رۆژنامەی ھەولێر

بۆنی دارسووتان لە یادەوەریەکانی هەژاری

 

فەرهاد قادر ئۆمەر

بەسەرهاتەکانی مامۆستا هەژار و سەربوردەکانی نێو کتێبی (چێشتی مجێور)ەکەی مامۆستا هەژاری موکریان، وێڕای بیرەوەری ژیانی کەسێکی شاعیرو ماندونەناس، کڵاوڕۆژنەیەکیشە بۆ خوێندنەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی، فکری و کەلتوری کورد لە سەردەمێکدا کە ژیان بە سادەیی، نەداری و خەباتی ڕۆژانە ناسراو بوو. لە نێوان هەموو ئەو چیرۆک و یاداشتانەدا، هەندێک بەسەرهات هەن کە لە سەرەتادا وەک گاڵتە و پێکەنین دەردەکەون، بەڵام لە ژێر ڕووخساری سادەیاندا، هەزاران مانا و بەهای مێژوویی و مرۆیی هەڵگرتوون. چیرۆکی (داردزینەکانی فەقێیان) یەکێکە لەو بەسەرهاتانەی کە بە شێوەیەکی زیندوو ژیانی ئەوساکەی قوتابخانە و حوجرەکانی ئەو سەردەمەمان نیشان دەدات، ژیانێك کە لەوێدا نەداری و سەرما لەگەڵ گاڵتەو هاوڕێیەتی تێکەڵ دەبوون، قوتابییە هەژارەکان لە ژێر سێبەری زانست و ئایین، بە هەموو شیرینی و تاڵییەکانی ژیان دەژیان. گرنگی ئەم بەسەرهاتە جگە لەوەی بەسەرهاتێکی خەندەئامێزە، وێنایەکی ڕاستەقینەی کەلتوری دێهاتنیشینی کوردستانیشت نیشان دەدات، پەیوەندی نێوان فەقێ و مامۆستا، بیروباوەڕی خەڵکی، و شێوازی بیرکردنەوەی کۆمەڵگا دەخاتە بەردەمی خوێنەر. هەروەها زمانی سادە و گێڕانەوەی مامۆستا هەژار ئەم یاداشتەی کردووە بە بەڵگەیەکی ئەدەبی و کۆمەڵایەتی، کە دەتوانرێت وەک بەشێک لە سامانی نەتەوەیی و میراتی کەلتوری بخوێندرێتەوە. لەبەر ئەوە، خوێندنەوەی ئەم بەسەرهاتە وێڕای گێڕانەوەی چیرۆکێکی خەندەئامێز، گەشتێکیشە بۆ ناو ژیان و هەست و بیرکردنەوەی نەوەیەک کە بە کەمترین ئامراز، بەڵام بە زۆرترین هیوای ژیان، ڕۆژگارەکانی خۆیان تێپەڕاندووە.. با زیاتر سەرتان نەیشێنم وبەسەرهاتەکەتان بۆ بگێڕمەوە:
زستانی وشتەپە ئەو ساڵە وەها سارد و بێبەزەیی بوو کە باکانی شاخ لە کونی پەنجەرەکانەوە وەک تیغ دەهاتنە ژوورەوە و شەوان، فەقێیەکان لە ژێر لێفەکاندا دەلەرزین. لە حوجرەکاندا نە دارێکی سووتاندن هەبوو و نە هیچ هیوایەک بۆ گەرمکردنەوەی ژیان. سەرما بە هەموو شتێکدا زاڵ بووبوو.
ئێمەش کە دەستی بێداریمان لە هەموو هۆکارێک کورت بوو، هاوارمان بۆ مامۆستا برد. بە هیوای ئەوەی چارەسەرێک بدۆزێتەوە. بەڵام مامۆستا بە ئارامییەکی تایبەتی گوتی:
ـ دار بە من پەیدا نابێ، خۆتان عیلاجی خۆتان بکەن.
یەکێکمان بە گاڵتە و نیوەڕاستی پرسی:
ـ مەگەر بدزین؟
مامۆستا شانی هەڵتەکاند و گوتی:
ـ بدزن، چی تێدایە؟
ئەو وشانە بۆ ئێمە وەک فتوا وا بوو. فتواش کە دەرچوو، فەقێیەکان ملمان لە داردزین نا. لە ناوماندا دوو کوڕی چالاک هەبوون، سەید حەسەن و قادر. هەر کە ئێواران بۆ نان کۆکردنەوە دەچوون، چاویان لەسەر دار و نیر و تیرۆگی ماڵان بوو. شەو کە تاریکی دێی دادەپۆشی، یەکێکیان سەگی بە خۆیەوە خەریک دەکرد و ئەوی تریان بە خێرایی دارەکەی دەدزی ودەگەڕانەوە. بە شێوەیەک دار نەما، نیر و پنە و ئاموریش کەوتنە نێو ئاگرەکەی حوجرەکان. لە ماوەیەکی کەمدا، داردزین بووە باس و بابەتی ڕۆژانەی مزگەوت. خەڵکی دێ سەریان سوڕمابوو. هیچ کەسێک نەیدەزانی دزەکان کێن. زۆربەیان پێیان وابوو کە جنۆکە و شتە نادیارەکان ئەو کارانە دەکەن. هەمووان دەیانویست گێچەڵی جنۆکەکان لە ماڵ و سامانەکانیان دوور بکەونەوە. لەو دێیەدا خەلیفە محەممەد، یەکێک لە خەلیفەکانی شێخ حیسامەدینی تەوێڵە، دەژیا. پیاوێک بوو کە خۆبەزلزانین و توندی لە هەڵسوکەوتیدا وەها تێکەڵ بووبوون کە زۆر کەس خۆشی لێ نەدەهات. ئێوارەیەك سەید حەسەن بە چاوی بریسکەدارەوە هاتەوە و بە نهێنی گوتی:
