ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆماركردنی یەكەمەمین حاڵەتی توشبوون بە تای خوێنەچۆڕەی ڕاگەیاند.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی تەندروستی كۆتایی هەفتەی ڕابردوو یەكەمین حاڵەتی توشبوونی بە تای خوێنەچۆڕە ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە دا كە: حاڵەتێکی نەخۆشی تای خوێنەچۆڕە لە هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک دەستنیشانکرا، كە پیاوێکی دانیشتووی گوندی دووگرێ لە ناحیەی سنونێ سەر بە قەزای شنگال لە پارێزگای نەینەوا تەمەن ٤٧ ساڵانە و دوای چەندین جار سەردانی نەخۆشخانە، دواتر ڕوو لە شاری دهۆک دەکات و لەلایەن تەندروستی دهۆک دوای گومانلێکردن بە نەخۆشی تای خوێنەچۆڕە دەستیشان کرا و پشتڕاست کرایەوە.
ئەو هاووڵاتییە، شوانە و، بەرکەوتەی ئاژەڵی تووشبوو بووە، دوای سەردانی نەخۆشخانە لە شاری دهۆک و گومانلێکردن بە نەخۆشی تای خوێنەچۆڕە و بوونی نیشانەکانی، چەندین ڕێکاری دەستنیشانکردن و چارەسەری پزیشکی گیراوەتە بەر، لەئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکی لە نەخۆشخانە لە شاری دهۆک خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت و باری تەندروستی ناجێگیرە.
وەزارەتی تەندروستی داواش لە هاووڵاتیان دەكات و جەخت دەکاتەوە لەسەر جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، لە کاتی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەکانی ڤێترنەریی ئاگادار بکەنەوە.
یان هاووڵاتیانی بەرکەوتەی بەخێوکردنی ئاژەڵ یان بەرهەمەکانی ئاژەڵ لە کاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن بێ دواکەوتن.
تا ئێستا دوای دەرکەوتنی چەندین حاڵەتی گومانلێکراوی نەخۆشی تای خوێنەچۆڕە لە هەرێمی کوردستان و هاتنیان بۆ نەخۆشخانە و بەدواداچوون و پشکنین بۆ گومانلێکراوانی ئەمساڵدا لە ماوەی ڕابردوو، دەرەنجام هیچ حاڵەتێکی پشتڕاستکراوە نەبووە تەنها یەک حاڵەت لە ناوەڕاستی عێراقەوە ڕووی لە شاری سلێمانی کردبوو بۆ چارەسەر و بەتەواوی چاک بووەوە و لە نەخۆشخانە دەرچوو.
تای خوێنەچۆڕە چییە؟
نەخۆشییەكی ڤایرۆسیی هاوبەشی مەترسیدارە بە هۆی مێرووی گەنەوە دەگوازرێتەوە بۆ (مرۆڤ و ئاژەڵ وەك مانگا و مەڕ و بزن و سەگ). ئەم ڤایرۆسە لە خانەخوێی وەك گەنە، هووڕە، مێشوولە، شەمشەمەكوێرە، قرتێنەرەكان. ئەم نەخۆشیە لە عێڕاقدا بوونی هەیە و ساڵانە چەندین حاڵەتی لێ تۆمار دەكرێت. ڕێژەی مردن بەم نەخۆشیە زۆر بەرزە و دەگاتە سەدا پەنجا. مەترسی ئەم نەخۆشیە لەوەدایە تا ئێستا هیچ ڤاكسینێكی بۆ نەدۆزراوەتەوە.
نیشانەكان:
• تا
• شەكەتی و بێهێزی
• گێژ خواردن.
• ئازاری ماسوولكەكان یان ئێسك یان جومگەكان
• هێڵنج و ڕشانەوە
• سكچوون
نیشانە مەترسیدارەكان:
لەوانەیە نیشانەكان لە ماوەی 2 – 21 ڕۆژ دەربكەون بە پێی جۆری ڤایرۆسەكە.
• خوێنەچۆڕەی ژێر پێست یان ئۆرگانە ناوخۆییەكان یان لە چاو، دەم و گوێچکە.
• ناڕێكی لە كاری كۆئەندامی دەمار.
• لەهۆشخۆچوون.
• وڕێنەكردن.
• پەككەوتنی گورچیلەكان.
• پەككەوتنی جگەر.
هۆكاری تووش بوون بەم نەخۆشییە
• لە ڕێگەی بەریەككەوتن لەگەڵ ئەو ئاژەڵ و مێشوولانەی تووش بوو بەم ڤایرۆسە وەك مێشوولە، گەنە، قرتێنەرەكان و شەمشەمە كوێرە.
• هەندێك جۆر لە تای خوێنەچۆڕە دەگوازرێتەوە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر.
شێوازی گوێزرانەوە:
• لە ڕێگەی پێوەدانی مێشوولە و گەنە بە مرۆڤەوە، یان لەڕێگەی بەریەككەوتن لەگەڵ شلە و دەردراوی كەسی تووش بوو وەك خوێن، لیك، تۆوی پیاو. هەندێك جاریش لە ڕێگەی بۆنكردنی پاشەڕۆ یان میزی مشكی تووشبووگ.
• لە كاتی گەشتكردن بۆ ناوچەیەك كە ئەم نەخۆشیەی تێدا باوە، لەوانەیە تووشی تای خوێنەچۆڕە ببیت بەڵام لە كاتی گەڕانەوەت لە گەشتەكەت نیشانەكانت لێ دەركەوێت.
فاكتەرەكانی مەترسی
• كاركردن لەگەڵ كەسانی تووشکەوتە.
• سەربڕین و خواردنی ئاژەڵی تووشکەوتە.
• بەكارهێنانی سرنجی كەسانی تر لە ڕێگەی بۆڕیەكانی خوێنەوە
• سەرجێییکردن بەبێ بەكارهێنانی كۆندۆم.
• كاركردن لەو شوێنانەی كە قرتێنەری تێدا هەیە.
• بەركەوتنە بەر خوێنی یان شلەی كەسێكی تووشیار.
ماكەكان:
• شۆك بەهۆی هەوكردنی خوێن
• پەككەوتنی چەند ئۆرگانێك
• گیانلەدەستدان.
خۆپاراستن لەم نەخۆشیە:
1- دووركەوتنەوە لەو شوێنانەی كە نەخۆشیەكەی تێدا بڵاوبوەتەوە.
2- بەكارهێنانی كەرەستەی خۆپارێزی كەسی وەك دەسكێش، زرێی دەم و چاو
3- كڕینی گۆشت لە شوێنی باوەڕپێكراو
4- كوڵاندنی گۆشت بۆ سەرووی پلەی 70 ی سەدی.
5- دووركەوتنەوە لە كەسانی بەرگومان.
6- دانانی تەلمێش بۆ دەرگا و پەنجەرەكانی ماڵەوە.
7- فڕێدانی پاشماوەی ئاژەڵی سەربڕاو لە شوێنی تایبەت بە پاشماوەی ئاژەڵان.
8- سەربڕینی ئاژەڵ لە سەربڕخانەكان.
9- لەناو بردنی مێشوولە و قرتێنەرەكان.

