ئەمڕۆ چوارشەممە 2026.5.13، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئامادە و بەشداریکردنی لە “کۆڕبەندی ئاشتی و ئازادیی کۆمەڵایەتی”، سەردانی بارەگای سەرەکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە شاری ئامەد کرد و لەلایەن عومەر ئیلەر، سەرۆکی لقی ئامەدی ئاکپارتی و ژمارەیەکی دیكە لە بەرپرسان و ئەندامانی باڵای پارتەکەوە پێشوازی لێکرا.
لە دیدارەکەدا، هەردوولا جەختیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و پەرەپێدانی هەماهەنگی هاوبەش کردەوە. هاوکات پرسی چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکان لەڕێگەی دیالۆگەوە تاوتوێ کرا و تیشک خرایە سەر ڕۆڵ و پێگەی پارتی ناوبراو لە ناوچەکەدا.

