رۆژنامەی ھەولێر

لە هەولێر یەکەمین کۆڕبەندی ساڵانەی پانۆرامای خولی گشتگیری نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوو

دوێنێ، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەشداری لە ڕێوڕەسمی دەستپێکردنی یەکەمین کۆڕبەندی ساڵانەی پانۆرامای خولی گشتگیری نەتەوە یەکگرتووەکاندا کرد، کە وەک پلاتفۆرمێکی ستراتیژی نوێ بۆ تاوتوێکردنی گەشەپێدانی بەردەوام و هاوئاهەنگی نێودەوڵەتی کار دەکات.

لەم ڕێوڕەسمەدا، كە گوهدار شێخۆ، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ و ژمارەیەکی بەرچاوو لە بەرپرسان و نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم، دیپلۆماتکاران و نوێنەرانی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئامادەی بوون، تێیدا تیشک خرایە سەر چەند پرسێکی ستراتیژی و گرنگ، لەوانە، بەهێزکردنی ڕۆڵی دامەزراوە خۆجێییەکان لە جێبەجێکردنی پلانە گشتگیرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان، پەرەپێدانی هەماهەنگی نێوان حکوومەتی هەرێم و نێردە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییاتە ئابووری و ژینگەییەکان، و ناساندنی دەرفەتەکانی وەبەرھێنان و گەشەپێدانی مرۆیی.
له‌ په‌راوێزی كۆڕبەندەكەدا، پارێزگاری هەولێر، وێڕای دەستخۆشی لە ڕێكخەر و سەرپەرشتیارانی کۆڕبەندەکە، جەختی لە پابەندبوونی پارێزگای هەولێر بە بنەماکانی گشتگیری و گەشەپێدانی بەردەوام كردەوە، و ئاماژەی بەوەدا كە کار دەکەین بۆ ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ سەرخستنی پڕۆژە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتیانی پایتەختی هەرێمی كوردستان.