رۆژنامەی ھەولێر

پاییزە خەون ئاوێنەی شکانی مرۆڤ لە نێوان واقیع و وەهمدا

خوێندنەوەی: باهۆز مستەفا
ڕۆمانی پایزە خەون، محەمەد مەولود مەم
کاتێک باس لە ئەدەبیاتی گێڕانەوەی کوردی لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا دەکەین، ناتوانین بەسەر ناوی نووسەر”محەمەد مەولود مەم و شاکارە تاقانەکەی “پاییزە خەون” تێپەڕین. ئەم ڕۆمانە کە لە ساڵی ١٩٨٧دا بڵاوکراوەتەوە، تەنها گێڕانەوەی چیرۆکێکی سادەی گوندنشینەکان نییە، بەڵکو شیکارییەکی وردی دەروونی و کۆمەڵایەتییە بۆ قۆناغێک لە مێژووی کورد، کە تێیدا خەونەکان وەک گەڵای پاییز لەبەردەم ڕەشەبای ستەمدا هەڵوەریون.
پوختە: کاک ڕەشید (جەردە) دوای ئەوەی سەرکەوتوو نەبوو لە وەرگرتنی مووچەکەی، چونکە حەمەچاوش درۆی لەگەڵ کرد، تا درانگانی ئێوارە هێشتییەوە گوایە مووچەکەی پێدەدات. ڕەشید – کە جەردەشیان پێدەگوت پێشتر گوێی لە هاوڕێکانی (عەلە ئیختە و تۆما ) ببوو، کە حەمەچاوش چ درۆزنێکە « قسەکانی حەمەچاوش هەر تەنیا –با- یەکە لە زکی خۆی دەری دەکا». جەردە ناچار بە خەم و خەفەتەوە بڕیاربدات، بەیانی کە ڕۆژی هەینییە بگەڕێتەوە ماڵەوە و سەر لە منداڵەکانی بدات، بە بێ ئەوەی بە سەرکارەکەی بڵێ و ئاگاداری بکاتەوە، ملی بەڕێگاوە نا. بەم پایزە درەنگە لەم ڕێگەیە یادگارییەکانی هاتنەوە بەرچاو، کە چۆن لە نێو ئەو شاخ و کەپک و دۆڵ و هەڵدێرانە ئاوارە بووە، چۆن دوژمن هێرشی هێناوەتە سەر گوندە جوانەکەیان و وێرانیان کردووە و سووتاندویانە، ژن و منداڵ و پیر و پەککەتەکان ڕوویان کردۆتە شاخ و ئاوارە بوونە، ئەو وەک منداڵێک لە دایبابی ون دەبێت لە دۆڵ و شێو و دارستان. ئەو کات دوژمن خەڵکێکی زۆری لەناو برد. ڕەشید ئاهی هەڵکێشا لەگەڵ دەنگی کەو بیرکردنەوەکەی ڕەوییەوە، ئەو جارە بۆ خۆ خافڵاندن هەنگاوەکانی دەژمارد. ئیتر لە دەرمانەوە بۆ شێرەسوار بانگی شێوانی دا، لە گردەچاڵ نیازی لادانی هەبوو بەو هیوایەی لە گردەچاڵ لابدا و خۆی گەرم بکاتەوە بە خێرای بەسەر بەردەکانی ناو ڕووبار بازی دەدا.
بە دەم وەرێنەوە و گلەییەوە بەرەو گوند شۆڕی کردەوە، کە باوکی پیاوێکی لەش سوک و گورج وگۆڵ بووە، بە یەک نەفەس و بێ وەستان بە سەفینی هەڵگەڕاوە، تا گەیشتۆتە (گۆڕایی خانزاد) و (کەپکی کایسان) پشووی نەداوە، پیاوێکی سەرڕەق و بە دەمار بووە لە کەسی قبووڵ نەکردووە لەبەر ئەو ئازاییە ناویان ناوە جەردە، چونکە ئەو سەردەمە ئەوەی بەڕاستی دز و درۆزن و پیاوکوژی ئاغا و حەڵقە لە گوێی دەوڵەت و دەست ئەستوور نەبوایە بێ یاخی بوو، بە جەردە حیساب دەکرا. ئێستاش هەمووان بە جەردە بانگی دەکەن، بەڵام لەم ڕۆژگارە جەردەکان لە ”کاکی هیرانێ” بە ساف و بەڕێز و بە حورمەت ترن. کەی باوکی خوا لێخۆشبووم جەردە بووە؟ لەو دەمە وێنەی حەمەچاوشی ژمێریاری هاتەوە یاد: ڕووی ڕەش و گرژ و مۆن.. ڕووی چرچ و پڕ لۆچی حەمەچاوش، کە درۆ و ساختەی لێ دەباری. دەم و لوتی خەپلە و ورگی بەل و ئەستووری ژمێریار، کە نیشانەی گەلحۆیی و چلێسی دەنوێنن.
لای حەمە چاوشی ژمێریار، کرێکار دە عانەی وەردەگرت. بەڵام هێستر و بارگین ڕۆژێ هەر یەکەیان دوو ڕوپیەی بۆ دەنووسرا. گوێدرێژ تەنیا یەک ڕوپیە ڕۆژانەی بوو. لەبەر خۆیەوە دای لە قاقای پێکەنین بە تایبەتی کە بیری کردەوە: هێستر یان بارگین، بارتەقای سێ بەنی ئادەم بوو!
دوو کەر بە سێ خواپەرست خورد دەکانەوە. پێکەنینەکەی تا دەهات تووندتر دەبووەوە، ئاو دەزایە چاوەکانی. دەیانگوت: ئاغای گوند بە دوو ئێستر و کوڕەکانیشی هەر یەکە بە بارگینێک نووسراون. عەلە ئیختەی هاوڕێی بە یەک کەر!
لەبەر خۆیەوە پرسی: ئەدی حەمەچاوشی ژمێریار، سەرۆکەکانی دیکە، کە لە شارن، دەبێ ئەم گەورانە حیسابی چەند کەر و ئێستر و بارگینیان بۆ کرابێ؟
کاتێ گەیشتە ناو گوند، زوو خۆی گەیاندە مزگەوت، خەڵک نووژی جەماعی لە مزگەوت دەکەن، بۆ کەسی لێ نییە؟ لە سێ کەس زیاتری لێ نەبوو. گوتیان دیارە نەتزانیوە، مەلا نوێژی شێوان لە دیوەخانی ئاغا دەکات.
چۆن؟
چونکە شەوانی هەینی پارووی چەوریشی بۆ خەڵکەکە ئامادەکردووە.
بیریکردەوە پیاو کە شەو کەوتە ڕێگە خۆی گیرنەکا باشە.
ملی ڕێگای گرتەوە. بەو مانگەشەوە بە دۆڵ و کەند و لەند ڕۆیشت، سەگوەڕ و هیلاکی بیرەوەری دۆستایەتی و یەکترناسینی لەگەڵ ئایشەگوڵی ئامۆزای و ڕۆژی بووکێنی بیرهێنایەوە، کە چۆن یەکەم جار یەکتریان ناسیوە.
هەر بەدەم ڕێگاوە بۆ بناری سەفین و چاو لەژێر پێ دەنگی گیسکێکی بیست ( مئە .. ئە ئە ئە..ئاع) ئیتر دوای ئەو گیسکە دەکەوێت و بۆی ناگیرێت لە گردی زەیتون بۆ ئەسحابان و دەنگارە، گیسکی لەسەر شانی دانەوە بە هەموو دۆڵ و شێوەکانی شەقڵاوە تا نزیک ماڵە مەسیحییەکان و دێر (خاچ) و مام قەشە (ئیستیڤان) لە ناو دەرگا وەستا بوو،
کە بەیانی هەڵسا بینی خەون بوو.
یەکەم: ئەم ڕۆمانە سەر بە قوتابخانەی ڕیالیزمی کۆمەڵایەتییـە، چونکە دەقەکە زۆر بە ڕاستگۆیی و بەبێ زیادەڕەوی، وێنای ژیانی گوند و ئەو جیاوازییە چینایەتی و ستەمە کۆمەڵایەتییانە دەکات، کە لەو سەردەمەدا هەبووە. باس لە ململانێی نێوان مرۆڤی سادە (وەک ڕەشید) و کەسانی فێڵباز و دەسەڵاتدار (وەک حەمەچاوەش و ئاغا) دەکات. گرنگی دەدات بە وردەکارییە ڕۆژانەکان و ئەو نەهامەتییانەی کە بەسەر خەڵکی لادێدا هاتووە.
دووەم: تەکنیکی نووسین، نووسەر لەم دەقەدا چەند تەکنیکێکی هونەری بەکارهێناوە کە بریتین لە: گێڕانەوە لە ڕوانگەی گێرەرەوەی هەموو شتزان لە یادگارییەوە بۆ واقیع، گێڕەرەوە لە دەرەوەی ڕووداوەکانە، بەڵام لە هەموو شتێک ئاگادارە. نەک هەر کار و کردەوەکانی کارەکتەرەکان دەگێڕێتەوە، بەڵکو دەچێتە ناو ناخیان و ئاگاداری خەم و خەفەت و بیرکردنەوەکانیشیانە (بۆ نموونە کاتێک باس لەوە دەکات کە ڕەشید چۆن لە دڵەوە پێدەکەنێت بە قسەکانی حەمەچاوەش.
