رۆژنامەی ھەولێر

سێ ڕووفاتی سەردەمی شەڕی ھەشت ساڵەی عێراق و ئێران دۆزرانەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ڕووفاتی سێ سەربازی عێراقیی سەردەمی جەنگی ھەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران دۆزرانەوە. بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران، دەڵێت: وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی کوردستانمان لە دۆزینەوەی ئەو ڕووفاتانە ئاگادار کردووەتەوە، ئەوانیش لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەغدا ئاگادار دەکەنەوە.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەکاتی کێڵانی زەویەکی کشتوکاڵی ئێسک و پروسکی سێ کەس دۆزراونەتەوە و بەگوێرەی ئەو مەدالیانەی لەگەڵ ڕووفاتەکان دۆزراونەتەوە دەردەکەوێت ئێسک و پروسکی سێ سەربازی سوپای عێراقن و لەکاتی شەڕی ھەشت ساڵەی عێراق-ئێران لەو ناوچەیە کوژراون.
مەدالیاکان ناو، ئایین و گرووپی خوێنیان لەسەرە، یەکێک لە مەدالیاکان ناوی مووسا یونس وەھەبی لەسەرە و گرووپی خوێنی O+ـە، یەکێکی دیکەیان ناوی سادق محەممەد مستەفایە و گرووپی خوێنەکەیشی ھەر O+ـە.
جەنگی ھەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران لە ساڵی ١٩٨٠ دەستی پێ کرد و تا ١٩٨٨ بەردەوام بوو. یەکێکە لە وێرانکەرترین جەنگەکانی سەدەی ڕابردوو، بەھۆیەوە سەدان ھەزار سەرباز لە ھەردوولا کوژران و بێسەروشوێن بوون.
ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەت ناوچە شاخاوییەکانی وەک حاجی ئۆمەران، چۆمان و پێنجوێن، گۆڕەپانی سەرەکیی بەشێک لەو پێکدادانە سەختانە بوون.
دوای تێپەڕبوونی دەیان ساڵ بەسەر کۆتاییھاتنی جەنگەکە تا ئێستا بەردەوام لەڕێگەی لیژنە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئێران بە سەرپەرشتیی خاچی سووری نێودەوڵەتی، ڕووفاتی سەربازە بێسەروشوێنکراوەکان لەو ناوچە سنوورییانە دەدۆزرێنەوە و پاشان ڕادەستی کەسوکاریان دەکرێنەوە.
عەبدولوەھاب مەحموود، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی کوردستانمان لە دۆزینەوەی ئەو ڕووفاتانە ئاگادار کردووەتەوە و ئەوانیش لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەغدا ئاگادار دەکەنەوە.
بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران، گوتیشی: ئێسک و پروسکەکان پارێزراون و بەگوێرەی مەدالیایەک کە لەگەڵ ئێسکەکان دۆزراوەتەوە دەردەکەوێت ڕووفاتەکان سەربازانی عێراقن و لە شەڕە سەختەکانی ئەو سنوورە لەنێوان ساڵانی ١٩٨٣ بۆ ١٩٨٨ کوژراون.