رۆژنامەی ھەولێر

ساڵانە بە سەدان‌هەزار منداڵ لە تەمەنی منداڵی ناچار دەكرێن كار بكەن

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

بەپێی ئامارە فەرمییەكانی عێراق، تا ئێستاش ساڵانە بە سەدان‌هەزار منداڵ لە تەمەنی منداڵی ناچار بە كاركردن دەكرێن. فازڵ غەراوی، سەرۆکی سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لەم بارەیەوە دەڵێت: “قەیرانی کارکردنی منداڵان بەردەوامە، بەو پێیەی دیاردەیەکی مەترسیدارە، بەتایبەتی کە ڕەنگە ئەو پرسە پەیوەست بێت بە پرسی ئاسایش؛ یان بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.

لە نێو بارودۆخی سەختی ژیانی وڵاتدا؛ هەزاران منداڵی عێراقی ناچارن کار بۆ بژێوی خێزانەکانیان بکەن. ئامارەکانی پێشووی دەستەی مافی مرۆڤی عێراق مەزەندەیان کردووە کە 2%ی منداڵانی عێراق، واتە نزیکەی 800هەزار منداڵ، بەشدارن لە کاری منداڵان، ئەمەش پێشێلکردنی یاسای کارە. کۆمیسیۆنەکە ئاماژەی بەوە داوە کە کاری منداڵان مەترسیی لەسەریان دروست دەکات، جگە لەوە؛ لە لایەن باندەکانی سواڵکردن و بازرگانیکردن بە مرۆڤ و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و، هیتر ئیستغلال دەکرێن.
بەپێی ئامارە فەرمییەكانی یۆنێسف بۆ ساڵی 2025، ئەو منداڵانەی كە لە سەرتاسەری جیهان كار دەكەن و تەمەنیان لە خوار 18 ساڵانەوەیە، واتە تەمەنیان لە نێوان (5-17) ساڵاندایە، ژمارەیان دەگاتە (138،000،000) سەدوسی‌وهەشت‌ملیۆن منداڵ، 80% ئەو منداڵانە لە ڕەگەزی (نێر)ن، 20% ئەو منداڵانە لە ڕەگەزی (مێ)ن.
بەپێی هەمان ئامار، لە وڵاتی عێراق (1،000،000) یەك ملیۆن منداڵ كار دەكەن، لە هەرێمی كوردستانیش، بەپێی ئاماری ساڵی (2023)، زیاتر لە (1000) منداڵ كار دەكەن، كە لە هەولێر (290) منداڵ و لە سلێمانی (450) منداڵ و لە دهۆكیش (368) منداڵ.
(ئەڤین ئەحمەد قادر)، مامۆستا و پسپۆڕی كۆمەڵناسی خێزان، لەم بارەیەوە دەڵێت: “منداڵ بوونەوەرێكی لاوازە و بەردەوام پێویستی بە هاوكاریی خێزان و ژینگەیەكی ئارام هەیە، بۆ ئەوەی دڵنیا بێت لەلایەنی دەروونی، بەڵام جیابوونەوەی دایك و باوك لە یەكتری دەبێتە هۆی تێكدانی ژینگەی خێزانی و زەرەرمەندبوونی منداڵ بە پلەی یەكەم، چونكە منداڵ تەنیا لە باوەشی دایك و باوكی هەست بە ئاسوودەیی و دڵنیایی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی دەكات.
بۆیە لەهەر كاتێكدا بنچینەی خێزان لێكترازا؛ دایك و باوك لە یەكتری جیابوونەوە منداڵ دەبێتە قوربانی نەمانی پەیوەندیی نێوان دایك و باوك، لەهەمان كاتدا بێبەش دەبێت لە سۆز و خۆشەویستی و باوەشی پڕسۆزی دایك یان باوك، چونكە لەئەنجامی جیابوونەوە، منداڵ لەگەڵ دایكی دەژیت یان لەگەڵ باوكی دەژیت؛ بەپێی مەرجەكانی دوای جیابوونەوە لە یەكتری، كەواتە منداڵ دەبێتە قوربانی و زەرەرمەندیی یەكەم؛ بەهۆی جیابوونەوەی دایك و باوكی، لە ئەنجامی ئەمەشدا؛ منداڵ تووشی خەمۆكی و گۆشەگیری و لاوازی ئەقڵی و مەعریفی دەبێتەوە.