رۆژنامەی ھەولێر

جارێكی دیكە دەرگای بەخت بەڕوویدا دەكرێتەوە

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

شێرزۆد تێیمیرۆڤ، هێرشبەری پێشووی یانەی هەولێر نەیتوانی رەزامەندی فابیۆ كاناڤارۆ، راهێنەری ئیتاڵی هەڵبژاردەی كەی بەدەستبهێنێت و بۆ مۆندیالی 2026 دوورخرایەوە، بەڵام خەریكە دەرگای بەخت جارێكی دیكەو بەڕووی شێرە ئۆزبەكستانییەكەی پێشووی هەولێردا بكرێتەوە.

فابیۆ كاناڤارۆ، راهێنەری ئیتاڵیی ناسنامەی 26 یاریزانی هەڵبژاردەی ئۆزبەكستانی بۆ مۆندیالی 2026 راگەیاند، شێرزۆد تێیمیرۆڤ گۆڵكاری پێشووی یانەی هەولێری تێدا نەبوو، لە كاتێكدا شێرزۆد ئەم وەرزە 28 گۆڵی لە خولی ئەستێرەكانی عێراق تۆمار كرد و بووە گۆڵكاری خولەكەش.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رۆژنامەی هەولێر كەوتووە، لاوازی خولی عێراق لەسەر ئاستی ئاسیا هۆكارێكە بۆ دوورخرانەوەی شێرزۆد تێیمیرۆڤ بۆ مۆندیالی 2026، ئەگەر نیوەی ئەو گۆڵانەی لە خولی عێراق تۆماری كرد لە خولێكی ئێرانی، یان قەتەری، ئیماراتی و سعوودیە تۆماری كردبا دوورنەدەخرایەوە.
شێرزۆد تێیمیرۆڤ لەگەڵ شاندی هەڵبژاردەی ئۆزبەكستان گەشتی شاری نیۆیۆركی ئەمریكای كردووە و هێشتا لەگەڵ كەمپی مەشق و راهێنانەكانی ئوزبەكستان بەردەوامە، كاناڤارۆ داوای لێكردووە لەگەڵ هەڵبژاردەكە بمێنێتەوە و لە ئەگەری هەر پێكانێك راستەوخۆ بانگهێشت دەكرێتەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە هەڵبژاردەی ئۆزبەكستان یەكەمین یاریی لە قۆناغی كۆمەڵەكانی مۆندیالی 2026 لە بەربەیانی پێنجشەممە بەرامبەر كۆلۆمبیا دەكات، دواتر بەرامبەر هەڵبژاردەكانی پۆرتوگال و كۆنگۆی دیموكرات یاری دەكات، بەڵام بەهۆی دەستپێكردنی یارییەكانی مۆندیال، شێرزۆد بە تەواوەتی هیوابڕاو بوو.
بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی رۆژنامەی هەولێر، پێنج یاریزانی ئۆزبەكستان لە یارییە دۆستانەكان تووشی پێكان بوونە، ئەگەرێكی زۆر هەیە شێرزۆد بانگهێشت بكرێت، چونكە بەپێی یاسا، هەر هەڵبژاردەیەك پێش 24 كاتژمێر لە ئەنجامدانی یەكەمین یاریی لە مۆندیال دەتوانێت گۆڕانكاری لە لیستەكەیدا بكات.
شێرزۆدی تەمەن 27 ساڵ، لە هاوینی 2025 لە یانەی كیچی هۆنگ كۆنگی بە گرێبەستێك بۆ یەك وەرز بە بەهای 255 ملیۆن دینار پەیوەندی بە یانەی هەولێر كرد، شێرزۆد لە خولی ئەستێرەكانی عێراق لە كۆی 33 یاری، 28 گۆڵ و ئەسیستێكی كرد و بووە گۆڵكاری خولەكە.
شێرزۆد پێش ئەوەی لە هاوینی رابردوو پەیوەندی بە یانەی هەولێر بكات لە خولی نایابی هۆنگ كۆنگ لە كۆی 52 یاری، 23 گۆڵ و 8 ئەسیستی كرد بوو، لە نێوان ساڵانی 2022 تــا 2023 یاریی بۆ پێرسپۆلیس و پەیكانی ئێرانیش كردووە.