رۆژنامەی ھەولێر

وەزارەتی پەروەردە ڕێکاری توندی بۆ بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 9 و 12 دەرکرد

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، فەرمانێکی وەزاری بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە: لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و باش بەڕێوەچوونی پرۆسەی تاقیکردنەوە نیشتمانییەکانی پۆلی 9ـی بنەڕەتی و پۆلی 12ـی ئامادەیی، ئەم بڕیارانە دراون:

١- پێویستە سەرپەرشتیار، بەڕێوەبەر، یاریدەدەر و چاودێرانی هۆڵەکانی تاقیکردنەوە، ژینگەیەکی گونجاو و هێمن بۆ قوتابیان و خوێندکاران فەراهەم بکەن.
٢- سەرپەرشتیار، بەڕێوەبەر، یاریدەدەر و چاودێرانی هۆڵەکان بۆیان نییە بە هیچ جۆرێک مۆبایل ببەنە ناو هۆڵەکانی تاقیکردنەوە. تەنها ئەو مۆبایلە نەبێت کە بەڕێوەبەری هۆڵەکە بۆی دابینکراوە. هەر حاڵەتێکی لەو شێوەیە ڕووبدات، وەک هاوکاری گزی (غەش) هەژمار دەکرێت و دەدرێتە لیژنەی لێکۆڵینەوە.
٣- پرسیاری بابەتەکان لەلایەن مامۆستای چاودێرەوە دابەش دەکرێن و کۆدەکرێنەوە. دەبێت بەڕێوەبەری هۆڵ و یاریدەدەر دڵنیابنەوە کە پرسیارەکان و پەڕەی سۆما (وەڵام) لە هەموو قوتابیان وەرگیراوەتەوە. هەر قوتابییەک ئەگەر پەڕەی پرسیارەکە نەگەڕێنێتەوە، نمرەی بۆ هەژمار ناکرێت.
٤- پشکنین بۆ هەموو قوتابیان پێش چوونیان بۆ هۆڵ ئەنجام دەدرێت. بردنە ناوەوەی هەموو جۆرە ئامێرێکی ئەلیکترۆنی، کاتژمێری زیرەک و مۆبایل قەدەغەیە. ئەگەر لەناو هۆڵدا لای هەر قوتابییەک بپێورێت، بە گزی (غەش) هەژمار دەکرێت و ڕێکاری یاسایی توند دەگیرێتەبەر.
٥- لە کاتی تاقیکردنەوەکان و دوای تەواوبوونیشیان، هیچ کەسێک (سەرپەرشتیار، بەڕێوەبەر، چاودێر) مافی وێنەگرتنی پرسیارەکانی نییە و نابێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان بکەنەوە. وەزارەت میکانیزمی تایبەتی هەیە بۆ ناسینەوەی سەرچاوەی هەر وێنەیەک کە بڵاودەکرێتەوە و خاوەنەکەی ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوەی یاسایی دەکرێتەوە.
٦- مامۆستایان و سەرپەرشتیاران بۆیان نییە وەڵامی پرسیارەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی بڵاوبکەنەوە. لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان ڕۆژانە کۆدەبنەوە و وەڵامی نموونەیی دیاری دەکەن، تەنها وەڵامی فەرمی لیژنەی باڵا بڵاودەکرێتەوە.
٧- هۆڵەکانی تاقیکردنەوە پێویستیان بە ڕووبەڕووبوونەوەی میدیا نییە. تەنها وتەبێژی وەزارەت زانیاری و داتا دەداتە میدیاکان بە بێ جیاوازی.