عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
فیلمی سینەمایی “مەنهۆڵ”، کە لەلایەن دیاکۆ بایز کاری دەرهێنانی بۆ کراوە، لە زانکۆی سەواس، لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا نمایش دەکرێت.
دیاکۆ بایز، دەرهێنەری فیلمەکە بۆ هەولێر گوتی ؛ فیلمی سینەمایی “مەنهۆڵ”، لەلایەن ساوێن یاسین رێکخراوە کە لە لەندەن نمایش بکرێت، هەر یەکە لە، رزگار باهیر و دیمەن زەندی و حەمە شێروانی و یاسین عومەر و شازادە جەبار و هێڤار جەبار رۆڵی تێدا دەگێڕن. هەروەها دوای کۆتایی هاتنی نمایشەکە پانێلیکی گفتوگۆ بەبەشداری ستافی فیلمە و بینەران، بۆ راوبۆچوونیان دەربارەی نمایشەکە سازکرا
دیاکۆ بایز گوتیشی: نمایشەکە بێبەرانبەرە بۆ ئامادەبووان، بە مەرجێک پێشتر ناوی خۆیان تۆمار کردبێت و لە کاتی دیاریکراودا ئامادەبن، ئەو فیلمە بۆ منداڵی خوار تەمەن چواردە ساڵان گونجاو نییە. هەروەها داوا دەکەین سەرجەم بینەران بە جلوبەرگی کوردیش لە هۆڵەکە ئامادەبن، ئەمەش وەک بەشێک لە رەنگدانەوەی ناسنامەی کولتووری چالاکییەکە.
ئەو دەرهێنەرە باس لە چیڕۆکی فیلمەکە دەکات و دەڵێت: فیلمی سینەمایی “مەنهۆڵ”، چیرۆکی ژیانێکی قورس و ناخۆش دەگێڕێتەوە، کە تێیدا “سامان”، کرێکارێکی پاککردنەوەی مەنهۆڵەکانە، و لە ژێر بارودۆخێکی ئابووری و دەروونی سەختدا دەژی. نەخۆشیی منداڵەکەی و ژیانی ناڕەحەتی ناچاریدەکات لە نێوان ویژدان و هەڵبژاردەیەکی مەترسیداردا بڕیار بدات. فیلمەکە بە زمانێکی رەخنەگرانە و مرۆیی، بابەتەکانی هەژاری، ناچاری و ململانێی ناوەکی مرۆڤ دەخاتە بەر باس.
بڕیارە، رۆژی شەممە، 23ی ئایاری 2026، فیلمی سینەمایی “مەنهۆڵ”، لە زانکۆی سەواس، لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا نمایش بکرێت.

