دوێنێ، چل و یەكەمین ئەڵقەی بازنەی گفتوگۆ بە ناونیشانی ” عێراق.. پرانسیپی ئاشتی و دیالۆگ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان” لە هۆڵی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن بەڕێوە چوو.
لە دەستپێكی ئەم گفتوگۆیەدا ئەو ڕاپۆرتە مەیدانیە نمایشكرا كە لەسەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان ئامادەكرابوو كە تیایدا ڕابۆچوونی چەندین سیاسەتمەدار و ئەكادیمیست وەرگیرابوو ، پاشان ئەم بەڕێزانە” • فەرسەت ئەحمەد عەبدوڵڵا ، د.نوری عوسمان، قازی ڕەحیم ئەلعگێلی، د. خالیدە خەلیل، د.مەولود باوەمراد، شوان ڕابەڕ، بێكەس قادر، هۆگر چەتۆ شێخ،ئیپەك ئەسعەد، ڕامی نوری ، ئیحسان عەلی بەهار، هەروەها ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ- شڤان حەمدی، عیماد تەها، د.نەزاكەت حسێن، د.جەلال ئەحمەد، فەرهاد محەمەد-” زۆر راشكاوانە لەسەر ئەم پرسە گرنگە گفتوگۆیان كرد.
خاڵی هاوبەشی گفتوگۆكە جەختكردنەوە بوو لەسەر ئەوەی كە كێشەی سەرەكی نێوان هەولێر و بەغدا خۆی لەوەدا بەرجەستەكردووە كە ئێستا هەرێمی كوردستان داوای جێبەجێكردنی دەستووری عێراقی 2005 دەكات، بەڵام حكومەتی عێراقی جەخت لە جێبەجێكردنی یاساكانی سەردەمی ڕژێمەكانی پێشووی عێراق دەكاتەوە كە ئەمەش پێچەوانەی سیستمی فیدرالی و پرانسیپەكانی هاوبەشی و سازان و هاوسەنگییە كە پێشتر لە كۆنگرەی ئۆپۆزسیونی عێراقی ڕێككەوتنی لەسەركراوە و پاشانیش هەر بەرێككەوتن لەناو دەستووردا چەسپێنرا.
لەبەشێكی دیكەی گفتوگۆكە هەڵوەستەی زۆر جدی لەسەر جیاوازی نێوان ئەقڵیەتی سەنترالی بەغدا بەرامبەر هەرێمی كوردستان كرایەوە و ئاماژە بەوە كرا كە دەسەڵاتدارانی ئێستای بەغدا پێداگیری لەسەر ئەوە دەكەن كە جارێكی دیكە بە سیستمی سەنتڕاڵی حكومرانی عێراق بكەن و خۆیان لەو ڕاستیانە فەرامۆش كردووە كە دەستووری عێراق سیستمی فیدرالی لەسەر بنەمای یەكێتی ئارەزوومەندانە ڕێكخستووەو ناكرێت جارێكی دیكە ئەو میژووە لە عێراقدا دووبارە بێتەوە كە سەرەنجام ڕژێمی خۆسەپێن و دیكتاتۆریەتی بەرهەمهێنا.
سەبارەت بە ئەگەر چارەسەكردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدرالی ، بەشێوەیەكی گشتی جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستان هەمووكات دەستیان بۆ ئاشتی دریژكردووە و هەوڵیانداوە كێشەكان بە ئاشتی و زمانی دیالۆگ چارەسەر بكرێن، بەڵام گرفتی سەرەكی ئەوەیە كاتێك هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی عێراق دەگاتە رێككەوتن بەشێكی زۆر كەمی ئەو رێككەوتنانە جێبەجێ دەكرێت.
جێگەی ئاماژە پێكردنە لە رۆژی 25ی ئایاری 2026 ڕاپۆرتێكی تێروتەسەلی ئەم گفتوگۆیە لە گۆڤاری گوڵان بڵاو دەكرێتەوە.

