگەی ئەو هێمایانەوە، لە ناخ، مێژوو، خەم و پێگەی شاعیرانی گەورەی کوردی وەک نالی و شێرکۆ بێکەس تێبگات و لە کاتی خوێندنەوەیدا تووشی چەمکی نامۆیی کولتووری نەبێت.
-ئاوێتەبوونی فەلسەفەی بوونگەرایی لەگەڵ سۆفیگەریی ڕۆژهەڵاتدا، داهێنان لای کەریم دەشتی لەسەر بنەمای تێڕامانی قووڵ، گەڕان بە دوای دۆزینەوەی جیهانی ناوەوەی مرۆڤدا کار دەکات. ئەم ڕێچکەیەش بووەتە خاڵی بەریەککەوتن و ئاوێتەبوونی فەلسەفەی بوونگەرایی گەردوونی ڕۆژئاوا لەگەڵ فەلسەفەی سۆفیگەریی قووڵ و ڕەسەنی ڕۆژهەڵاتدا. لەم فەزایەدا، عەشق و ڕووناکی وەک تاقە کەرەستەی ڕزگارکردنی مرۆڤ لە دۆزەخی غەریبی و مەرگی ناوەوە نیشان دەدرێن.

-هاوسەنگیی نێوان شوناس و زمان، توێژینەوەکە دەریخست، کە شاعیر مێژووی ئەدەبی لۆکاڵی خۆی پشتگوێ نەخستووە، بەڵکو لە ڕێگەی هاوتاکردنی کاراکتەرەکانەوە، سەلماندوویەتی، کە زمانی کوردی خاوەنی فەرهەنگ و وشەدانێکی هێندە دەوڵەمەندە، کە دەتوانێت قورسترین و نوێترین تابلۆی شیعری و فیکریی پێ بکێشرێت. پاراستنی زمان لای شاعیر، هاوتایە لەگەڵ پاراستنی شوناسی نەتەوەیی لە بەردەم جەنگ و وێرانکارییە مێژووییەکاندا، کە ئەمەش بابەتێکی سەرەکیی ئەدەبی جیهانییە.

ژێدەر و سەرچاوەکان:

https://web.facebook.com/karim.dashti.2025
Goethe، Johann Wolfgang von. (1827). Conversations with Eckermann.
Damrosch، David. (2003). What Is World Literature? Princeton University Press.