رۆژنامەی ھەولێر

ئاکامەکانی بایەخدانی حکوومەت بە ژینگە و گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان دەرکەوتوون

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دەستەی گەشتوگوزاری عێراق، ڕایدەگەیەنێت سێ ناوچەی ھەرێمی کوردستان بەربژێرن بۆ باشترین شوێنە گەشتیارییەکانی جیهان سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان. گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری عێراق، دەڵێت: ھەر یەک لەو شوێنانە براوە بێت لە ١٦٠ وڵاتدا ڕیکلامی بۆ دەکرێت.

بایەخدانی ژینگە یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی کار و پڕۆژەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، سەرەڕای بەربەست و قەیرانە ماددییەکان کە لەلایەن بەغداوە دروست دەکرێن، بەڵام حکوومەتی ھەرێم توانیویەتی بە فراوانکردنی ڕووبەری سەوزایی و جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی، نزیکەی ١.١ ملیۆن تۆن دەردانی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە ھەوای کوردستان کەم بکاتەوە و شارەکان لە ڕیزبەندی شارە پیسەکانی جیهان دەربھێنێت.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ستراتیژێکی فرەڕەھەندی بۆ پاراستنی ژینگە و چاککردنی کواڵیتی ھەوا و زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی گرتووەتەبەر، بە گوێرەی دوایین تۆمار و ئامارەکان، ژینگەی ھەرێم بە قۆناخێکی گواستنەوەی ئەرێنیدا تێپەڕ دەبێت، کە تێیدا ڕێژەی سەوزایی زیادی کردووە.
عەلی یاسین، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری عێراق، ئاشکرای کرد: لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی ڕێکخراوی گەشتوگوزاری جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ھەڵبژاردنی ١٠٠ ناوچەی گەشتیاری وەک باشترین شوێنەکانی جیهان، دەستەکەیان دۆسیەکی گشتگیر و تۆکمەی ئامادە کردووە، ئەمەش بۆ سەرکەوتنی یەکێک لە گوندەکانی عێراقە لەم پێشبڕکێیەدا و ھاندانی گەشتوگوزاری گوندنشینی و پەرەپێدانی گەشتوگوزاری ژینگەیی و سەوزکردنیەتی.
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد: حەوت شوێن بەربژێر کراون ئەمەش بەرزترین ژمارەی ڕێگەپێدراوە بۆ ھەر وڵاتێک، لەم ژمارەیە سێیان لە ھەرێمی کوردستانن، ئەوانیش بریتین لە بیارە لە ھەڵەبجە، ھرۆر لە دھۆک و ڕواندز لە ھەولێر، ھاوکات چوار شوێنەکەی تریش بریتین لە گوندێکی مووسڵ، گوندێکی کەربەلا، گوندێکی زیقار و گوندێکیش لە پارێزگای واسیت.
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری عێراق، ئەوەشی خستەڕوو: ئامانج و پەیامی سەرەکی کارەکە ناساندنی کولتوور و کەلەپووری عێراق و ھەرێمی کوردستانە بە جیهان و خستنەڕووی بنەما گەشتیارییەکانە، بەتایبەتی لە بواری گەشتوگوزاری گوندنشینی و ژینگەیی بۆ پاراستنی سرووشت.
عەلی یاسین، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری عێراق، ئەوەشی گوت: ھەر شوێنێک ببێتە براوە، دەبێتە جێی سەرنجی ڕێکخراوی گەشتوگوزاری جیهانی و لە ماڵپەڕەکانی ئەو ڕێکخراوەدا لە ١٦٠ وڵاتدا ڕیکلامی بۆ دەکرێت.