ئاریان دەرگەڵەیی – ههولێر
پڕۆژەی سێهەزار دار و نەمامی جۆراوجۆر لە تەواوی كۆلێژ و بەڕێوەبەرایەتییەكانی زانكۆكەدا دەچێنرێن.
دەست کراوە بە هەڵمەتێكی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی لە نێو كەمپەسەكاندا.
ئەم پڕۆژەیە بە شێوەیەكی زانستی داڕێژراوە و تێیدا جۆری تایبەتی ئەو دار و نەمامانە هەڵبژێردراون كە لەگەڵ ژینگەی هەرێمی كوردستاندا دەگونجێن، وەك داری سیسەم و گوڵی بیبی ڕۆز، ئەمەش بە ئامانجی دروستكردنی كەمپەسێكی تەندروست، سێبەردار و خاوەن دیمەنێكی شارستانیی ڕێكخراو بۆ خوێندكاران و مامۆستایان.
هەڵمەتەكە لەسەر ڕاسپاردەی پ.د. كامەران یونس، سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین بە مەبەستی سەوزتركردنی زانكۆكەمان ڕاگەیێنرا.
ئەم پڕۆژەیە سەرجەم كۆلێژ، بەش و بەڕێوەبەرایەتییەكانی زانكۆی سەلاحەدین دەگرێتەوە و سێهەزار نەمام لەخۆ دەگرێت.
ئەو دارانەی بۆ ئەم پڕۆژەیە دەستنیشان كراون، زیاتر لە جۆری داری سیسەمن كە بە داری خێرا گەشەكەر و خاوەن سێبەری گەورە ناسراون. ئەم دارە تایبەتمەندیی بەرگریكردنی لە گەرما و وشكی هەیە، پێویستی بە ئاوی كەمە.
هاوكات لەگەڵ ئەم دارانەدا، رۆزۆک (baby rose) دەچێنرێت كە گوڵێكی بچووكی جوانی ڕەنگاوڕەنگە (سوور، سپی، زەرد، پەمەیی) و پێویستی بە خۆری ڕاستەوخۆ و ئاودانی مامناوەند هەیە بۆ ڕازاندنەوەی باخچەكان.
جێگای باسە ئەم پرۆژەیە بە ئامادەبوونی “ پ.د. كامەران یونس محمدامین” سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین و “ د. چنار سعد” جێگری مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای هەولێری پارتی دیموكراتی كوردستان و “ د. ئامانج برادۆستی” بەرپرسی ناوچەی زانكۆ و “زاهیر زاهیر” بەرپرسی لقی قەڵات و سەرجەم ڕاگر و بەڕێوەبەرەكان و سەرۆك بەش و مامۆستایان پڕۆژەی چاندنی سێ هەزار دار و نەمامی جۆراوجۆر لە تەواوی كۆلێژ و بەڕێوەبەرایەتییەكان ڕاگەیێنرا.

