رۆژنامەی ھەولێر

نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە بەیان سامی عەبدولڕەحمان دەکات

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە (5ی ئابی 2026)، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی خاتوو بەیان سامی عەبدولڕەحمان کرد بۆ کۆچی دوایی هاوسەرەکەی.

لە میانی پەیوەندییەکەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاوخەمیی قووڵی خۆی بۆ خاتوو بەیان سامی و بنەماڵە بەڕێزەکەیان دەربڕی. نێچیرڤان بارزانی هیوای خواست خوای مەزن خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبوری و ئارامی بە کەسوکاری ببەخشێت.

لای خۆیەوە، خاتوو بەیان سامی عەبدولڕەحمان سوپاس و پێزانینی خۆی و بنەماڵەکەی بۆ سەرۆکی هەرێم دەربڕی. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و دەربڕینی ئەو هاوخەمییەی، مایەی دڵنەوایی و ئارامییەکی گەورە بووە بۆ ئەوان لەم کاتە سەختەدا.

خاتوو بەیان سامی عەبدولڕەحمان یەکێکە لە دیپلۆماتکارە دیارەکانی هەرێمی کوردستان و پێشتر بۆ ماوەیەکی درێژ نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا.