رۆژنامەی ھەولێر

تۆش دوكانێكی سیاسی دابنێ

مەشخەڵ كەوڵۆسی

سیاسەت لە كوردستان لەدوای سەرهەڵدانی بزوتنەوەی گۆڕان، گۆڕانكاری ڕیشەیی بەسەرداهات، وەك ئەوەی كوالێتی سیاسەتكردن بەتەواوی دابەزی و، شتێك بەناوی شكۆ بۆ سیاسەت نەمایەوە. وردە وردە هەموو پرۆژە و ئەدەبیاتی سیاسییەكان لەبواری خزمەتگوزاری قەتیسكرا.
یانی حیزبی سیاسی لەبری ئەوەی خاوەنی مەنهەجی بیركردنەوەو، پلانی سیاسی و ڕوئیای دیپلۆماتی و كادیری كاریزما بێت، بەپێچەوانەوە، هەموو مەهام و ئەركی حیزبی سیاسی بوو بە قسەكردن لە بواری خزمەتگوزاری و، هەروەها توڕەكردنی خەڵك و، زۆرینەی جاریش گەمژاندنی خەڵك.
داماڵینی حیزب لەهەموو ئەركێكی نەتەوەیی و، دروستكردنی فۆكەس لەسەر كارەكانی حكومەت بەگوێرەی لۆژیكی دیماگۆژی، تاكە ئەركی ئەم حیزبانەیە كە ئێستا لەگۆڕەپانی كوردستان هەن و بەشداری لەپرۆسەی دەنگدانیش دەكەن!
چەمكە هەرە باوەكانی حیزبی سیاسی، وەك پەیڕە و پڕۆگرام، ئەدەبیات و گوتاری قەناعەتپێكەر، پرۆژە و دیدگای فراوان، ئەندام و كادیری بەهێز و كاریزما…هتد. بەدی ناكەین و، ئەوەی هەیە ئۆفیسێكە و، چەند پەرلەمانتارێكی پێشوو، چەند پێشكەشكارێك پێكەوە كۆدەبنەوە، خۆیان ناو دەنێن حیزب !.
لێرەدا چەند پرسیارێكی لۆژیكی بەرۆكمان دەگرن، بۆنمونە: لەناو میللەتێك كە خاكی داگیركراوە، خاوەنی ئاڵاو دەوڵەتی سەربەخۆ و سەروەری خۆی نیە، ئایا ئەو حیزبانە چ پلان و بەرنامەیەكیان هەیە، چ ڕوئیایەكیان هەیە بۆ چارەسەری ئەو پرسە هەرە گەورەی نەتەوە؟ ئایا چ دیدگایەكیان هەیە و پلان و بەرنامەیان چییە؟.
ئەوە لەلایەك، لەلایەكی تریشەوە، هەر بەڕاست ئەگەر ئەو حیزبانە نەبن، یان كە ئێستا هەن، جیاوازییەكەی چییە؟ چ گۆڕانكارییەك لە شەقام و لەناو جەماوەر و بۆ بەرژەوەندی جەماوەر هاتۆتە كایەوە؟ ئەگەر مەهام و ئەركی حیزبی سیاسی، تەنها لەبەركردنی دوو ڕستە و قسەكردن بێت لەسەر دووبار شوتی و دووبار چاڵی جادەكانی كوردستان، هەر بەڕاست ئەوە بزنسە یان حیزبایەتی؟.
داماڵینی ئەركی گەورە لە حیزبی سیاسی و، بچوككردنەوەی ئەركی سەرۆك حیزب لە دوو دیداری تەلەفزیۆنی و لایڤێكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بەڕاستی نابووتكردنی حیزبایەتییە. پێویستە حیزب ئەركی نەتەوەیی گەورەی هەبێت، نمونەی جیاواز و ڕۆڵی جیاواز و پلان و نەخشە و ئەدەبیات و لۆژیكی جیاوازی هەبێت. نەك تەنها ژمارەیەك بێت و بخرێتە سەر ژمارەی حیزبەكانی تری كوردستان.
پێویستە هەر حیزبێكی سیاسی لە كوردستان لەدایك دەبێت، دووبارە واتای كوردایەتی و نەبوونی دەوڵەت بەشێوازی تایبەت بەخۆی بەرهەم بهێنێتەوە، ئەگینا ئەگەر حیزبایەتی ئاوا نابووت بكرێت كە بریتی بێت لە لەبەركردنی دوو دێڕ و كردنەوەی ڕاستەوخۆكانی فەیسبوك و، ئەگەر ئەركی سەرۆكی حیزب لەبری پلانی سیاسی و كۆنتاكتی نێودەوڵەتی لەپێناوی چارەسەری كێشەی نەتەوەیەكدا، بووبێتە شیكردنەوەی سیاسی، كە ئەركی ڕۆژنامەنووس و شرۆڤەكارانە، بەڕاستی ئەوە بزنسێكی سیاسی و دوكانێكە بۆ قازانجی مادی و ئەو ئیمتیازاتەی كە لە بەشداری پرۆسەی دەنگدانەوە دەستی مرۆڤ دەكەوێت.
لێرەدا پرسیارە سەرەكییەكە ئەوەیە: ئەگەر ئەم مۆدیلە بچوك و بازاڕییەی حیزبایەتی خواستی زۆرینەی كوردی لەسەرە، كەواتە بۆچی تۆی خوێنەریش دوكانێكی سیاسی دانانێیت؟ لەكاتێكدا ئەو دوكانە هیچ بەهرە و توانایەكی جیاوازی ناوێت و، هەموو یەكێك لە ئێمە دەتوانین دوكانی سیاسی دابنێین.