رۆژنامەی ھەولێر

پێش جەژن هەزاران پارچە زەوی دابەش دەکرێن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەم ھەفتەیە ١١ ھەزار پارچە زەوی دیکە لە سنووری دھۆک، ئاکرێ و شێخان بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێن. بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی دھۆک، دەڵێت: بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم جێبەجێ دەکەین، ئەو فەرمانبەرانەی ڕەزامەندییان ھەیە و مەرجەکان دەیانگرێتەوە زەوی وەردەگرن.

٢٧ی ئایاری ساڵی ٢٠٢٤ مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان، بڕیاری دا زەوی بەسەر فەرمانبەرانی کوردستان دابەشبکرێت کە لە ڕابردوودا سوودمەند نەبوونە، بەپێی ڕێنوێنیی ئەنجوومەنی وەزیران، ھەر فەرمانبەر و پێشمەرگەیەک ‏ھەشت ساڵ خزمەتی ھەبێت و ھەر خانەنشینێکیش لە کاتی فەرمانبەریدا سوودمەند نەبووبێت، بەپێی شوێنی نیشتەجێبوونی یان کارتی زانیاری ٢٠٠ مەتر زەوی وەردەگرێت.
جێبەجێکردنی ئەو ھەنگاوە نیشانەی خەمخۆری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە بۆ دابینکردنی مافی فەرمانبەران و نرخاندنی ماندووبوونی ئەوان، ئەوەش دەبێتە ھۆکاری گەشەپێدانی ئاوەدانی زیاتر لەو ناوچانە، ھەروەھا چارەکردنی کێشەی نیشتەجێبوون، بەوەش خزمەتێکی بەرچاو پێشکەشی فەرمانبەران و کۆمەڵگە دەکرێت.
دیار بەحری، بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: مژدە دەدەینە خەڵکی خۆشەویستی سنووری پارێزگای دھۆک، پێنج ھەزار پارچە زەوی لە سنووری شارەوانی فەیدیێ ئامادەنە، لیستەکان ئامادە دەکەین و پێش جەژنی قوربان دابەش دەکرێن، لە سنووری شارەوانی ئاکرێش دوو ھەزار و ٥٠٠ پارچە زەوی دابەش دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستە ئامادەکاری تەواو کراوە.
بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی دھۆک، گوتیشی: لە سنووری ھەموو شارەوانییەکان ئامادەکاری دەکرێت، دوای دابەشکردنی ئەو پارچە زەوییانە، ھەندێک شارەوانی دیکەش زەوی ئامادە دەکەن، لە کەلەکچی، بەردەڕەش، سێمێل و ئامێدیش زەوی ئامادە دەکرێت و دابەش دەکرێت.
دیار بەحری، بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی دھۆک، زیاتر گوتی: بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت، ئەو فەرمانبەرانەی ڕەزامەندییان ھەیە و مەرجەکان دەیانگرێتەوە زەوی وەردەگرن.
لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی شارەوانی شێخان، ڕایگەیاند، ڕەزامەندی لەسەر دابەشکردنی ٤ ھەزار پارچە زەوی دراوە بۆ دابەشکردن و لە نزیکترین کاتدا دەست دەکەین بە دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەراندا.