دوای ئەوەی لە ٧ ـی ئایار، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، کارنامەی وەزاریی حکوومەتی نوێی عێراقی پێشکەش بە هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان کرد و رۆژی ١٤ی ئایار، متمانەی پەرلەمانی وەرگرت و دەنگ بە ١٤ وەزیری کابینەکەی درا.
بەهێزترین لایەنی کوردستانی لە پەرلەمانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستانە و خاوەنی زۆرتین دەنگ و ژمارەی کورسیی پەرلەمانییە، پارتی لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا یەکێک لە دروشمەکانی هاوبەشی بوو کە بە کۆلەکەی سەرەکی دەستووری دەزانی و زەیدیش وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق لە یەکەم وتاریدا بەڵێنی هاوبەشی دا.
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق لە گوتارێکدا بۆ گەلی عێراق بەبۆنەی دەستبەکاربوونییەوە، سوپاسی پەرلەمان، لایەنە سیاسییەکان و مەرجەعییەتی باڵای ئایینی کرد بۆ پشتیوانییان، جەختی لەوەش کردەوە، رێگەی چاکسازی سەختە، بەڵام مەحاڵ نییە.
زەیدی، لە وتەکانیدا، ڕایگەیاند؛ قۆناغی داهاتوو قۆناغی هاوبەشیی راستەقینە دەبێت بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان. ئەوەشی خستە روو، کاری لەپێشینەی کابینەکەیان دەستپێکردنی بەرنامەیەکی هەمەلایەنەی چاکسازیی ئابووری و داراییە بۆ بنیادنانی ئابوورییەکی بەهێز تاوەکوو پشت بە یەک سەرچاوە نەبەسترێت.
وتیشی؛ بە هەموو هێزێکەوە کار بۆ پاراستنی ماڵی گشتی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی کارگێڕی و دارایی دەکەن، چونکە رێگرە لە بەردەم گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونی وڵات.
سەبارەت بە پەیوەندییەکان و ئاسایشی وڵات، عەلی زەیدی روونیشی کردەوە، کار بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی سەروەریی عێراق دەکەن، هەروەها پەیوەندییە عەرەبی، هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیان لەسەر بنەمای رێزگرتنی دوولایەنە و بەرژەوەندیی هاوبەش بەهێز دەکەن بۆ ئەوەی پێگەی عێراق لە ناوچەکەدا بپارێزرێت.
دەربارەی پرسی گەنجانیش، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی دا، دەرفەتی کار بڕەخسێنن و رێژەی بێکاری کەم بکەنەوە، لە رێگەی پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت و هاندانی وەبەرهێنان.
لە ڕابردوودا، گرفتی گەورەی بەردەم حکوومەت دەوڵەتی قوڵ بوو، هەبوونی هێزی لە یاسا لادەر و نایاسایی بوون کە دەسەڵاتەکانیان لە سەرووی دەسەڵاتی یاسا و حکوومەتی فیدراڵیەوە دەبینی، بۆ ئەو مەبەستە داواکاری زۆر و فشاری زۆر لەسەر زەیدی هەیە کە لە کابینەکەیدا ئەو گرفتە بنبڕ بکات.
گرفت گەندەڵی و بە هەدەردانی سامانی گشتیش گرفتێکی قوڵبوو، هەر بۆیە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق لە یەکەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیران تێیدا پاکێجێک رێنمایی ئاراستەی وەزیرەکان کرد و ئەو پاکێجە وەک نەخشەڕێگایەک دەبێت بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی حکوومەت، ئامانجەکان و پێشینەکانی کارکردنی کە خزمەت بە هاووڵاتییان دەگەیەنێت، هەروەها دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری و ئابووری و پەرەپێدانی ئاستی کارکردنی دامەزراوەیی.
بە پێی راگەیەنراوەکە، سەرۆکوەزیران فەرمانی کرد بە داڕشتنی سیاسەتێکی ئابووریی گشتگیر بۆ وڵات و پێکهێنانی “ئەنجوومەنی سەقامگیریی دارایی”. هەروەها جەختی کردەوە کە وەزارەتی نەوت نابێت تەنیا وەزارەتێک بێت بۆ فرۆشتنی نەوتی خاو، بەڵکو دەبێت ببێتە وەزارەتێکی خاوەن بەهای زیادکراو بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان، هەناردەکردن و پەرەپێدانی کەرتی نەوت.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی راسپارد کە بە پەلە راپۆرت و کارنامە ئامادە بکات سەبارەت بە دۆسیەکانی کاراکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ دەوروبەری عەرەبی، هەرێمی و نێودەوڵەتی.

