مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
یەكشەممە و دووشەممەی ڕابردوو، یارییەکانی گەڕی ٣٤ی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەڕێوە چوو. لە نێو یانە كوردستانییەكانی بەشدار لە خولەكەدا، هەردوو یانەی دهۆك و هەولێر سەركەوتنیان تۆمار كرد و یانەكانی زاخۆ و نەورۆز شكستیان خوارد.
یانەی دهۆك لە یارییەكی تا ڕاددەیەك ئاساندا بەرانبەر یانەی قاسمی خوارەوەی ڕیزبەندیی خولەكە لە نێو یاریگەی خۆیدا یاریی كرد و لە ئەنجامدا یارییەكەی بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ بردەوە. بەو پێیە ژمارەی خاڵەكانی گەیاندە 48 خاڵ و خانەی نۆیەمی لە نەورۆز سەندەوە.
لە یارییەكی دیكەی گرنگدا، یانەی هەولێر كە باشترین یانەی كوردستانییە لە خولەكەدا، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بووە میوانی یانەی نەجەف. یانەی هەولێر لەو یارییەدا سەركەوتنێكی گەورە و گرنگی تۆمار كرد و نەجەفی گۆڵباران كرد. گۆڵەكانی یانەی هەولێر لە ڕێگەی یاریزانان شێرزۆر تەیمیرۆڤ دوو گۆڵ و عەلی شاخەوان و مایكۆڵ كابرێراوە تۆمار كران. بەو دوو گۆڵە، شێرۆزد تەیمیرۆڤی یاریزانی ئۆزبەكستانیی یانەی هەولێر ژمارەی گۆڵەكانی لە كۆی 32 بەشداریكردنی لەگەڵ یانەی هەولێر گەیاندە 28 گۆڵ و ئێستە لە سەرووی لیستی گۆڵكەرانی خولی عێراقە و بە تەنیا نیوە زیاتری گۆڵەكانی یانەی هەولێری تۆمار كردووە. یانەی هەولێر بەو سەركەوتنە ژمارەی خاڵەكانی گەیاندە 70 خاڵ و پێگەی خۆی لە خانەی سێیەم توندتر كرد و 5 خاڵ لە نزیكترین ڕكەبەری كە یانەی زەورایە، دوورە. یانەی هەولێر دەیەوێ خانەی دووەم لە شوڕتە وەربگرێ و هەوڵی نزیكبوونەوە و ڕكەبەریكردن لەسەر بردنەوەی ناسناوەكە لەگەڵ یانەی جەوییە بدات.
بۆ ئەو مەبەستە سەفین یاسین، سەرۆكی یانەی هەولێر، پێشتر ڕایگەیاند: گەر پلەی یەکەمی خولەکە بە دەست بهێنین، هەر یاریزانێکی سەرەکی و ئەوەی یاری دەکا، ئۆتۆمبێلێکی بە دیاری بۆ دەکڕین، خۆ گەر دووەم و سێیەمیش بین و بەشداریی خولێکی دەرەکی بکەین، هەر خەڵاتیان دەکەین و لەگەڵ راهێنەر باسم قاسم، ڕێک کەوتووین.
ئەنجامەكانی ئەم وەرزەی یانەی هەولێر لە ژێر سەرپەرشتیی راهێنەر باسم قاسمدا، جێی دڵخۆشیی هاندەرانی یانەكەیە، باسم قاسمی راهێنەر لە كۆی 34 یاریدا، توانیویەتی 20 بردنەوە بە دەست بهێنێ 10 یەكسانبوون و 4 شكستیش. یانەكە 52 گۆڵی تۆمار كردووە و 70 خاڵی هەیە.
لە یارییەكی دیكەی خولەكەدا، یانەی زاخۆ لە نێو یاریگەی خۆیدا بەرانبەر یانە بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ تووشی شكست هات و ژمارەی خاڵەكانی لە 51 خاڵدا مایەو و لە خانەی هەشتەمی خولی ئەستێرەكانە. یانەی نەورۆزیش لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرانبەر یانەی كارەبا شكستی خوارد و خانەی نۆیەمی بۆ یانەی دهۆك چۆڵ كرد و ئێستە بە 47 خاڵ لە خانەی دەیەمە.
ئەنجامی سەرجەم یارییەکانی گەڕی ٣٤ی خولی عێراق
دهۆک – قاسم 2-1
مینا – زەورا 0- 2
نەوتی میسان – نەوت 3-0
شوڕتە – غەڕڕاف 1-0
گەرمە – قوەی جەوییە 3-0
کارەبا – نەورۆز 2-1
کەرخ – ئەمانەی بەغدا 2-1
نەجەف – هەولێر 1-4
زاخۆ – دیالە 1-2
مووسڵ – تەڵەبە 2-2
خشتە و کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی گەڕی 35ی خولی ئەستێرەکانی عێراق
یارییەکانی پێنجشەممە ١٤/٥/٢٠٢٦
نەوتی میسان – گەرمە، کاتژمێر ٠٥:٣٠ی ئێوارە
نەوت – مینا، کاتژمێر ٠٥:٣٠ی ئێوارە
زەورا – قاسم، کاتژمێر ٠٨:٠٠ی ئێوارە.
یارییەکانی هەینی ١٥/٥/٢٠٢٦
ئەمانەی بەغدا – کارەبا، کاتژمێر ٠٥:٣٠ی ئێوارە
غەڕڕاف – کەرخ، کاتژمێر ٠٥:٣٠ی ئێوارە
مووسڵ – دهۆک، کاتژمێر ٠٥:٣٠ی ئێوارە
دیالە – شوڕتە، کاتژمێر ٠٨:٠٠ی ئێوارە
قوەی جەوییە – تەڵەبە، کاتژمێر ٠٨:٠٠ی ئێوارە
هەولێر – نەورۆز، کاتژمێر ٠٨:٠٠ی ئێوارە
زاخۆ – نەجەف، کاتژمێر ٠٥:٣٠ی ئێوارە

