شێوان ڕۆستەم
من سەبری ئەحمەد کەریمم، خەڵکی ناوچەی گەرمیانم و لە گوندی «عەزیز قەڵا» لەدایک بووم. دوای هاوسەرگیری، ژیانم لە گوندی «کانی عوبێد» بەردەوام بوو. خاوەنی دوو منداڵ بووم؛ کوڕەکەم لە ساڵی ١٩٨٥ و کچەکەم لە ساڵی ١٩٨٧ لەدایک بوون. لەو سەردەمەدا ژیانی خەڵکی گوند لەسەر کشتوکاڵ، مەڕداری و فەلاحەت دەسووڕایەوە. باوکم زۆر حەزی دەکرد بمخاتە بەر خوێندن، بەڵام بەهۆی دابونەریتی کۆمەڵگە لەو سەردەمەدا، کچان مافی خوێندنیان نەبوو و نەمتوانی بچمە قوتابخانە. دوای ساڵانێک چەند کچێکی تر ناویان بۆ قوتابخانە نووسی، بەڵام من لەوان گەورەتر بووم و بەهۆی شەرمەوە لە خوێندن بێبەش مامەوە.
جەنگ، سەختییەکانی ژیان و شاڵاوی ئەنفال
لە سەردەمی جەنگی عێراق و ئێراندا، ژیان لە ناوچەکەمان زۆر قورس بوو. گوندەکەمان هەمیشە لەژێر مەترسیی تۆپباران و بۆردومانی فڕۆکەدا بوو. ڕژێمی بەعس فشاری زۆری دەخستە سەر خەڵکی گەرمیان و ژیانمان پڕ بوو لە ترس و دڵەڕاوکێ.
گوندەکەمان نزیکەی ٤٠ ماڵ بوو، هەندێک ماڵی عەرەبیش لەوێ نیشتەجێ بوون کە لە ترسی حکومەتی بەعس هەڵهاتبوون. لە ساڵی ١٩٨٧دا فڕۆکەکانی ڕژێم گوندەکەمانیان بۆردومان کرد؛ لە ئەنجامی ئەو بۆردومانەدا ١١ کەس شەهید بوون و ٣٤ کەسیش بریندار بوون. ئەگەر بۆمبەکان بکەوتایەتە ناو جەرگەی گوندەکە، کارەساتەکە زۆر گەورەتر دەبوو و هیچ کەسێک ڕزگاری نەدەبوو.
کاتێک شاڵاوی ئەنفالی ساڵی ١٩٨٨ دەستی پێکرد، ترسێکی گەورە باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشا. لەو ٤٠ ماڵەی گوندەکەمان، ١٨١ کەس ئەنفال کران و بێسەروشوێن بوون. حکومەتی بەعس ناوچەکانی گەرمیانی بە “ناوچەی قەدەغەکراو” ناساندبوو؛ خەڵکێکی زۆر لە کەلار، کفری و ناوچەکانی دەوروبەر ئاوارە بوون. هەواڵی کیمیابارانی هەڵەبجە ترسێکی زۆری خستبووە دڵی خەڵکەوە، چونکە هەمووان چاوەڕوانی ڕوودانی کارەساتێکی هاوشێوە بوون. هاوسەرەکەم پێشمەرگە بوو، لە کاتی هێرشەکانی ئەنفالدا ناچار بووین گوندەکەمان جێبهێڵین و بەرەو ناوچە پارێزراوەکان هەڵبێین. لەو ئاوارەییەدا هاوسەرەکەم و چەند خزمێکی ترم دەستگیر کران و بێسەروشوێن بوون، تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.
ژیان لەژێر ناسنامەی ساختەدا
بۆ ئەوەی لەدەستی ڕژێمی بەعس ڕزگار بین و نەناسرێینەوە، ناسنامەی ساختەمان بەکارهێنا. من ناسنامەی ژنێک بە ناوی «ئافتاو»م بەکارهێنا و منداڵەکانیشم بە ناوی ترەوە تۆمار کران، بۆ ئەوەی حکومەت نەزانێت ئێمە خێزانی پێشمەرگەین. بەم شێوەیە ماوەیەکی زۆر لە قەزای ڕزگاری (صمود) و شوێنەکانی تردا، لەژێر ترس، هەڕەشە و چاودێریی وردی ڕژێمدا ژیانمان بەسەر برد.
