رۆژنامەی ھەولێر

ئازادیی ئۆجەلان لەلایەن باخچەلییەوە دووپات كرایەوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، بۆ جاری سێیەم داوا دەكات، عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، رۆڵی رێكخەری پێ بدرێت لە نێوان و دەوڵەت و پەكەكەدا، تا بتوانن ڕەوتی چەكدانانی پەكەكە بگاتە ئامانج.

باخچەلی، لە تازەترین چاوپێكەوتنیدا، داوا دەكات پەلە بكرێت لەوەی ئۆجەلان رۆڵی پێ بدرێت و لە زیندان نەمێنێتەوە، چونكە تەنیا بەڕۆڵ پێدانی ئۆجەلان، ڕەوتی چەكدانانی پەكەكە ئەنجامی دەبێت، ئەمەش سێیەم جارە ئەو داوایە بكات.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، لە مانگی شوباتدا داوای كرد، بۆ برەودان بە ڕەوتی توركیای بێتیرۆر، پێویستە ئۆجەلان رۆڵی رێكخەر ببینێت و لە زیندان بهێنرێتە دەرەوە و بتوانێت تا ڕەوتی چەكدانان، سەركردایەتی پەكەكە بكات. ئەو داوایەی بۆ سێەمجار دوپات كردەوە و تاوەكوو ئێستا لەلایەن حكوومەتەوە هیچ وەڵامێك نەدراوەتەوە.
دەم پارتی، داوا لە حكوومەت دەكات پەلە بكات لە دەكردنی یاسا بۆ ڕەوتی چەكدانانی پەكەكە و پرسی چارەسەریی كورد، بەڵام تاوەكوو ئێستا هیچ یاسایەك دەرنەچووە. دەم پارتی، داوا دەكات، حكوومەت گوێ لە باخچەلی بگرێت بۆ ئازادبوونی ئۆجەلان و هەروەها رۆڵ پێدانی، چونكە بەبێ ئۆجەلان، ڕەوتی چەكدانانی پەكەكە ناگاتە ئەنجام.
باخچەلی، لە دیمانەیەكیدا بۆ رۆژنامەی (تورك گون)ی توركی دەڵێت: ”لە پرۆسەی چەكدانانی رێكخراوی تیرۆرستی پەكەكەدا، پێویستە نەخشەرێگەیەكی تازە و گونجاو و فراوان دابڕێژرێت. هەورهە پێویستە پێگەیەكی سیاسی بە ئۆجەلان بدرێت، بۆ ئەوەی ئاشتی بگاتە ئەنجام و نابێت رۆڵی ئۆجەلان بە شاراوەیی بمێنێتەوە.“
حكوومەتی توركیا، چاوەڕێی ئەوەیە پەكەكە بەیەكجاری چەك دابنێت و ئیدی یەك چەكداری پەكەكە لە شاخ نەمێنێت، بەڵام پەكەكەش داوا دەكات، سەرەتا دەبێت یاسا بۆ چەكدارانی پەكەكە و پرسی كورد دەربچێت، ئەوكات بەیەكجاری چەك دادەنێن. باخچەلی پێی وایە، سەرەتا دەبێت ئۆجەلان رۆڵێكی سیاسیی گرنگی پێ بدرێت، چونكە تەنیا ئۆجەلانە دەتوانێت ڕەوتی چەكدانانی پەكەكە بگەیەنێتە ئەنجام و هێشتنەوەی ئۆجەلان بەم شێوەیەی ئێستا، زیان بە ڕەوتەكە دەگەیەنێت.
باخچەلی پێی وایە، ئۆجەلان خاوەنی ئەو توانایەیە بتوانێت سەركردایەتیی پەكەكە بكات و چەكیان پێ دابنێت، بۆیە دەبێت پێگەی پێ بدرێت.
باخچەلی دەشڵێت: ”بۆ ئەوەی پرسی چارەسەری و چەكدانانی پەكەكە دووچاری جەڵتە نەبێتەوە و لەناو نەچێت، پێویستە لەشوێنی چەك، سیاسەت و یاسای گونجاو شوێنی بگرێتەوە.“
بۆچوونێك لەناو حكوومەت و مەهەپە دروست بووە، كورد لە باكووری كوردستان، پێویستی بە سەرۆكێكە، ئەو سەرۆكەش دەبێت ئۆجەلان بێت، چونكە تەنیا ئەوە دەتوانێت كاریگەریی لەسەر پەكەكە هەبێت بۆ چەكدانان، بۆیە پێیان گرنگە ئۆجەلان لە ئیمیڕاڵی نەمێنێت و وەكوو رێبەری دەم پارتی سیاسەت بكات و تا دواچەكداریش كاریگەریی لەسەر چەكدانانی پەكەكە هەبێت.
باخچەلی پێیوایە، چەكدانانی پەكەكە شەرعییەت وەردەگرێت، بۆیە نابێت هیچ یاسایەك رێگری لەوە بكات، پەكەكەییەكان بەشێوەیەكی مەدەنی سیاسەت بكەن، واتە لەناو پەرلەمان و حكوومەت و دامەزراوەكانی دەوڵەتدا رۆڵیان هەبێت.
تاوەكوو ئێستا لە لایەن حكوومەتەوە، هیچ وەڵامێكی باخچەلی نەدراوەتەوە، بەڵام میدیاكانی توركیا باس لەوە دەكەن، رەنگە بڕیارێك لەسەر داوای باخچەلی بۆ ئۆجەلان دەربچێت.