رۆژنامەی ھەولێر

خۆزێ مۆرینهۆ رایگەیاند دەگەڕێتەوە ریاڵ مەدرید

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

ڕیکێلمی سەرەڕای دۆڕانی، هێشتا بەرەنگاری فلۆرێنتینۆ پێرێز دەبێتەوە
سەرەڕای ئەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی یانەی ریاڵ مەدرید، شەڕەکەی بە فلۆرێنتینۆ پێرێز دۆڕاند، بەڵام ئێنریکی ڕیکێلمی، هێشتا لە بەرەنگاربوونەوە و چاڵێنجی پێرێز بەردەوامە.
ئێنریکی ڕیکێلمی، لە لێدوانێکدا لە نێو یاریگەی بێرنابێوە، کە ڕۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، گواستیەوە، رایگەیاند: دەمەوێ پیرۆزبایی لە فلۆرێنتینۆ پێرێز بکەم، ئەمە بۆ من کۆتایی ڕێگەکە و خاڵی کۆتایی نییە. بەڵکوو هێشتا سەرەتایە، ناکرێ ٢٠ ساڵی تر بڕوا بێ ئەوەیە ئەندامان دەنگ بدەن، فرۆشتنی یانەکەمان ڕاگرت.
هاوکاتی ژماردنی دەنگەکانی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی یانەی ریاڵ مەدرید، وێڕای ئەوەی ئەنجامەکە بە ڕوونی لە بەرژەوەندیی فلۆرێنتینۆ پێرێز بوو، بەڵام ڕیکێلمی ڕایگەیاندبوو: ئەمڕۆ ریاڵ مەدرید، سەرکەوتنی بەدەست هێناوە، کاندیدکردنی ئێمەش هەر سەرکەوتنە، بێ ڕوانین لە ئەنجامەکە.
ئاماژەی بەوەش کرد، دواجار بەشێک لە بنکەی مەدرید دەنگی خۆی دۆزیوەتەوە و دەڵێت: “بەشێک لە ڕیال مەدرید کە بێدەنگ بوون، بەشێک کە هیچ پەناگەیەکیان نەبوو، هیچ شوێنێکیان نەبوو پەنای بۆ ببەن، هیچ شوێنێکی بۆ دەربڕینی نیگەرانییەکانی نەبوو، دەرفەتی دەربڕینی بۆچوونی خۆی پێدرا”.
ریکێلمی لە کۆتاییدا ئەوەی بیر هێنایەوە، کە وەکوو بەڵینی هەڵبژاردن بڵاوی کردبووەوە: بەڵێنم بە هەموو ئەندامانی ڕیال مەدرید دا کە ئەگەر خۆمان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کاندید بکەین، ئامانجی سەرەکیمان ئەوە دەبێت هەوڵ بدەین ڕێگری لە فرۆشتنی یانەکە بکەین، دواتریش پرۆژەیەکی پیشەگەرانە و جدی و کاریگەر بنیاد بنێن، ئێمەش ئەم بەڵێنە و زۆر شتی ترمان جێبەجێ کردووە”.

خۆزێ مۆرینهۆ رایگەیاند دەگەڕێتەوە ریاڵ مەدرید
خۆزێ مۆرینهۆ، راهێنەری پورتوگالیی یانەی بەنفیکای ئەو وڵاتە، ڕایگەیاند کە دوای ١٣ ساڵ دوورکەوتنەوە لەو یانەیە، دەبێتەوە راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید، ئەوەیش دوای سەرکەوتنی فلۆرینتینۆ پێرێز لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی یانەکە.
خۆزێ مۆرینهۆ لە دیمەنێکی ڤیدیۆییدا دەرکەوت و بەڵێنەکەی هەڵبژاردنی جێبەجێ دەکات، کە گەڕانەوەی خۆزێ مۆرینۆیە بۆ راهێنەرایەتیی یانەکە.
مۆرینهۆ بەرانبەر کامێرا دەرکەوت لەو دیمەنەی تێیدا ئاهەنگی سەرکەوتنی پێرێز نماییش دەکرا و وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە کە ئایا فلۆرێنتینۆ پێرێز لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی یانەکە سەرکەوت؟ وەڵامی دایەوە: بەڵێ، ئەوەیش وەکوو راگەیاندنی نافەرمیی گەڕانەوەی بۆ ریاڵ مەدرید، لێک درایەوە.
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریاڵ مەدرید، لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا، بەڵێنی ئەوەی دا کە راهێنەری پورتوگالی دەگەڕێنێتەوە یانەکە، ئەگەر ئەوە ببێتەوە سەرۆکی یانەکە، ئەوەیش لە هەنگاوێکدا بۆ ئەوەی هەژمووی خۆی بەسەر ئەورووپادا زاڵ بکاتەوە.
پێرێز سەرکەوتنی بە دەست هێنا و تا ساڵی ٢٠٣٠ سەرۆکی یانەی لۆس بلانکۆس دەبێ، دوای ئەوەی ٦٥%ی دەنگەکانی بە دەست هێنا، بەرانبەر ٣٥%ی دەنگەکانی بۆ ئێنریکی ڕیکێلمی، بەو جۆرە گەڕی هەشتەمی سەرۆکایەتیی دەکات.
گەڕانەوەی مۆرینهۆ بۆ ریاڵ مەدرید، دوای ١٣ ساڵ دابڕانیەتی لە یانەکە، کە لە ٢٠١٠ تا ٢٠١٣ لەو یانەیەدا بوو، لەگەڵیدا سێ ناسناوی خولی ئیسپانیای بردەوە، ڕکەبەرێکی سەرسەختی پێپ گواردیۆلای راهێنەری ئەوکاتی یانەی بەرشلۆنە بوو.
مۆرینهۆ ئێستە راهێنەری یانەی بەنفیکایە و لە ئەیلوولی ڕابردووەوە لەو ئەرکەدایە، بەڵام نەیشاردەوە کە قسەی لەگەڵ ریاڵ مەدرید کردووە لە بارەی گەڕانەوە بۆ یانەکە و گرتنەدەستی ئەرکی راهێنەرایەتیی یانەی ریاڵ مەدرید.
بریکاری مۆرینهۆ، خۆرخی مێندیز، لە مانگی ٥ی ڕابردوو، ڕایگەیاند: پەیوەندی لە نێوان یانەکە و مندا هەیە، ئەمە لە کاتێکدا بوو خۆزێ مۆرینهۆ، تاوتوێی ئەو ئۆفەرەی یانە پورتوگالییەی دەکرد کە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکە و مانەوەی لە یانەکە، بۆی هاتبوو.
بەو پێیە، گەڕانەوەی مۆرینهۆ بۆ ئەو یانەیە کە تێیدا بووە بەشێکی مێژوویی یانەکە وشکاندنی هەژمووی گواردیۆلا بەسەر یانەکەدا، دەبێتە پرسێکی حەتمی.
ئەو کاتەی فلۆرێنتینۆ پێرێز، بۆ وتاری سەرکەوتنی دەرکەوت، یەکەم بڕیاری سەرەکی لە گەڕی هەشتەمی سەرۆکایەتییەکەیدا، گەڕانەوەی خۆزێ مۆرینهۆی راهێنەر بوو، وەکوو یەکەمین بڕیاری سەرەکی دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردندا.
پێرێز بە تۆنێکی شانازییەوە، وتی: من لێرەم بۆ بەرگریکردن لە ریاڵ مەدرید، بۆ بەردەوامی لە چنینەوەی ناسناوەکان، شانازییش بە یاریگەی بێرنابێوە دەکەم، شانازییش بەوەوە دەکەم خاوەن باشترین یاریزان و راهێنەرین، راهێنەرێکی ڕەسەنی وەکوو مۆرینهۆ.