پەروەردەکردنی منداڵەکان
من بە تەنیا و بە ڕەنجی شانی خۆم منداڵەکانم گەورە کرد. بە کاری قورسی فەلاحەت و دروومان توانیومە بژێوییان دابین بکەم. زۆر سوور بووم لەسەر ئەوەی منداڵەکانم بخوێنن بۆ ئەوەی وەک خۆم بێبەش نەبن. ئەمڕۆ کوڕەکەم بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان تەواو کردووە و کچەکەم مامۆستای بیرکارییە.
ئازاری بێسەروشوێنی و لەدەستدانی خێزان
لەناو ئەو تراژیدیایەدا، ژمارەیەکی زۆر لە خێزان و خزمەکانم لەدەست دا. هاوسەرەکەم، خوشکەکانم و خێزانەکانیان کە نزیکەی ١١ کەس دەبن، جگە لە دەیان خزمی تر، بوونە قوربانیی ئەنفال. ئازاری نەزانینی چارەنووسی خۆشەویستان و گواستنەوەی زۆرەملێی خەڵکی گوندەکەمان، برینێکە تا ئێستاش لە دڵ و مێشکماندا ساڕێژ نەبووە. یادەوەرییەکانی ئەنفال هەرگیز لەبیر ناچنەوە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو ئازارانەشدا، من هەمیشە هیوام هەبووە و باوەڕم بە دادپەروەری ماوە.
نەبوونی ئەرشیفێکی شایستە
ئەمڕۆ، دوای نزیکەی ٣٨ ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالدا، بەداخەوە هێشتا دۆکیومێنت و مۆزەخانەیەکی شایستە نییە کە مێژووی ئەم کارەساتە و ئازاری قوربانییەکان بۆ نەوەکانی داهاتوو بپارێزێت. هەزاران ژنی کورد لە زیندانی «نوگرە سەلمان»دا تووشی نەخۆشی، ئەشکەنجە و بێبەشبوون بوون. دایکانی زۆر هەبوون منداڵەکانیان لە باوەشیاندا و لەناو زینداندا گیانیان لەدەست دا، یان منداڵیان لەوێ لەدایک بوو و پاشان لێیان زەوت کرا، بەڵام زۆرێک لەو چیرۆکانە تا ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی تۆمار نەکراون. چەندەها ئافرەتی ئەنفالکراو پێش ئەوەی یادەوەرییەکانیان وەک بەشێک لە مێژووی ئەم گەلە بنووسرێتەوە، کۆچی دواییان کرد.
من سەردانی وڵاتی ئەڵمانیام کردووە و بینیومە چۆن مۆزەخانە و ئەرشیفی وردیان بۆ تاوانەکانی ڕابردوو (وەک هۆڵۆکۆست) دروست کردووە؛ ئەوان هەموو وردەکارییەکانیان پاراستووە بۆ ئەوەی مێژوو لەبیر نەکرێت و تاوانەکان دووبارە نەبنەوە.
من گلەییم لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، چونکە پێم وایە ڕزگاربووانی ئەنفال پشتگوێ خراون:
باوەڕم وایە دادپەروەری زۆر دواکەوتووە؛ دەیان ساڵی خایاند تا کەسانێک وەک “حەجاج” بخرێنە بەردەم دادگا.
کێشەی ئەنفال زۆرجار بۆ سوودی سیاسی بەکارهاتووە، بەڵام کاری پێویست بۆ ناسینەوەی تەرمەکان بە DNA و گەڕاندنەوەیان نەکراوە.
پێویستە تەرمەکانی قوربانیانی ئەنفال لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی باشوور (وەک سەماوە) بگەڕێندرێنەوە بۆ زێدی خۆیان و بە شێوەیەکی شایستە بنێژرێنەوە.
لە کۆتاییدا داوا دەکەم:
پەلە بکرێت لە کۆکردنەوە و نووسینەوەی چیرۆکی ئافرەتانی ئەنفال.
مۆزەخانە و ناوەندی دۆکیومێنتاریی گەورە لە گەرمیان و ناوچەکانی تر دروست بکرێن. ئەم چیرۆکانە ببنە کتێب و سەرچاوەی مێژوویی بۆ نەوەی نوێ، تا بزانن چی بەسەر گەلەکەیان هاتووە و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی جینۆساید بکرێت.