ـ لەسەر دیواری ژوورە سەردانەپۆشراوەکەی خەلیفە، کاریتەیەکی گەورە هەڵکەندراوە. ئەگەر بیهێنین، بەشی ئەم زستانەمان دەکا.
ئەو شەوە، شەش فەقێ وەک تیمێکی نهێنی کەوتینە ڕێ. بە بێدەنگی کاریتەکەمان کێشا و هێنامانە حوجرە. سەماوەری تەنەکەمان جۆش دا، چاما هاویشتە سەر سەماوەرو هەستمان کرد سەرکەوتنێکی گەورەمان بەدەستهێناوە. پاشان کاریتەکەمان قەڵاش کرد و لە حوجرەیەکی چۆڵ کەڵەکەمان کرد.
بەڵام هێشتا خەومان لێ نەکەوتبوو کە خەلیفە، بە دوو سۆفی لەگەڵ خۆی، لە مزگەوتەوە ڕوو لە حوجرەکان هات.
مەلا محەممەدی کوڕی مەلا عەلی حەمامیان، کە برازای مامۆستاش بوو، پێی گوتین:
ئێوە بێدەنگ بن. ئەگەر پرسیاری کرد، من وەڵامی دەدەمەوە. خەلیفە سەرەتا چووە ئەو حوجرە چۆڵەی دارەکان تێیدا بوون. دەستی بە تەقاندن و لێکدانەوەی دارەکان کرد. ئەوسا بە تووڕەیی هاتە ژوورەوە و هاواری کرد:
ـ فەقێ..! ئێوە خۆتان بە خزمەتکاری قورئان دەزانن، عەیب ناکەن داری خەڵکی دەدزن؟
مەلا محەممەد، کە پێشتر ئامۆژگاری ئێمەی کردبوو، لەپڕ سەری لە ژێر لێفەکە هەڵێنا و بە تووڕەیی وەڵامی دایەوە:
ـ هەی ڕیش کلکەسەگی سەگباب..! وات لێ هاتووە فەقێ سووک بکەیت؟
قسەکان وەک گوللە بە دڵی خەلیفەدا نیشتن. ڕەنگی گۆڕا، زمانی گرێدرا و بێ هیچ قسەیەکی تر بە دوو سۆفیەکەیەوە بەرەو ماڵی عەلی ئاغا ڕۆیشت.
بەختی ئێمە، مامۆستا لە حەوشە دەسنوێژی دەکرد و هەموو هاوار و گازەندەکانی بیست. بە زمانی شیرین خەلیفەی ئارام کردەوە و بەڵێنی دا کە خۆی دادپەروەری دەکا. کاتێک مامۆستا هاتە سەرمان، وەک باوکێکی تووڕە چاوی قوچاند و بە توندی گوتی:
ـ ڕووڕەشینە! چۆن فەقێ دزی دەکا؟ ئەویش لە پیاوێکی وا پیرۆز؟
سەرەکانمان داخست. کەس نەیدەتوانی وشەیەک بڵێت. هەڕەشە و لۆمەی مامۆستا بەردەوام بوو، تا ئەوەی خەلیفە خۆی ناچار بوو بڵێ:
ـ قوربان، من گەردنیان ئازاد دەکەم، تۆش لێیان خۆش بە.
خەلیفە ڕۆیشت، بەڵام مامۆستا هێشتا واز لە جنێودان نەدەهێنا. لە کۆتاییدا من بە ترسەوە گوتم:
ـ قوربان، خۆت فەرمووت دار بدزن، قەیدێ ناکا.
لەو ساتەدا مامۆستا لەپڕ بە قاقای پێکەنین کەوت. چاوەکانی پڕ بوون لە گاڵتە و گەشبوون.
ـ ئەگەر وابێ، ئەو جنۆکە داردزەی خەڵکی دێ باسیان دەکرد، هەر ئێوە بوون! خوا بتانگرێ، پنە و نیر و ئاموریشتان دزیوە؟
پاشان، لەناو پێکەنینەکەیدا، وتی:
ـ بەڵام وەڵڵاهی باشترین کارتان ئەوە بووە کە داختان لە دڵی ئەو خەلیفە خۆبەزلزانە ناوە. دا سۆپەی لێ نێڵ دەن، با خۆمیش گەرم ببمەوە!
لەو ڕۆژەوە نهێنیی جنۆکە داردزەکە ئاشکرا بوو. خەڵکی دێ زانییان ئەو شتە نادیارانەی شەوانە دار و نیر و تیرۆکیان دەبرد، نە جنۆکە بوون و نە ڕۆح، بەڵکو چەند فەقێی برس و سەرماسوتاو بوون کە زستان فێری فەلسەفەیەکی سادەی کردبوون: لە بەرامبەر سەرمای بێبەزەیی، هەندێک جار ئاگر لە هەموو یاسایەک گرنگتر دەبێت.