گورزێکی گەورە بەر مەغریب کەوت و زلزولی لە مۆندیال دادەبڕێت
هەڵبژاردەی تۆپی پێی مەغریب، گورزێکی گەورەی بەر کەوت پێش دەستپێکردنی یارییەکانی مۆندیال، دوای ئەوەی ئەستێرەی هەڵبژاردەکەی عەبدولسەمەد زەلزوولی تووشی پێکان هات.
ئەو یاریزانەی هەڵبژاردەی مەغریب، تووشی پچڕانی بەستەری ئەژنۆی ڕاستی، بۆیە ڕەنگە لە هەموو یارییەکانی مۆندیال داببڕێت.
پشکنینە پزیشکییەکان، ئاشکرایان کردووە، ئەو یاریزانەی یانەی ریاڵ بێتس لە یارییەکە دۆستانەکەیان کە ڕۆژی یەکشەممە لە نیوجێرسی ی ئەمریکا بەرانبەر نەرویژ ئەنجام درا، تووشی پێکان بووە و پشکنینی زیاتریشی بۆ دەکەن، بۆ زانینی ڕاددەی پێکانەکەی.
پێش کۆتاییهاتنی نیوەی کۆتایی یارییەکە، زەلزوولی بە ئازارێکی زۆرەوە کەوتە سەر زەویی یاریگە، ئەوەیش دوای بەرکەوتنێکی بەهێزی لەگەڵ یاریزانێکی نەرویژ، لەو کاتەی لێدانێکی گۆشەی جێبەجێ دەکرد، بۆیە بە ناچاری یاریگەی جێهێشت.
ئەژنۆی ئەو یاریزانە بە خراپی تووشی پێکان بووە و ڕەنگە زەلزوولی تا کۆتایی مۆندیال دوور بکەوێتەوە، چونکە ئەو تووشی داخزان و پچڕانی بەستەری ئەژنۆی بوو، ئەو جۆرە پێکانەیش کاتی زۆری بۆ چاکبوونەوە دەوێت.
بە پێی سایتی فوت مێرکاتۆی فەڕەنسی، ئەو یاریزانە ٢٦ ساڵانەی مەغریب بۆ ماوەی ٣ تا ٤ هەفتە لە یاریکردن دادەبڕێ، ئەوەیش وا دەکات لە زۆربەی یارییەکانی هەڵبژاردەکەی دوور بکەوێتەوە.
ئەو پێکانە، گورزێکی گەورەیە بۆ راهێنەر محەمەد وەهبی و هەڵبژاردەکە، کە یەکێکە لە بەهێزترین و دیارترین هێرشبەرەکانی هەڵبژاردەکە، بە تایبەت مسۆگەرە کە لە یاریی یەکەمی مۆندیالی بەرانبەر بەڕازیل دادەبڕێت، کە بڕیارە پێنجشەممەی داهاتوو بەڕێوە بچێت.
هەڵبژاردەی مەغریب بە شێوەیەکی گەورە پشت بە خێرایی و بەهرەی هونەریی زەلزوولی دەبەستێ کە لە باڵی چەپ یاری دەکات، دابڕانی زیانێکی گەورە لە تەماکانی مەغریب دەدات، کە دەیەوێ هەمان ئەنجامەکانی مۆندیالی ٢٠٢٢ی قەتەڕ دووبارە بکاتەوە.
هەرچەندە پشکنینی دیکەی بۆ دەکرێ و بە پێی پڕۆتۆکۆڵیش چارەسەری بۆ دادەنرێ، بەڵام پزیشکان دووپاتی دەکەنەوە کە سروشتی پێکانەکەی، وا دەکات بە شێوەی کرداری لە مۆندیال دوور بکەوێتەوە.