رۆژنامەی ھەولێر

جووتیارانی کوردستان چاویان لە حکوومەتی زەیدییە گەنمی زیاتریان لێوەربگرێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

دواین بڕیاری حکوومەتی سوودانی ئەوە بوو لە چوارچێوەی پلاندا تەنیا دووسەد و نەوەد و دوو تۆن گەنم لە جووتیارانی کوردستان وەربگرێت، بڕیارێک کە بۆنی ستەمی لێدێت و جووتیارانی کوردستان پێی نیگەرانن. چەند ڕۆژێکە حکوومەت گۆڕاوە و ئومێدی ئەوە هەیە چاوخشاندنێک بە بڕیارەکانی پێشتردا بکرێت. جووتیارانی کوردستان چاویان لە حکوومەتی زەیدییە گەنمی زیاتریان لێوەربگرێت.

ئەمساڵ حکوومەتی فیدراڵیی عێراق لە پلانیدایە زیاتر لە چوار ملیۆن تۆن گەنم لە جووتیاران وەربگرێت بەڵام لەو بڕە تەنیا چوارسەد هەزار تۆنی پشکی کوردستانە کە قەبارەیەکی زۆر کەمە و بەشێکی لە دەرەوەی پلان وەردەگیرێت. ئەو بڕە گەنمەی بڕیاری وەرگرتنی دراوە کەمتر لە یەک لەسەر پێنجی ئەو قەبارەیەی گەنمە کە پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان بەرهەم بهێنرێت.
ئەمساڵ ساڵێکی تەڕ و باراناوی بوو لە کوردستان و لە پارێزگاکانی عێراق و بۆیەش ڕووبەرێکی فراوانی گەنم پێگەیشتووە و قەرارە لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە دەرگای سایلۆکان بەڕووی بارهەڵگرەکاندا بکرێتەوە.
یەکەم جار ئەو بڕە گەنمەی قەرار بوو لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیرێت دووسەد و نەوەد و دوو هەزار تۆن بوو بەڵام لە ژێر گوشاری جووتیاران و بەرپرسان و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا قەبارەکە لە پێنجی ئایاری ئەمساڵ بۆ چوارسەد هەزار تۆن بەرز کرایەوە.
بڕیارەکە جارێکی دیکە لە لایەن جووتیاران و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند کرایەوە ئەمەش لەبەر دوو هۆکار یەکەم هۆکار ئەوە بوو پشکی هەرێمی بە ڕێژەیەکی زۆر کەم زیاد کراوە لە کاتێکدا داوا کرابوو بۆ ئەمساڵ لانی کەم یەک ملیۆن تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیرێت.
هۆکاری دووەمی کەوتنەوەی ناڕەزایەتی پەیوەندی بە نرخەکەوە هەبوو چونکە ئەو بڕە گەنمەی وەک پشکی هەرێمی کوردستان زیاد کراوە خراوەتە دەرەوەی پلان و بە نرخێکی هەرزانتر لە جووتیاران وەردەگیرێت.
نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا سەد واژۆیان کۆ کردووەتەوە بۆ ئەوەی ییدەنە سەرۆکی پەرلەمانی عێرق تا دانیشتنێکی تایبەت بە گەنمی کوردستان ساز بکەن یان ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بکەونە گفتوگۆ. نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان خۆی ڕایگەیاندووە چاودێریی دۆخەکە دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و نوێنەرانی کورد لەسەر هێڵن تا بەرگری لە مافی جووتیاران بکەن.
ئێستا عەلی زەیدی سەرۆکایەتی حکوومەت دەکات و تا ئەم ساتە دیار نییە بۆ پرسی گەنمی جووتیارانی کوردستان و ئەو ستەمەی لێیان کراوە چ هەڵوێستێکی دەبێت ئایا ڕێچکەی سەرۆک وەزیرانەکانی پێشتر دەگرێتە بەر یان بە بڕیارێک هەڵەکە ڕاست دەکاتەوە و وەک یەک سەیری جووتیارانی کورد و جووتیارانی پاریزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکات.
ساڵی ٢٠٢٤ حکومەتی عێراق نزیکەی حەوتسەد هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت. ساڵی ٢٠٢٥یش تەنیا چوارسەد هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت.
کڕینەوەی گەنم لە جووتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان و دابینکردنی بودجەکەشی لە چوارچێوەی بودجەی سیادی عێراقدایە و بۆیەش دەبێت لانی کەم لەسەدا چواردەی گەنمی بەرهەمهێنراوی کوردستان وەرگیرێت.
ئەگەر جووتیاران نیوەی گەنمەکەشیان لێوەرگیرێت ئەوا دەتوانن نیوەکەی دیکە لە بازاڕی ئازاد ساغ بکەنەوە بەڵام ئەگەر زۆرترین گەنمی بەرهەمهێنراو لەسەردەستیان بمێنێتەوە ئەوا ناچار دەبن هەرزانفرۆشی بکەن کە لەو کاتەدا زیان بە جووتیاران و ئابووریی هەرێمی کوردستانیش دەکەوێت.