رۆژنامەی ھەولێر

بانکی ناوەندیی عێراق ڕەتیدەکاتەوە پارەی نوێ چاپ بکات

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

جارێکی دیکە قەیرانی دارایی بەرۆکی عێراقی گرتووە و هۆکارە هەرە سەرەکییەکەش پەیوەستە بە داخرانی گەرووی هورمز کە بەهۆیەوە عێراق لە هەناردەکردنی زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل بێبەش بووە. حکوومەت و دامەزراوەکانی عێراق باس لە چارەسەییەکانی ئەم قەیرانە دەکەن و تەنانەت هۆشداری لە هەندێک بڕیاری مەترسیدار دەدرێت کە ئەگەر جێبەجێ بکرێن ئەوا دەبنە هۆی زیان گەیاندن بە خەڵک و بەرزکردنەوەی ڕێژەی هەڵاوسان و دابەزاندنی توانای کڕین لای خەڵک و مووچەخۆران.

لە دوای سەرهەڵدانی قەیرانی کۆرۆنا وەک دەزانرێت داهاتی نەوت لە عێراق بۆ سفر دابەزی بەڵام حکوومەتی عێراق دەستی بۆ داشکاندنی بەهای دینار برد بۆ ئەوەی قەرەبووی بەشێک لە کورتهێنانی بودجە بکاتەوە و پێشتر لە هەر سەد دۆلار لای بانکی ناوەندی بە سەد و هەژدە هەزار دینار بوو بۆ سەد و سی و دوو هەزار دینار گۆڕانکاری بەسەدا هات.
ئەوەی ئەمجارە مەترسی لێدەکرێت عێراق دەستی بۆ بەرێت چاپکردنی پارەی نوێی دینارە بۆ ئەوەی مووچە و خەرجییەکانی پێ دابین بکات بەڵام ئەم هەنگاوە ئەگەر بە بێ پاڵپشتیی دۆلار بکرێت هەڵاوسانی لێدەکەوێتەوە و بەهای دینار دادەبەزێنێت.
ئەم زانیارییە بۆ یەکەم جار لە لایەن وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرا بوو، هەر چەندە دواتر بانکی ناوەندی ڕاگەیەنراوی لەبارەی بڵاو کردەوە و چاپکردنی دیناری ڕەت کردەوە.
فوئاد حوسێن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌ چاوپێكه‌وتێنكدا بۆ کەناڵی شەرقیە کە هاوکات بوو لەگەڵ سەدەمین ڕۆژی داخرانی گەرووی هورمز و وەستانی زۆرینەی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەکانی جیهانی ئاشكرای كرد، كه‌ به‌غدا په‌نای بۆ چاپكردنی بیست و پێنج تریلیۆن دیناری تری عێراقی بردووه‌، تا له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی ته‌نگژه‌ی دارایی ببێته‌وه‌.
وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداری دا لە به‌رده‌وامبوونی ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا و پێ وایە ده‌بێته‌ هۆی كاره‌ساتێكی دارایی چونکە داهاتی نەوت بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە،
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی عێراق ئه‌و هه‌نگاوه‌ی عێراق توانای دارایی وڵات لە سەد ترلیۆن دینارەوە بۆ نزیکەی سەد و بیست و پێنج ترلیۆن دینار بەرز دەکاتەوە. ئەو ئاماژەی دا کە چاپكردنی دینار بە هیچ شێوەیەک چاره‌سه‌ری ته‌نگژه‌كه‌ ناكات، به‌ڵكوو ده‌بێته‌ هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی هه‌ڵئاوسان و به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی كاڵاكان له‌ بازاڕ و كه‌مكردنه‌وه‌ی هێزی كڕین له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌.
دای بەدوای ئەم چاوپێکەوتنە، ڕۆژی یەکشەممە بانکی ناوەندیی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕەتی کردەوە نیەتی ئەوەیان هەبێت پارەی نوێ چاپ بکەن و ڕوونی کردەوە جیاوازیی بنەڕەتی هەیە لەنێوان چاپکردنی دراو لەگەڵ فرۆشتنی قەواڵە و داشکاندنی حەواڵەکانی گەنجینە و پێداگری کرد کە کارى بنەڕەتیی بانکەکە بەڕێوەبردنی سیاسەتی نەختینەیی و پاراستنی بەهای دینارە.
بانکەکە دەڵێت بە شێوەیەکی کاتی نەختینە دابین دەکەن وەک ئامرازێکی پێدانی قەرز کە دواتر دەگەڕێنرێتەوە. ئەم ئامرازە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ناسراوە و بانکە نێودەوڵەتییەکان پەنای بۆ دەبەن و تایبەت نییە بە بانکی ناوەندیی عێراق. جێی باسە قەواڵەی دارایی لەلایەن دەوڵەتەوە دەفرۆشرێت لەبەرامبەر ڕێژەیەک سوو. ئەو هەنگاوە بۆ ئەوەیە حکومەت نەختینەیی زیاتری لە هاوڵاتییان و بانکەکان دەستبکەوێت کە ئەو قەواڵانە دەکڕنەوە.
بانکی ناوەندیی عێراقیش پێی وایە چاپکردنی پارەی نوێ کارێکی هەڵەیە و دەبێتە هۆی دروستبوونی هەڵاوسانی ڕاستەوخۆ و کەمکردنەوەی بەهای دینار و ناتوانرێت ڕابکێشرێتەوە و بۆیەش بەردەوامە لە ستراتیژیەتی خۆی بۆ پاڵپشتیی دیناری عێراقی و پاراستنی سەقامگیریی ئابووری و نەختینەیی.
هەرچەندە بانکی ناوەندی چاپکردنی دینار ڕەت دەکاتەوە بەڵام لە بازاڕەکانی عێراق ئەو بەهایەی ئێستا دینار هەیەتی سەرووی بیست و سێ هەزار دینار لەو نرخە زیاترە کە بانکی ناوەندی دەستنیشانی کردووە و لە کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هەر سەد دۆلاری ئەمریکی بە نزیکەی سەد و پەنجا و پێنج هەزار دینار مامەڵە دەکرێت.