رۆژنامەی ھەولێر

فڕێدانی قوونکەجگەرە و كارەساتی ژینگەیی

ئاریان دەرگەڵەیی – هه‌ولێر

دیاردەی جگەرەكێشان لە عێراق و هەرێمی كوردستان تەنها كێشەیەكی تەندروستی نییە، بەڵكو قەیرانێكی هەمەلایەنە و، بێدەنگە كە سەرجەم جومگەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی و سروشتیی وڵاتەكەمانی خستووەتە بەر مەترسی.

بە پێی دوایین داتا و ئامارەكانی ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥، دۆخەكە گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار.
مەعرووف مەجید سەرۆكی ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لە تازەترین توێژینەوەی خۆیدا كە كۆپییەكی بۆ (هەولێر) ناردووە، بە تێروتەسەلی باسی ئەم پرسەی كردووە؛ ئەو ئاماژەی بەوە داوە كە عێراقییەكان ساڵانە زیاتر لە ٢ترلیۆن دینار بۆ كڕینی جگەرە خەرج دەكەن، كە دەكاتە نزیكەی ٦ملیار دینار لە ڕۆژێكدا.
ڕێژەی بەكارهێنان: ٢٢٪ـی دانیشتووان (نزیكەی ١٠ملیۆن كەس) جگەرەكێشن، كە زۆربەیان گەنج و هەرزەكارن.
لە عێراقدا هەر ١٠ خولەك و، كەسێك بە هۆی نەخۆشییەكانی پەیوەست بە جگەرەوە گیان لەدەست دەدات، هەروەها ٤٥٪ـی هاووڵاتیان ناچارن بەبێ ئەوەی جگەرە بکێشن، دووكەڵی جگەرەی جگەرەکێشان هەڵمژنەوە!‌

جگەرە لە هەرێمی كوردستان
ساڵی ٢٠٠٧ پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی پەسەند كرد بە ناوی یاسای ژمارە ٣١ بۆ بەرەنگاربوونەوەی جگەرەكێشان، ساڵی ٢٠٠٨ یاساكە هەموار كرایەوە ‌و بە بڕیارێك خرایە بواری جێبەجێكردنەوە.
بەپێی ئەو یاسایە، ریكلامكردن بۆ جگەرە لە هەرێمی كوردستان قەدەغە كراوە ‌و، سەرپێچیكار ریكلامەكەی پێ لا دەبرێت و، بە بڕە پارەیەکیش سزا دەدرێت؛ بڕەکە نابێ لە ٤٠٠هەزار دینار كەمتر بێت ‌و، لە ٢ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت.

كۆمەڵەی نەهێشتنی جگەرەكێشان دەڵێت:
سەدا ٣٥ تا سەدا ٤٠ـی خەڵکی هەرێمی کوردستان جگەرە دەکێشن؛ لە تەمەنی ١٢ ساڵانەوەیان تێدایە هەتا ٧٠ ساڵان.
بەپێی ڕاپرسیەکەی ساڵی ٢٠٠٨ـی ڕێكخراوە تەندروستیەکەی ژیان:
سەدا ٤٣ـی جگەرەكێشەكان، تەمەنیان ١٥ هەتا ٢٥ ساڵانە؛
سەدا ١٨ـی جگەرەكێشەكان ئافرەتن؛
سەدا ٣٢ـی پزیشكان جگەرە دەکێشن؛
سەدا ٣ـی زانایانی ئایینی جگەرەكێشن؛
سەدا ٣٦ـی گەنجان، نێرگەلە دەکێشن؛
سەدا ٢٥ـی قوتابیانی زانكۆ نێرگەلەكێشن.

لە سەدەی ڕابردوودا ١٠٠ملیۆن كەس بە هۆی تووتنەوە مردوون.
ساڵی ٢٠١٧، لەو ٨ملیۆن كەس گیانیان لەدەست داوە، ملیۆنێک و ٢٠٠هەزاریان لێ بە جگەرە مردوونە.
لەو ١ملیار و ٣٠٠ملیۆن جگەرەکێشەی دنیا، سەدا ٨٠یان لە وڵاتانی مامناوەند و کەمداهاتدا دەژین، كە دەرخەری ئەوەیە جگەرە بووەتە بارگرانییەكی گەورە لەسەر شانی وڵاتانی گەشەسەندوو.
زۆربەی خەڵك زیانە ژینگەییەكانی جگەرە پشتگوێ دەخەن، بەڵام ڕاستییەكە ئەوەیە، زیانی زۆرە.
پلاستیكی ژەهراوی: پاشماوەی جگەرە لە پلاستیكی “سێلولۆز ئەسیتیت” دروست كراوە كە ١٠-١٥ ساڵی دەوێت تا شی دەبێتەوە و، خاك و ئاو ژەهراوی دەكات، قوونکەجگەرەیەک هەتا ٥٠٠ لیتر ئاو پیس دەكات.
هەبووە فڕێدانی قوونکەجگەرەیەکی دانەمرکاو، بووەتە هۆی گڕگرتنی دارودەوەن و وێرانكردنی ژینگەی سروشتی.
سەرەڕای یاسای ژمارە (١٩)ـی ساڵی ٢٠١٢ لە عێراق و یاسای ژمارە (٣١)ـی ساڵی ٢٠٠٧ لە هەرێمی كوردستان، كەچی هێشتا:

بازاڕەكان پڕن لە جگەرەی هەرزان و ئاسان‌بەردەست.
سۆشیال‌میدیا و میدیاكان، هێشتا وەك دیاردەیەكی ئاسایی مامەڵە لەگەڵ جگەرە دەكەن و، ناڕاستەوخۆ ڕیكلامی بۆ دەکەن.
بڕیارەكەی ٢٧ی ئایاری ٢٠٢٥ـی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ڕێكخستنی هاوردەكردنی جگەرەی ئەلیكترۆنی، دەبێت وەك دەرفەتێك بۆ چاودێری و كۆنترۆڵكردنی توندتر سەیر بكرێت، نەك ئاسانكاری.

بۆ ڕزگاربوون لەم قەیرانە، پێویستە:
سەپاندنی باجی بەرز لەسەر بەرهەمەكانی تووتن و تەرخانكردنی بۆ نەخۆشخانەكانی شێرپەنجە.
جێبەجێكردنی یاسای قەدەغەكردنی جگەرەكێشان لە شوێنە گشتییەكان و نەخۆشخانەكان بە شێوەیەكی كردەیی.
بەیاساییكردنی سزای قورس بۆ هەر كەسێك پاشماوەی جگەرە لە دارستان و شوێنە گشتییەكان فڕێ دەدات.
تەرخانكردنی میدیا بۆ پیشاندانی زیانەكان، نەك تەنها لە ڕووی تەندروستییەوە، بەڵكو وەك “تاوانێك بەرامبەر بە ژینگە”.
جگەرەكێشان تەنها خوویەكی كەسی نییە، بەڵكو تاوانێكە بەرامبەر بە نەوەكانی داهاتوو، خاك و ئاوی نیشتمانەكەمان. كاتی ئەوە هاتووە حكومەت و تاك بە تاكمان، بەجدی ڕووبەڕووی ئەم پەتایە ببینەوە.