رۆژنامەی ھەولێر

ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای دھۆک: وەزارەتی کشتوکاڵ گرێبەستی لەگەڵ دوو کۆمپانیای تایبەت کردووە بۆ ئەوەی گەنمی زیادەی جووتیاران بکڕنەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پێشبینی دەکرێت بەرھەمی گەنمی ئەمساڵ لە پارێزگای دھۆک بگاتە زیاتر لە نیو ملیۆن تۆن. بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای دھۆک، دەڵێت: ئەگەر بەغدا تەواوی بەرھەمی گەنمی جووتیاران وەرنەگرێت، وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێم گرێبەستی لەگەڵ دوو کۆمپانیای تایبەت کردووە بۆ ئەوەی گەنمی زیادەی جووتیاران بکڕنەوە.

حکوومەتی عێراق بۆ ئەمساڵ بۆ ھەر تۆنێک گەنم ٥٠٠ بۆ ٧٠٠ ھەزار دینار دەدات و ٤٠٠ ھەزار تۆنیش لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەردەگرێت، کە ٢٩٢ ھەزار تۆنی بە پارەی نێو پلان و ١٠٨ ھەزار تۆنەکەی دیکەش بە پارەی دەرەوەی پلان. حکوومەتی عێراق ساڵانە بە پاساوی گەیشتن بە ئاستی خۆبژێویی ناوخۆیی، پشکی ھەرێمی کوردستان لە وەرگرتنی گەنم کەم دەکاتەوە ئەمەش زیانێکی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.
ساڵی ڕابردوو تۆنی گەنم بە ٨٠٠ بۆ ٨٥٠ ھەزار دینار لە جووتیاران وەرگیرا و تاوەکو ئێستاش نزیکەی ١٩٠ ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان لای بەغدایە و خەرج نەکراوە.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تەواوی ھەوڵی خۆی خستووەتەگەڕ، بۆ ئەوەی تەواوی بەرھەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران بە باشترین شێوە ساغ بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش سایلۆیەکانی ھەرێمی کوردستان ئامادەکاری دەکەن بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران.
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای دھۆک، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: کوالێتیی گەنمی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زۆر باشترە، چونکە ساڵی ڕابردوو بەھۆی کەمیی بارانبارینەوە بەرھەمی ناوچەکانی بەردەڕەش، شێخان و سێمێل باش نەبوو، بەڵام ئەمساڵ بەرھەمی ناوچە دێمییەکان زۆر باشە و جیاوازییەکی زۆری ھەیە.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دھۆک، گوتیشی: پێشبینی دەکەن بەرھەمی ئەمساڵی گەنم لە سنووری پارێزگای دھۆک بگاتە سەرووی نیو ملیۆن تۆن.
لەبارەی کات و شوێنی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای دھۆک، دەشڵێ: بۆ وەرگرتنی ئەو بەرھەمە، ھەر سێ سایلۆی ڕۆڤیا، شێخان و فەیدیە ئامادە کراون، چاوەڕێ دەکرێت سەرەتای مانگی داھاتوو گەنمی جووتیاران وەربگرین.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای دھۆک دڵنیایی بە جووتیاران دا، ئەگەر بەغدا تەواوی بەرھەمی گەنمی جووتیاران وەرنەگرێت، وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرێبەستی لەگەڵ دوو کۆمپانیای تایبەت کردووە بۆ ئەوەی گەنمی زیادەی جووتیاران بکڕنەوە.