د. ژیلوان تاهیر
وەكو ئاشكرایە ڕەوتی ڕەخنە لە بواری شانۆدا زۆر گرنگە، ڕەگەزێكه لە بنەماكانی پێكهاتە و تەواوكەری نمایشی شانۆیی، ئەگەر ئاوڕێكی خێرا لە بزاڤی شانۆ لە كوردستان بدەینەوە بۆمان دەردەكەوێت هەر لە سەرەتای هەفتاكانی سەدەی ڕابردووەوە تاكو ئەمڕۆ ئەو نووسەر و ڕۆشنیرانەی كە خولیای ڕەخنەی شانۆیییان هەبووە زۆریان خەڵكی هەولێرن و، بەپێی قۆناغەكان، ڕۆڵی كاریگەریان بینیوە لە بواری ڕەخنەی شانۆییدا؛ لەوانەش: محەمەد تەیموور، د.كەمال غەمبار، سەباح هورمز، حەیدەر عەبدولڕەحمان، موحسین محەمەد، موئەیەد فەقێ، نازم دڵبەند، مەحمود زامدار، سلێمان گەڵاڵی و، حەمەسوار عەزیز. ئەم پۆلە نووسەر و هونەرمەندە بەپێی توانا خزمەتێكی باشی بواری ڕەخنەیان كردووە، هەندێكیان بەردەوام و هەندێكیان لە قۆناغێكی تایبەتدا؛ ئەوەی گرنگە و پێویستە بگوترێت هۆكارەكان زۆرن كە هەولێر پشكی شێری بەركەوتووە لە بواری نووسینی ڕەخنەییدا، كە من لە توێژینەوەیەكی زانستی و هونەری بە وردبینیەوە لەسەری دەدوێم بەڵام لێرەدا ئاماژە بە چەند خاڵێك دەكەم:
1. شاری هەولێر بە درێژایی مێژوو تاكو ئەمڕۆ مەڵبەندی پێكەوەژیانی ئایین و مەزهەب و نەتەوە جۆراوجۆرەكانە.
2. هەولێر وا هەڵكەوتووە كە پایتەخت و ناوەڕاستی هەموو شارەكانی باشووری كوردستانە.
3. وەختی خۆی باشترین و زۆرترین هۆڵی شانویی لە شاری هەولێر هەبووە بۆ نمایشی شانۆیی.
4. لە ساڵانی حەفتاكانەوە تاكو ئەمڕۆ جگە لە نمایشە شانۆییەكانی شاری هەولێر، بەردەوام نمایشە شانۆییەكانی سلێمانی و دهۆك و كەركوك لە شانۆگەكانی هەولێر نمایش كراوە.
5. لە ساڵانی حەفتاكانەوە تاكو ئەمڕۆ زۆرترین ڤیسیڤاڵی شانۆیی لە هەولێر ساز كراوە.
6. هەموو جۆرە فكر و ئایدۆلۆژیا جیاوازەكان لە شاری هەولێر ڕۆڵی كاریگەریان هەبووە بۆ ڕەنگدانەوەیان لە بواری ڕەخنەی شانۆیی لە ڕاستەوە بۆ چەپ، لە چەپەوە بۆ ئاراستەی جیاوازتر.
7. سەرجەم ڕەخنەگرە شانۆییەكانی هەولێر لە ساڵانی حەفتاكان و هەشتاكان ئامادەییەكی باشیان هەبووە لە نمایشە شانۆییەكانی شانۆی عێراقی.
8. ڕەخنەگرە شانۆییەكانی شاری هەولێر بەردەوام ئامادەیییان هەبووە لە نمایشە شانۆییەكانی سلێمانی و كەركوك و دهۆك.
9. رۆحی بێلایەنی لە لای رەخنەگرە شانۆییەكانی شاری هەولێر هۆكارێك بووە كە ڕەخنە شانۆییەكانی بە سینگێكی فراوانەوە پێشوازییان لێ بكرێت.
10. زۆربەی ڕەخنەكرەكانی شانۆیی شاری هەولێر شارەزاییەكی باشیان هەبووە لە نووسین بە زمانی كوردی و عەرەبی و فارسی و توركی.
11. ڕەخنەگرانی شانۆیی لە شاری هەولێر هەروەكو ئەركێك دركیان بە بۆشایی بواری ڕەخنەگرتن كردووە و لەژێر كاریگەریی پێشبڕكێ توانیویانە ئەم بۆشاییە پڕ بكەنەوە.
12. ڕەخنەگرە شانۆییەكانی شاری هەولێر لایەنگیری و شارچیەتییان نەكردووە و هەركەسەو بە تێڕوانینی خۆی لەناو جیهانی شانودا لە قۆناغێكدا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە و هەندێكیان تاكو ئێستاش هەر بەردەوەمان و جێگای متمانەی دەرهێنەرەكانن و ڕەخنەكانیان دەرئەنجامی شەونخوونیانە و ئەوەش جێگای شانازیە بۆ شاری هەولێر.

