شیرین فوئاد مەعسووم
پەرەسەندنی سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرامبەر بە کوردەکان بە چەندین قۆناغ و گۆڕانکارییەوە تێپەڕیوە، بەڵام بەداخەوە هەرگیز نەبووە بە ستراتیژییەکی ڕوون و بەردەوام. سیاسەتی واشنتۆن بەرامبەر بە کوردەکان تاڕادەیەکی زۆر تاکتیکی و کاتی ماوەتەوە، کە لە لایەن بارودۆخە دەستبەجێکراوەکان و قەیرانە ناوچەییەکانەوە پێکهاتووە نەک لە لایەن هاوپەیمانێتییەکی درێژخایەنی نووسراوەوە کە لەسەر بەرژەوەندیی هاوبەشی بنیاتنراوە.
ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە کوردەکان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام لە هەمان لایەنی ململانێ هەرێمییە گەورەکاندا بوون. کوردەکان دەیانەوێت ئازادانە لە خاکی خۆیاندا بژین، بەردەوام شەڕی توندڕەوییان کردووە و لە زۆر حاڵەتدا هاوپەیمان و دوژمنانی واشنتۆنیان هەیە.
لەگەڵ ئەوەشدا کوردەکان هەرگیز سەرکەوتوو نەبوون لە بوون بە شتێکی پێویست بۆ سیاسەتی ئەمریکی وەک ئەوەی کە ئەکتەرەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردوویانە. ڕوونکردنەوەی ئاشکرای نەبوونی دەوڵەتێکی کوردییە کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانیپێدا بنرێت. بە شێوەیەکی سروشتی دەوڵەتەکان پلە و پایە زیاتر لە دیپلۆماسییەتی جیھانی دا دەگرن. بەڵام ئایا دەتوانین هەموو تاوانەکە بخەینە سەر ئەو؟ بە دڵنیاییەوە نا. ئێمە وەک کوردەکان دەبێ شکستەکانی خۆمانیش بخەینە بەرچاو.
یەکێک لە شکستە دیارەکان لۆبی کردنە. لۆبیکردن یەکێکە لە گرنگترین ئامرازەکانی دیپلۆماسیەت. ئەمە داهێنراوێکی نوێ نییە؛ لە مێژوودا هەبووە وەک ئامرازێک کە توانای بەهێزکردنی نەتەوەکان یان تێکشکاندنیان هەیە. هەر وڵاتێکی کاریگەر سوپایەکی لۆبیست و ڕاوێژکار و کۆمەڵەی بیرمەند و هاوپەیمانی میدیایی و تۆڕەکانی سیاسەتی هەیە بۆ مانۆڕکردن لە ناو جیهانی هەستیار و ئاڵۆزدا لە سیاسەتی نێودەوڵەتی. کوردەکانیش ملیۆنەها دۆلاریان بۆ هەوڵەکانی لۆبیکردن خەرج کردووە. بەڵام پرسیارەکە دەمێنێتەوە: ئایا بەڕاستی کاریکردووە؟ لە زۆر ڕووەوە وەڵامەکە نەخێرە.
هۆکارەکە ئەوەیە کە لۆبیکردنی کوردەکان زۆرجار تاکەکەسی بووە نەک دامەزراوەیی. لە جیاتی ستراتیژیی نەتەوەیی، لە دەوری کەسایەتییەکاندا خولاوە. ئەمە پەیامی هەڵە دەنێرێت بۆ واشنتن. ئەو بۆچوونە دروست دەکات کە سیاسەتی کورد پەرتەوازە و کاتییە و پشت بە پەیوەندییە کەسییەکان دەبەستێت نەک بینینێکی یەکگرتووی درێژخایەن.