هەروەها تەکنیکی ڕیالیزمی ڕەخنەگرانە پەیڕەو کراوە. ئەو وەک وێنەگرێکی لێهاتوو، وردەکارییەکانی ژینگەی گوند، لە دەنگی باڵندەکانەوە تا لۆچی دەموچاوی کارەکتەرەکان، بە جۆرێک دەگێڕێتەوە، کە خوێنەر هەست بە بۆن و دەنگی ناو ڕووداوەکان دەکات. بەکارهێنانی تەکنیکی فلاشباک و گەڕانەوە بۆ کاتی ئاوارەیی و هێرشی دوژمن، ڕەهەندێکی مێژوویی بە ڕۆمانەکە بەخشیوە و وای کردووە خوێنەر تێبگات، کە خەمی ئێستای کارەکتەرەکان، درێژکراوەی برینە کۆنەکانی ڕابردووە.
زمانی ڕۆمان: ڕوون و پاراوی، یەکێک لە خاڵە هەرە درەوشاوەکانی ئەم بەرهەمە، زمانە پاراو و دەوڵەمەندەکەیەتی. نووسەر سوودی لە گەنجینەی وشەی کوردی و زاراوە گوندەوارییەکان وەرگرتووە، ئەمەش وای کردووە ببێتە دەقێکی زیندوو، کە بۆ هەموو نەوەکان دەست دەدات.
ئەم ڕۆمانە بە شێوازێکی سادە و ڕەوان نووسراوە، بەڵام پڕە لە وردەکاری مرۆیی و کۆمەڵایەتی، کە وای لێدەکات ببێتە نموونەیەکی جوانی ئەدەبیاتی واقیعی کوردی. ئەم ڕۆمانە ناچێتە خانەی واقیعی سحرییەوە، چونکە واقیعی سحری (وەک کارەکانی گابرێل گارسیا مارکێز) پشت بە تێکەڵکردنی خەیاڵ و ئەفسانە لەگەڵ ڕاستی دەبەستێت بە جۆرێک، کە شتە نالۆژیکییەکان وەک شتێکی ئاسایی نیشان دەدرێن. بەڵام لەم دەقەی پاییزە خەون دا، ڕووداوەکان لۆژیکین، هەموو ئەو شتانەی باس دەکرێن (زوڵمی ئاغا، درۆی حەمەچاوەش، ئاوارەیی، هەژاری) ڕووداوی ڕاستەقینە و مێژوویین. بەکارهێنانی خەون هەرچەندە ناونیشانەکە و کۆتایی دەقەکە باسی خەون دەکەن، بەڵام ئەمە تەنها وەک تەکنیکێکی دەروونی بەکارهاتووە بۆ گوزارشتکردن لە ئاوات و خەمی کارەکتەرەکە، نەک وەک ڕەهەندێکی سحری، کە یاساکانی سروشت بشکێنێت.
ناونیشانی ڕۆمانەکە، “پاییزە خەون”، کورتکراوەی فەلسەفەی هەموو دەقەکەیە. خەون لێرەدا ئاماژەیە بۆ هیوای مرۆڤەکان بۆ ژیانێکی شایستە، و پاییزیش ئاماژەیە بۆ ئەو وەرزە، کە خەونەکان تێیدا دەمرن. نووسەر دەیەوێت بڵێت، کە لە سایەی زوڵم و نادادییدا، خەونەکان هەرگیز نایەنە دی، بەڵکو تەنها وەک خەونێکی پاییزە دەمێننەوە، کە بە یەک تۆزە –با- لەناو دەچن.
ڕۆمانی “پاییزە خەون” بەردێکی گرنگە لە بناغەی کتێبخانەی کوردیدا. ئەم ڕۆمانە پێمان دەڵێت، کە ئەدەب دەتوانێت ببێتە پارێزەری مێژوو و ناسنامە. محەمەد مەولود مەم توانیویەتی لە ڕێگەی ئەم بەرهەمەوە، هاواری بێدەنگی چینە چەوساوەکان بگەیەنێت و نیشانمان بدات، کە پاییز هەرچەندە درێژ بێت، هێشتا مرۆڤ هەر خەون دەبینێت.
سەرچاوە
ڕۆمانی پایزە خەون
محەمەد مەولود مەم
دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی کوردی زنجیرەی ژمارە (١٧٤) بەغدا ١٩٨٧