رۆژنامەی ھەولێر

نەوت و کانزاکانی هەولێر شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر بڵاویکردەوە، ئەو بڕە بەنزینە راستەقینەی کە لە بنزینخانەکاندا دەدرێت بە ئۆتۆمبێلەکان، بە تەواوی دیارە و کۆنتڕۆڵ کراوە، ئەمەش لە رێگەی خوێندنەوەی ژمێرەری (عداد) کانی دابەشکردنی بەنزین بەر لە دابەشکردن و دوای دابەشکردن. رۆژانە بڕی بەنزینی فرۆشراو تۆمار دەکرێت و بنزینخانەکان تەنیا بەرامبەر ئەو بڕە بەنزینە راستەقینەیە لە ئەستۆن کە دابەشیان کردووە.
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە، بڕی 40 لترەکە کە لە کارتی سووتەمەنیدا هەیە، تەنیا بۆ حساباتی شۆفێران خۆیان داندراوە، بەڵام بۆ ووردبینی و پاکتاوی حساباتی بنزینخانەکان، تەنیا پشت بە بڕی ڕاستەقینەی دابەشکراو دەبەسترێت؛ بۆ نموونە: ئەگەر ئۆتۆمبێلێک بڕی 30 لتر بەنزین تێبکات، تەنیا 30 لترەکە لەسەر بنزینخانەکە تۆمار دەکرێت، نەک 40 لترەکە.
نەوت و کانزانی هەولێر هاووڵاتییان دڵنیا دەکەنەوە کە بڕی بەنزینی مابووەوە لە بنزینخانەکان، بە هیچ شێوەیەک دەستکاری ناکرێت و توانای دەستکاریپێکردنی نییە، بەڵکو بڕەکە دیارە و لەسەر بنزینخانەکان هەژمار دەکرێت و بۆ رۆژانی دواتر دابەشی سەر هاووڵاتییان دەکرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا هاتوو، لە ئێستادا بەکارهێنانی سیستەمی کارتی ئەلیکترۆنیی سووتەمەنی لە قۆناغی سەرەتادایە و لە بەرنامەدا هەیە لە هەنگاوی داهاتوودا، بۆ هەر پەمپێکی فرۆشتنی بەنزین لە بنزینخانەکان، خوێنەرێک (ڕیدەر) دابنرێت کە بە تەواوی بڕی راستەقینەی ئەو بەنزینە بخوێنێتەوە کە دەدرێت بە ئۆتۆمبێل و بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەبەسترێتەوە بە سیستەمەکەوە.