ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
ئەمڕۆ و سبەی بە فەرمی كۆتایی بە وەرزی 2025 ـ 2026ـی خولی ئەستێرەكانی عێراق دێت، ناسنامەی 3 یانەكەی سەرەوەی ریزبەندی یەكلایی بووەتەوە، تەنیا لە پلەكانی خوارەوە شەڕێكی گەرم لە نێوان چوار یانەدا هەیە.
نەورۆز لە بەغدا كۆتایی بەم وەرزە دێنێت
ئەمڕۆ دووشەممە، لە گەڕی 38ـی خولی ئەستێرەكانی عێراق كە دوایین گەڕی ئەم وەرزەی خولەكەیە، یانەی نەورۆز بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەفت گەشتی شاری بەغدای كردووە، یارییەكەش لە كاتژمێر 06:00ـی ئێوارە دەكرێت.
نەورۆز بە كۆكردنەوەی 54 خاڵ لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی دێت، ئەم وەرزە نوێنەرەكەی شاری سلێمانی لە پلەی نۆیەم دانابەزێت.
لە بەرامبەردا یانەی نەفت بە كۆكردنەوەی 45 خاڵ لە پلەی دوازدەیەم دێت، لە باشترین حاڵەتدا دەتوانێت بەك خانە بۆ سەرەوەی خۆی هەڵبكشێت، لە بەرامبەردا ئەگەری ئەوەش هەیە دوو پلە بۆ خوارەوە دابەزێت.
لە قۆناغی یەكەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق نەورۆز لە نێو یاریگەی خۆی بە دوو گۆڵی بێوەڵام شكستی بە نەفت هێنا، بەگشتی لە دوایین پێنج یاریی نێوانیان، نەورۆز 3 بردنەوەی هەیە و یارییەكی دۆڕاندووە و لە یارییەكیش یەكسانبووە.
دهۆك ماڵئاوایی لەم وەرزە دەكات
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، یانەی دهۆك لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی دیالا، یارییەكە لە كاتژمێر 06:00ـی ئێوارە دەكرێت.
ئەم دوو یانەیە ئەم وەرزە تاڕادەیەك ئاست و ئەنجامیان لەیەكتری نزیكە.
دهۆك بە كۆكردنەوەی 50 خاڵ لە پلەی دەیەم دێت، لە بەرامبەردا دیالا بە 46 خاڵ لە خانەی یازدەیەم دێت، لە ئەگەری دۆڕانی دیالا، رەنگە ئەو یانەیە چوار پلەی دیكە بێتە خوارەوە، بەڵام دهۆك ریزبەندی دەیەمی مسۆگەر كردووە، تەنیا لە یەك حاڵەتدا ئەگەر زاخۆ بدۆڕێت و دهۆك براوە بێت رەنگە یەك پلە بۆ سەرەوەی خۆی هەڵبكشێت.
دهۆك لە قۆناغی یەكەم لە نێو یاریگەی خۆی بە گۆڵێكی بێوەڵام لە دیالای بردەوە، لە دوایین پێنج رووبەڕووبوونەوەیان لە مێژوودا دهۆك 3 سەركەوتنی بەدەستهێناوە و لە یارییەكدا دۆڕاوە و یارییەكیش بە یەكسانبوون كۆتایی هاتووە.
هەستیارترین یارییەكانی دیكە
لە چوارچێوەی یارییەكانی گەڕی 38ـی خولی ئەستێرەكانی عێراق، یانەی مووسڵ میوانداریی قاسم دەكات، ئەم یارییە بۆ یانەی قاسم تەنیا یارییەكی نماییشییە و هاوشێوەی دۆستانەیە، بەڵام مووسڵ زۆر پێویستی بە 3 خاڵی ئەو یارییە هەیە، چونكە لە ئەگەری بردنەوەی یارییەكە دەرفەتی ئەوەی هەیە لە پلەی چواردەمی ریزبەندی بۆ پلەی یازدەیەمی ریزبەندی سەربكەوێت.
