ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
ئەمساڵ سەرۆك بارزانی بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە پەیامێكی مێژووییی ئاراستەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كرد و ڕایگەیاند، پەیامم بۆ لایەن و ھێزە سیاسییەكانی كوردستان ئەوەیە، كە ھەموو لایەك بیر لە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان بكەنەوە و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان لە سەرووی ئامانج و بەرژەوەندیی بەرتەسك دابنێن.
هێرش مەولوود، بەرپرسی ناوچەی پێشەوای پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بەم پەیامەی سەرۆك بارزانی دەڵێت: ئێمە پشگیری لە پەیامەکەی سەرۆك بارزانی دەكەین و ئەنجامدانی كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی لە داهاتوو دەبێتە دەستكەوتێكی گرنگ و خوێنی شەهیدانمان ئارام دەبێ، بە كاراكردنەی پەرلەمان پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان دەچێتە قوناغێكی نوێ، ئێمە دڵنیاین كە سەركردایەتیمان هەموو ئامادەكارییەكیان بۆ ئەم مەبەستە كردووە، هەرچی پێویست بێت بۆ قازانجی مللەتەكەمان دەیكەن، پارتی لە مێژوو هەمیشە لە كاتە سەختەكاندا شانی داوەتە بەر بەرپرسیارەتی، سەنگ و دەنگی پارتی لەم هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییدا ئەوەی دەرخست كە ئەو هێشتا یەكەمینە لە كوردستان، بۆیە گرنگە بەر مەبنای نەتیجەی هەڵبژاردن پۆستەكان بەلایەنە بەشداربوەكانی حكومەت بدرێت.
هێرش مەولوود گوتیشی: تێبینیمان كرد كە پەیامەكەی سەرۆك بارزانی كاریگەرییەكی زۆری لەسەر لەلایەنە سیاسییەكانی كوردستان هەبووە، وای كرد كە پێشوازییەكی زۆری لێ بكرێت، ئەگەر چاوێك بە ڕابردووشدا بخشێنین هەر كاتێك سەرۆك بارزانی ئەم جۆرە پەیامانەی هەبووبێت، ئەو دواتر بەرهەمەكەمان بینیوە، ئومێدێكی گەورەشمان هەیە ئەمجارەش لە ژێر چەتری سەرۆك بارزانی دووبارە لایەنە كوردستانیان كۆ ببنەوە.
هێرش مەلوود گوتیشی، دڵنیاین پەیامەكە سەرۆك بارزانی دەبێتە لابردنی ئاستەنگەكان و دەكرێت ببێتە بە بنەمای دروستبوونی گوتارێكی هاوبەشی كوردستانی بەرامبەر حكومەتی فیدراڵی عێراق، بۆ پاراستن و چەسپاندنی مافە دەستووری و یاساییەكانی خەڵكی كوردستان.
زمناكۆ عەبدوڵا بەرپرسی كارگێڕیی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ دەڵێت: پەیامی نوێی سەرۆك مەسعود بارزانی بۆ لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان و هاندانیان بۆ دەربازبوون لە چەقبەستوویی سیاسی و ئەو خۆخۆریەی كە پڕۆسەی سیاسی هەرێم پێوەی دەناڵێنێت، دیدگایەكی قووڵ و نیشتمانییە. ئەم پەیامە جارێكی دیكە سەلماندی كە لای جەنابیان، بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان هەمیشە لە سەرووی هەموو جۆرە بەرژەوەندییەكی حزبی و كاتییەوەن. ئەم هەڵوێستەش لە ژیانی سیاسی و پێشمەرگایەتیی سەرۆك بارزانیدا نامۆ نییە، بەڵكو درێژكراوەی سروشتیی ستراتیژێكی نەگۆڕە كە هەمیشە یەكڕیزیی بەهۆكاری پاراستنی دەستكەوتەكانی كوردستان بینیوە. مێژووی نزیك و دوور شایەتی ئەو ڕاستییەن كە لە كاتی قووڵترین قەیرانە ناوخۆییەكاندا، هەر سەرۆك بارزانی بووە كە پێشەنگایەتیی ئاشتەوایی كردووە و مێزی گفتوگۆی وەك بژاردەی یەكەم و كۆتایی هێشتووەتەوە.
زمناكۆ عەبدوڵا دەشڵێت: دوای ئەم دەستپێشخەرییە گرنگە، لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی سەخت و بەرپرسیارێتییەكی گەورەی مێژووییدان ئایا بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و بژاردەی تەبایی و یەكڕیزی هەڵدەبژێرن یان لەپێناو دەستكەوتی كاتی و حزبی كات بەفیڕۆ دەدەن.
زمناكۆ عەبدوڵا ئاماژەی بەوەشدا كە پێویستە هەمووان لەو ڕاستییە تێبگەن كە ئەم پەیامەی جەنابی سەرۆك تەنها داواكارییەكی سیاسیی نییە بەڵكو ڕەنگدانەوەی دەنگ و خواست و ئاواتی ڕاستەقینەی تەواوی خەڵكی كوردستان و دۆستە نێودەوڵەتییەكانمانە كە چاوەڕوانی قۆناغێكی نوێ لە سەقامگیری دەكەن. كەواتە وەڵامدانەوەی ئەرێنی بۆ ئەم پەیامە و سازدانی كۆبونەوەی لایەنەكان لە دوای جەژن تاكە ڕێگایە بۆ ڕێزگرتن لە ئیرادەی گەل و خوێنی شەهیدان وە تێپەڕاندنی ئاستەنگەكان و كاراكردنەوەی دامەزراوەی یاسایی و شەرعی پەڕلەمانی كوردستان كە سەرەنجام زەمینەیەكی تەندروست بۆ لەدایكبوونی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆش دەكات. لەلایەكی تر تێپەڕاندنی ئەوئالینگاریانە دەبێتە هۆی گوتارێكی هاوبەشی كوردستانی بەرامبەر حكومەتی عێراقی فیدراڵ بۆ چەسپاندنی مافە دەستوری و یاساییەكانی خەڵكی كوردستان كەلە ئێستادا لەهەموو كاتێك زیاتر پێویستمان بەو پرەنسیپە یەكگرتووەیە بۆ هێشتنەوەی سیاسەتی حوكمڕانیی عێراق لەسەر ڕێچكە و بنەمای (هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان) كە جەنابی سەرۆك بارزانی لە زۆربەی وتار و لێدوانەكانیدا تەنانەت لە كارنامەی پارتی دیموكڕاتی كوردستانیشدا لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ جەختی لێ كردۆتەوە.
”هێمن شوكر بەرپرسی رێكخراوی دارایی لە ناوچەی پیشەوا لەم بارەیەوە دەڵێت: هیوادارم پەیامەكەی سەرۆك مەسعوود بارزانی لە ماوەیەكی زوودا ڕاستەوخۆ بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بە گرنگییەوە كاری لەسەر بكرێت، هەرچی زووشە پەرلەمان كارا بكرێتەوە و كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێك بێت، بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان لەم قەیرانە سیاسییەی ئێستا ڕزگاری بێت. هەروەها پەیامی نوێی سەرۆك مەسعود بارزانی نیشانەی بەرپرسیارییەكی نیشتمانی و هەستكردن بە قۆناغی هەستیار و گرنگی هەرێمی كوردستانە. ئەم هەڵوێستە جارێكی دیكە ئەوەی سەلماند كە لای جەنابیان، بەرژەوەندیی گشتی و چارەنووسی گەل لە سەرووی هەمووی شتێكە.
هێمن گوتیشی: پەیامی نوێی سەرۆك مەسعود بارزانی، وەك هەناسەیەكی نیشتمانی لە ناو قەیرانەكاندا، جارێكی دیكە ڕووناكی خستە سەر ڕێگای گفتوگۆ و یەكڕیزیی سیاسیی كوردستان هەروەها مێژووی نزیك و دوور شایەتی ئەوە دەدات كە لە كاتە هەستیارەكاندا، كە زۆر جار ڕێگا داخراو بووە، هەر جەنابیان بووە كە دەرگای گفتوگۆی كردووەتەوە. ئەم هەڵوێستەش هەمیشە بوونی هەبووە لە ڕێبازی سیاسییەكەی، ڕێبازێك كە یەكڕیزی بە پێشەنگی پاراستنی دەستكەوتەكان دەبینێت و ئاشتەوایی بە بنەمای داهاتوو دادەنێت.
