رۆژنامەی ھەولێر

لەناو جەهەپەدا پارتێكی تر دروست دەكرێت

كارزان گلی – هه‌ولێر

بە بڕیاری دادگای تێهەڵچوونەوەی توركیا، كۆنگرەی ٣٨ی جەهەپە هەڵوەشایەوە، كە ساڵی ٢٠٢٣ کرابوو و لەو كۆنگرەیەدا كەمال كلیچدارئۆغڵو، وەكوو سەرۆكی جەهەپە بەرامبەر بە ئۆزگوور ئۆزەل شكستی هێنا. بە گوێرەی ئەو بڕیارە بێت، ئۆزەل وەكوو سەرۆكی جەهەپە كۆتایی هاتووە، كلیچدارئۆغڵو بووەتەوە بە سەرۆك، تا ئەوكاتەی كۆنگرە دەبەسنەوە.

سیناریۆكانی بەردەم جەهەپە چین، دوای ئەوەی كلیچدارۆغڵو بووەوە بە سەرۆكی جەهەپە؟ چونكە بنكەی جەماوەری جەهەپە ئۆزەلیان دەوێت و كلیچدارئۆغڵو رەت دەكەنەوە.

سیناریۆی یەكەم: گەڕانەوەی ئارامی
لەناو جەهەپەدا نائارامی و گرژییەكی زۆر پەیدا بووە، بەتایبەت ئەو ئەندامانەی بوونەتە دوو بەش، بەشێكیان پشتگیریی لە ئۆزەل دەكەن و بەشەكەی تریش لە كلیچدارئۆغڵو.
كلیچدارئۆغڵو، لە چەند لێدوانێكدا داوای كرد لایەنگران و ئەندامانی جەهەپە ئارام بگرن و گرژی دروست نەبێت، چونكە ناتوانن هیچ بڕیارێك بدەن بەو گرژییە، دەبێت ناوخۆی پارت ئارام ببێتەوە و ئەوكات بڕیاری دروست دەدەین.
ئۆزەلییەكانی ناو جەهەپە، داوا دەكەن بەپەلە لەماوەی ٤٥ رۆژدا بچنە ناو كۆنگرەی ئاسایی، بەڵام وەكوو ئەوەی باس دەكرێت، كلیچدارئۆغڵو بەو حاڵەی ئێستا ناچێتە ناو كۆنگرەوە و دەیەوێت ئارامی بۆ جەهەپە بگێڕێتەوە، ئەوكات بڕیار بدەن.

سیناریۆی دووەم: دواخستنی كۆنگرە
كلیچدارئۆغڵو، نایەوێت كورسی سەرۆكایەتی جەهەپە بۆ كەسێكی تر چۆڵ بكات، چونكە لە كۆنگرەی ٣٨یش دوای ئەوەی دەرنەچوو گوتی ”لەپشتەوە خەنجەریان لێدام“، بۆیە دەیەوێت كۆنگرە دوا بخات، تەنانەت ئەگەر فشاریشی بخەنە سەر.
بە گوێرەی شرۆڤەی بەشێك لە سیاسییەكانی ناو جەهەپە، كلیچدارئۆغڵو دەیەوێت لەناو لقەكانی شارەكاندا، هەموو ئەو كەسانە بهێنێتە پێشەوە كە لە خۆیەوە نزیكن، تا ئەگەر بچنە ناو كۆنگرە، ئەو كەسانە ببنە ئەندامی كۆنگرە كە لە خۆیەوە نزیكن، بەمەش بتوانێت ببێتەوە بە سەرۆكی جەهەپە، بەڵام تا چەند ئەمەی بۆ دەچێتە سەر، ئەو بابەتێكی ترە، چونكە بە ملیۆنان لایەنگری جەهەپە، داوا دەكەن پەلە بكرێت لە چوونە ناو كۆنگرە و دەڵێن تەنیا كۆنگرە دەتوانێت جەهەپە رێكبخاتەوە و ئۆزەل ببێتەوە بە سەرۆكی جەهەپە.

سیناریۆی سێیەم: دروستكردنی پارتێكی تر لەناو جەهەپەدا
ئەگەربێتو ئۆزەل نەیتوانی فشارەكانی بۆ سەر كلیچدارئۆغڵو ئەنجامی هەبێت و لە ماوەیەكی كەمدا نەچنە ناو كۆنگرەوە، ئەوكات بیر لەوە دەكاتەوە پارتێكی تر دروست بكات.
ئۆزەل، لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا ئاشكرای كرد، ئەو خۆی بۆ هەموو ئەگەرێك ئامادە كردووە، تەنانەت دەستگیركردیش، بۆیە بەر لەوەی دادگا بڕیاری هەڵوەشانەوەی كۆنگرەی ٣٨ بدات، پارتێكی یەدەگیان ئامادە كردووە.
ئۆزەل گوتی: ”ئێمە تا دواساتەكان بەرگری لە جەهەپە دەكەین و ئەو پارتە مڵكی هەموو توركیایە، بەڵام ئەگەر ناچارمان بكەن، پارتێكی تر دروست دەكەین تا بتوانین بەرنامەكەمان بگەیەنینە ئەنجام.“
ئەگەر ئۆزەل پارتێكی تر دروست بكات، ئەكرەم ئیمامئۆغڵوشی لەگەڵ دەبێت و بەگوێرەی بۆچوونی شڕۆڤەكارانی سیاسی، دەیان سەركردەی ئێستای جەهەپە دەچنە ناو ئەو پارتە تازەیە، چونكە لایەنگرانی جەهەپە، روویان لە ئۆزەل و ئیمامئۆغڵو كردووە و بڕوایان بەو دوو سەركردەیە هەیە تا لە هەڵبژاردنی داهاتوو بەرامبەر بە رەجەب تەیب ئەردۆغان بیبەنەوە، بۆیە دروستكردنی پارتێكی تازە ئەگەرێكی بەهێزە و تاكە رێگەی دەرچوونی ئۆزەلە بۆ ئەوەی بتوانێت جەماوەری جەهەپە لە دەوری خۆی كۆ بكاتەوە، چونكە پلانی كلیچدارئۆغڵو روونە، نابێت نە ئۆزەل و نە ئیمامئۆغڵو ببنە سەرۆكی جەهەپە و بەتەواوی ئەوانی رەت كردووەتەوە.