لە ماوەی ڕابردوودا، تویتێکی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ کە ستایشی كەسێكی سیاسی کورد دەکات، بەشێك لە لایەنگرانی ئەو سیاسییەی هێنا هەلەكەسەما. بەڵام ماوەیەکی کەم دوای ئەوە، ئەو ئاهەنگگێڕانە بە لێدوانێکی دیکە تێکشکێنران کە ڕەخنەی لە کوردەکان گرت بۆ هاوکاری نەکردن و بە بەکرێگیراوی موچەخۆر نیشاندانیان دەکرد. تەنانەت، کە ترەمپ باسی کوردی بە خراپەکرد، چەند کەسێکی بێ باک و بێوەفای کورد دژ بە کورد کاریان کردووە و دەیانەوێت کورد بشکێتەوە. ئەمە پرسیارێکی ناڕەحەت دەخاتە ڕوو: ئایا شایانیەتی خەرجکردنی ملیۆنەها دۆلار بۆ دەست نیشانە سیاسییەکان کە دەکرێت لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا نەمێنێت؟ واقیعی واشنتن مامەڵەیە. کاریگەریی ڕۆژانە دەکڕدرێت، دەفرۆشرێت، دانوستان دەکرێت و بازرگانی پێوە دەکرێت. ستایشی گشتی لە لایەن سیاسەتمەدارانەوە دەتوانێ سەردێڕ و جۆش و خرۆش دروست بکات، بەڵام سەردێڕەکان ستراتیژ نین. تویتێک لەوانەیە بۆ چەند کاتژمێرێک هەستێکی ساختەی ئاسایش دروست بکات، بەڵام هەمان “سەرکەوتن” دەتوانێت لە یەک شەودا بە لێدوانێکی دژبەرەوە لەناو بچێت. ئەمە لۆبی ستراتیژی نییە. ئەمە وەهمێکی سیاسییە. لۆبیکردنی ڕاستەقینە بریتی نییە لە پارەدان بۆ ستایشی کاتی لە سیاسەتمەدارانەوە. لۆبیی ڕاستەقینە مانای دروستکردنی کاریگەری قوڵە لە ناو ئەو دامەزراوانەدا کە سیاسەتی ئەمریکی دروست دەکەن بێ گوێدانە ئەوەی کێ لە کۆشکی سپی دانیشتووە. واتە پەرەپێدانی پەیوەندی لە ناو تاقمەکانی بیرکردنەوە، بازنەکانی هەواڵگری، دامەزراوەکانی سیاسەتی دەرەوە، ئەکادیمیا، ڕێکخراوەکانی ڕاگەیاندن، و هەردوو لایەنی سیاسی لە ماوەی چەند دەیەدا، نەک تەنها بەدوای نزیکبوونەوە لە سەرۆکێک یان بەڕێوەبەرایەتییەکدا.
لۆبی کوردەکان زۆر جار پشتیان بە کۆنگرێس بەستووە، کە هاوسۆزی بۆ کوردەکان هەیە. تەنانەت ترامپ خۆی دانی بەوەدا نا کە کۆنگرێس بە شێوەیەکی نەریتیانە پشتیوانی لە کوردەکان دەکات. بەڵام ئەوەشی ڕوونکردەوە کە هاوسۆزی کۆنگرێس بەتەنیا سیاسەت دیاری ناکات. لە ئیدارەی سەرۆكایەتییەكاندا – بەتایبەت ئەوانەی زۆر مەركەزییەتیان هەیە – گرنگترین شت بیركردنەوەی سەرۆك و ئەو كەسانەیە کە نزیكن لێی.
ئەمە ڕێک ئەو شوێنەیە کە لۆبی کوردی لاوازی خۆی دەرخست. زۆر وزە چووە ناو گەیشتنی سیمبولیکی لەجیاتی قووڵایی ستراتیژی. پارەیەکی زۆر خەرج کراوە بۆ بەرچاوی کاتی لەبری کاریگەری هەمیشەیی. سەرکردە کوردەکان زۆر جار دەستکەوتنیان بۆ دەسەڵات پیرۆز دەکەن لەجیاتی ئەوەی کە هێزیان لەسەر دەسەڵات دروست بکات.
ڕاستییە سەختەکە ئەوەیە: نەتەوەکان لە واشنتن دەمێننەوە نەک لەبەرئەوەی هەندێک جار لە لایەن سیاسەتمەدارانەوە دەستخۆشییان لێدەکرێت، بەڵکو لەبەرئەوەی زۆر گرنگ دەبن بۆ ئەوەی پشتگوێ بخرێن. دەسەڵاتی سیاسی کورد هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو قۆناغە.