مەسعود عوسمان كە چالاكوانێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی ناوداری شاری هەولێر كە هاوكات كادیرێكی پارتییە، ئەو دەڵێت: پەیامەكەی جەنابی سەرۆك بەبۆنەی جەژنی قوربان تەنها پیرۆزبایییەكی جەژن نییە، بەڵكو پەیامێكی سیاسی و نیشتمانییە كە دەرخەری تێگەیشتنی جەنابیانە بۆ خەمخۆری نەتەوە و نیشتمان، بارودۆخی هەستیار و ئاڵۆزی هەرێمی كوردستاندا پێویستی بە دنیابینینی واقیعیانە هەیە. لە ناوەڕۆكی پەیامەكەدا بە ڕوونی دەردەكەوێت كە جەخت لەسەر یەكگرتوویی نیشتمانی، پاراستنی بەرژەوەندیی گشتیی گەل و چارەسەركردنی كێشە سیاسییە ناوخۆییەكانە.
مەسعود عوسمان دەشڵێت: سەرۆك بارزانی لە پەیامەكەیدا بەوپەری دڵسۆزیەوە هاوسۆزی و خەمخۆری خۆی بۆ خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگەكان دەربڕیوە ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە بەڕێزیان پێمان دەڵێت لەهیچ باروو دۆخێك نابێت بەهای قوربانی و تێكۆشانی ئەو كەسانە لە بیر بكەین كە بۆ پاراستنی خاك و مافەكانی گەلەكەیان گیانیان بەخشیوە. كە ئەوەش نیشانەی هەستی بەرپرسیارێتی و خەمخۆری.
مەسعود عوسمان ئاماژەی بەوەش داوە كە گرنگترین بەشی پەیامەكە ئەو بانگەوازەیە كە ئاراستەی لایەن و هێزە سیاسییەكانی كوردستانی كردووە. ئەو داوای لە هەموو لایەك دەكات بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل لەسەر بەرژەوەندیی تایبەتی و حیزبی دابنێن و واز لە ململانێ و ناكۆكییە بێ ئەنجامەكان بهێنن. ئەم وتانە ئاماژەیەكی ڕاستەوخۆن بۆ ئەوەی كە چەقبەستووییە سیاسیی كە ماوەیەكە پڕۆسەی سیاسی و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانی خستووەتە ژێر كاریگەریی خراپەوە. لە بەرژەوەندیی كوردستان و خەڵكی كوردستاندانیە.
لێكدانەوەی ئەم پەیامە دەردەخات كە بارزانی هەوڵ دەدات هەستی بەرپرسیارێتی نەتەوەیی لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا زیندوو بكاتەوە و هەرگیز لایەنەكان بۆ بەرژەوەندیی حیزبی خەڵک و نیشتمان نەكەن بە قوربانی. ئەو پێی وایە چارەسەری كێشەكان تەنها بە گفتوگۆی دڵسۆزانە و گەڕانەوە بۆ بنەماكانی هاوبەشی نیشتمانی دەبێت، نەك بە بەردەوامبوونی ململانێ و ناكۆكی. هەروەها جەخت لەسەر ئەوە دەكات كە هەموو لایەنەكان پێویستە بە هەستی بەرپرسیارەتییەوە مامەڵە لەگەڵ قۆناغە هەستیارەكە بكەن.
لە دیدی ئێمە پەیامەكە پەیامی هیوایە. پەیامی مرۆڤێكی خاوەن ویژدانە، هیوای بۆ دەستپێكی قۆناغێكی نوێ بۆ نزیكبوونەوەی لایەنەكان، چارەسەركردنی گرفتە سیاسییەكان و بەهێزكردنی یەكڕیزی نیشتمانیە بۆ خەمخۆری بەرامبەر نەتەوەی كورد و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی مێژوویی و نیشتمانی چونكە سەقامگیری و پێشكەوتنی كوردستان تەنها بە هاوكاری و یەكگرتوویی هەموو لایەنەكان دەست دەكەوێ. نەك گوێنەدان بەم دۆخە و میلەتەكەمان بخاتە قۆناغێكی مەترسیدارتر.