لە یارییەكی دیكەیشدا، یانەی تەڵەبە لە دێربی بەغدا میوانداریی كەرخ دەكات، ئەم یارییە بۆ تەڵەبە زۆر گرینگ و یەكلاكەرەوەیە، چونكە لە ئەگەری بردنەوەی یارییەكە و دۆڕانی زەورا دەتوانێت پلەی چوارەمی ئەم وەرزە بەدەستهێنێت و بلیتی بەشداریكردنی جامی سووپەری عێراقی وەرزی داهاتوو مسۆگەر بكات.
یانەی تەڵەبە بە كۆكردنەوەی 64 خاڵ لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی دێت و بە جیاوازی دوو خاڵ لە یانەی زەورای چوارەم دوورە، لە بەرامبەردا یانەی كەرخ بە 59 خاڵ پلەی حەوتەمی یەكلایی كردووەتەوە و لە ئەگەری دۆڕانی گەرمە و سەركەوتنی لەو یارییە دەتوانێت لە پلەی شەشەم كۆتایی بەم وەرزەی خولی ئەستێرەكانی عێراق بێنێت.
لە یارییەكی دیكەیشدا یانەی نەجەف میوانداریی زەورا دەكات، ئەم یارییە بۆ نەجەف هاوشێوەی یارییەكی دۆستانەیە چونكە بە فەرمی بۆ خولی نایابی عێراق دابەزیوە، بەڵام زەورا پێویستی بە بردنەوە هەیە بۆ ئەوەی پلەی چوارەمی ئەم وەرزە مسۆگەر بكات.
هەولێر لە پایتەخت ماڵئاوایی لەم وەرزە دەكات
سبەی سێشەممە لە كاتژمێر 06:00ـی ئێوارە لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری لە پایتەختی هەرێمی كوردستان هەولێر باوەش بۆ یانەی ئەمانەی بەغدا دەكاتەوە، یارییەكەش لە كاتژمێر 06:00ـی ئێوارە دەكرێت.
یانەی هەولێر بە راهێنەرایەتی باسم قاسم بە كۆكردنەوەی 76 خاڵ پلەی سێیەمی ئەم وەرزەی مسۆگەر كردووە و وەرزی داهاتوو بەشداریی لە چامپیۆنزلیگی كەنداو دەكات.
لە بەرامبەردا یانەی ئەمانەی بەغدا بە كۆكردنەوەی 37 خاڵ لە خانەی هەژدەیەمی ریزبەندی دێت، بە سەركەوتن لەم یارییە ئەگەری ئەوەی هەیە خۆی لە یاریی پاشكۆ رزگار بكات و لە خولی ئەستێرەكانی عێراق بمێنێتەوە.
یانەی هەولێر لە دوایین 5 یاریی لە خولی ئەستێرەكانی عێراق بەرامبەر ئەمانەی بەغدا 2 بردنەوە و 2 دۆڕان و یەكسانبوونێكی هەیە. لە قۆناغی یەكەمیش هەولێر بەهۆی سكاڵای ئەمانە بەدۆڕاو دانرا.
زاخۆ رووبەڕووی لوتكەی خولەكە دەبێتەوە
زاخۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە بەغدا دەبێتە میوانی قوە جەوییە، یارییەكەش لە كاتژمێر 08:30ـی شەو دەكرێت، ئەم یارییە بۆ یانەی جەوییە تەنیا یارییەكی دۆستانەیە و دەرفەت بە تیپی دووەمی یانەكە دەدات، چونكە یانەی جەوییە نازناوی ئەم وەرزەی یەكلایی كردووەتەوە، بەڵام زاخۆ چاوی لەوەیە بە سەركەوتن لەو یارییە پلەی نۆیەم مسۆگەر بكات و پلەیەكیش بۆ سەرەوە هەڵبكشێت.
یانەی قوە جەوییە ئەم وەرزە تەنیا 3 یاریی دۆڕاندووە، یەك لە دۆڕانەكانی بەرامبەر زاخۆ بووە. لە دوایین پێنج رووبەڕووبوونەوەیان لە مێژوودا، زاخۆ 3 سەركەوتنی بەدەستهێنا و دوو یاریی دۆڕاندووە و هیچ یارییەك بە یەكسانبوون كۆتایی نەهاتووە.

