یەڵدا هەرکی
ئێمە ڕەنگدانەوەیەکی بێکۆتایین،
لە دوو کەناری هیچێکی مەزندا؛
دێڕێکی نەنووسراو لە بێدەنگیی کڕێوەدا،
کە لە نێوان دوو وشەدا دەبنە یەک.
دەست هەڵگرە لە نەخشە؛
جوگرافیا، تەنیا سێبەرێکی لێڵی دڵە،
نیشتمان؟
باوەشی تۆیە،
کاتێک جیهان خۆی لێ بچووک دەبێتەوە
تا لە نێوان قۆڵەکانتدا جێی ببێتەوە.
ئێمە دوو نەی و یەک هەناسەین،
دوو سێبەری یەک هەقیقەت،
کە لە دوو جەستەدا مەشقی بوون دەکەین؛
سەمای یەک ترپەین،
دوو کراسی نوور و خاکمان پۆشیوە.
تۆ و من؛
وەکچۆن نەی دەبێتە نەوا و پیاڵە دەبێتە مەی،
ئاوێتەی یەکترین.
من گەردوونە ماڵییەکەی تۆم؛
تۆ چۆن بدرەوشێیتەوە، من هەر ئاوا سەوز دەبم.
بەیانیان، بە پەیژەی برژانگەکانمدا سەر دەکەوم
تا ئەو خۆرەی لە هەناومدا دەوەشێتەوە،
نیشانی زەوی بدەم.
ئەو خوێنەی لە مندا دەگەڕێ،
سەرچاوەکەی کێوستانەکانی بیری تۆیە.
ئێمە مەشقی یەک جەستەین لە دوو تەندا؛
شکۆی سێبەر لە هەنتەشی ڕووناکیدا،
لەوێدا کە نە شەو دەمێنێ و نە جەستە،
تەنیا یەکبوونە
لە کەناری سووری لێوماندا دەپشکوێت.
من، یەڵدایەکی ڕەقبووم لە لێواری بەستەڵەکدا،
تۆ، شەمسێکی لەپڕ
کە تاریکی لە ناو ئێسقانەکانمدا دەسووتێنیت.
سیاهیی پرچم و غەریبیی تۆ،
دوو کێشی هاوتەرازووی گەردوونن.
هەرچی لەم قۆزاخەیەدا دەیتەنم،
باڵی پەپوولەیەکە
بۆ هەناسەدانی ناو سینەی تۆ.
ئێمە هاوسەردەمین؛
لە لەرینەوەی ساتێکدا کە تێماندا نابڕێتەوە.
سنوور نییە؛
قووڵایی من، ئاسۆی تۆیە.
لە من بڕوانە؛
تۆ، بە جوانترین وێنەت دەگەڕێنمەوە بۆ خۆت.
هەرچی لە مندا هەیە، ناوی تۆیە،
و هەرچی لە تۆدا هەیە، ژنێکە
کە جیهان،
هێدیهێدی بە ناوی بچووکی تۆوە دەیناسێتەوە.

