رۆژنامەی ھەولێر

هاوینی بێ مه‌ترسی؛ چۆن خۆت و منداڵەکانت لە کاتی مەلەکردندا بە سەلامەتی دەهێڵیتەوە؟

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

 

مەلەکردن جگە لەوەی وەرزشێکی بەسوودە بۆ تەندروستی و ڕێکخستنی جەستە، لە هەمان کاتدا یەکێکە لە بژاردە هەرە سەرنجڕاکێش و کەیفخۆشەکانی وەرزی هاوین، کە خێزانەکان بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش پەنای بۆ دەبەن. بەڵام بۆ ئەوەی ئەم کاتە خۆشانە نەبنە هۆکاری ڕووداوی نەخوازراو، پێویستە پێش دەستپێکردنی مەلە، کۆمەڵێک ڕێوشوێنی پێشوەختە و فریاگوزاری سەلامەتی بگیرێنە بەر.

لێرەدا گرنگترین ئەو ڕێکار و ئامۆژگارییانە دەخەینە ڕوو کە دەبنە هۆی پاراستنی ژیانی خۆت و منداڵەکانت.

خوێندنەوەی هێما و ڕێنماییەکان؛ هۆشیاریی پێشوەختە
یەکەم هەنگاو پێش چوونە ناو ئاو، خوێندنەوەی هێما و تابلۆ ڕێنماییەکانی دەوروبەری مەلەوانگەکەیە. پێویستە گەورەکان بە وردی ئەم ڕێسایانە بخوێننەوە، چونکە زانیاری گرنگیان تێدایە سەبارەت بە قووڵیی ئاوەکە و ڕێنماییەکانی سەلامەتی گشتی و پاکوخاوێنی. ئەرکی دایک و باوکانە کە ئەم بنەمایانە بە زمانێکی سادە و گونجاو بە منداڵەکانیان بڵێنەوە تاوەکو پێوەی پابەند بن.

مەترسییەکانی دەوروبەری حەوزەکە
زۆرجار ڕووداوەکان لە دەرەوەی ئاوەکە ڕوودەدەن؛ بەهۆی ڕژانی ئاو بە دەوروبەری حەوزەکەدا، زەوییەکە زۆر خلیسک دەبێت. بۆیە پێویستە:
• بە وریاییەوە بە دەوری حەوزەکەدا بڕۆن و ڕێگری لە ڕاکردنی منداڵان بکەن بۆ ئەوەی نەخلیسکێن.
• لە کاتی چوونە ژوورەوە یان دەرچوون لە حەوزەکە یان دەریا، بە هێواشی هەنگاو بنێن.
• بە منداڵان بگوترێت کە بە هیچ شێوەیەک بەبێ ئامادەیی و چاودێری ڕاستەوخۆی گەورەکان نەچنە ناو ئاوەکەوە.
پێنج ئامۆژگاریی زێڕین بۆ مەلەکردنێکی ئارام
بۆ بەدووربوونی تەواوەتی لە مەترسیی خنکان یان هەر حاڵەتێکی کوتوپڕ، ئەم پێنج خاڵە جێبەجێ بکەن:
١. فێربوونی بنەڕەتی: دڵنیا بە لەوەی منداڵەکەت لە ڕێگەی خولی تایبەت و لەژێر سەرپەرشتی ڕاهێنەری پسپۆڕدا فێری مەلەکردن بووە پێش ئەوەی بچێتە شوێنە قووڵەکان.
٢. چاودێری بەردەوام: هەرگیز و بۆ چەند چرکەیەکی کەمیش منداڵان بە تەنیا لەناو ئاودا بەجێ مەهێڵن. دەبێت چاودێرییەکە چرکە بە چرکە بێت.
٣. مەلەکردنی بەکۆمەڵ: هەمیشە لەو شوێنانە مەلە بکەن کە خەڵکی لێیە و بە تەنیا مەچنە ناو ئاوەوە، تاوەکو لە کاتی هەر کێشەیەکدا کەسانی تر فریاتان بکەون.
٤. ئاگادارکردنەوەی تیمی فریاگوزاری: لە کاتی ڕوودانی هەر حاڵەتێکی گوماناوی یان مەترسی، پێویستە دەستبەجێ و بێ دواکەوتن تیمی نجاتدەر (بەرگری شارستانی یان فریاگوزارانی مەلەوانگەکە) ئاگادار بکرێنەوە.
٥. مەلەکردن لەگەڵ هاوڕێیاندا: هانی منداڵەکەت بدە لەگەڵ هاوڕێکانی مەلە بکات، بۆ ئەوەی ئەگەر کێشەیەکی بۆ دروستبوو، هاوڕێکانی بتوانن هاوار بکەن و داوای یارمەتی بکەن.
لە کۆتاییدا، دایک و باوکان دەبێت ئەوە بە باشی لە مێشکی منداڵەکانیاندا بچەسپێنن کە مەلەکردن لە حەوزە دەستکردەکاندا زۆر جیاوازە لە مەلەکردن لە دەریا، دەریاچە و ڕووبارەکاندا کە شەپۆل و تەوژمی ئاوی بەهێزیان هەیە و وریایی زیاتریان دەوێت.