رۆژنامەی ھەولێر

تورکیا وەک هاوبەشێکی ستراتیژیی لە هەرێمی کوردستان دەڕوانێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

شرۆڤەکاران و لایەنە سیاسییەکان، باس لە گرنگی سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ تورکیا دەکەن و دەڵێن، سەردانەکە لە کاتێکی ھەستیار و گرنگدا بوو، تەوەرەکانی ئەم سەردانە دەرفەتێکی گشتگیر بوون بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی ستراتیژی وەک ھەڵسەنگاندن بۆ گۆڕانکارییە سیاسیی و ئەمنییەکانی ناوچەکە، ھاوکات تاوتوێکردنی سیاسەتی ناوخۆی عێراق و گۆڕینەوەی بیروڕا لەسەر پێشھاتەکانی بەغدا و پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و ھەماھەنگی دوو قۆلی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و ئەنقەرە لە بوارە جیاوازەکاندا.

ڕۆژی ٩ی ئەم مانگە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تورکیا و لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و ھەریەک لە ھاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و یەشار گولەر، وەزیری بەرگری، وەزیری وزە و بەڕێوبەری دەزگای ھەواڵگری تورکیا کۆبوویەوە.
چاودێرانی سیاسی و میدیاکانی تورکیا، سەرنجیان خستە سەر ئەو شێوازە تایبەتەی سەرۆککۆماری تورکیا و تیمی باڵای حکوومەتەکەی دوای کۆبوونەوەکان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستانیان پێ بەڕێکرد، بۆ ھیچ بەرپرسێکی ناوچەکە بەو شێوەیە نەبووە، ئەو کەسانەی لە حەوشەی کۆشکەکە بۆ خواحافیزی لە سەرۆکوەزیرانی کوردستان ئامادە بوون، گرنگترین کارەکتەرەکانی بڕیاردانن لە تورکیا، وەکو ھاکان فیدان وەزیری دەرەوە، یەشار گولەر وەزیری بەرگری، وەزیری وزە و بەڕێوبەری دەزگای ھەواڵگری تورکیا، ھاتنەدەرەوەی سەرۆککۆمار و وەزیرە سەرەکییەکان بۆ حەوشەی کۆشک، لە پڕۆتۆکۆڵی تورکیادا نیشانەی ڕێزێکی تایبەت و ئاستی بەرزی پەیوەندییەکانە، ئەم خواحافیزییە گەرمە لەبەردەم کامێراکاندا، پەیامێکی ڕاستەوخۆیە کە مەسرور بارزانی تەنیا وەک میوانێکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ نەکراوە، بەڵکو وەک ھاوبەشێکی ستراتیژیی پلە یەک مامەڵەی لەگەڵ کراوە، گوزارشتێکی ڕوونیش بوو لە پێگەی بەھێزی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان لای بڕیاربەدەستانی تورکیا.
جیھاد ناوخۆش، شرۆڤەکاری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، ئەوەی سەلماند کە ئەنقەرە وەک ھاوبەشێکی ستراتیژی مامەڵە لەگەڵ ھەولێردا دەکات، لە ھەمان کاتدا ئەم سەردانەی سەرۆکی حکوومەت ئەڵقەیەکی دیکەیە لە ئەڵقەکانی فراوانکردن و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان بە وڵاتانی ناوچەکە و جیھانەوە.
ئەو شرۆڤەکارە، دەشڵێ: یەکێک لە ستراتیژە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەت بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، گرنگیدان بوو بە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی جیھان، ھەر لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە تا کەنداو و تا دەگاتە تورکیا، کە ئەو وڵاتە دراوسێیەکی گرنگ و ستراتیژییە بۆ ھەرێمی کوردستان، ئەوەی دەبێ ببینرێت ئەوەیە کە ئەم پەیوەندیانە تەنیا پەیوەندیی دیپلۆماسی و تەشریفاتی نین، بەڵکو ئابووری و وزە جەمسەرێکی گرنگی ئەم سەردان و پەیوەندییانەن.
ھۆشەنگ نیاز، چاودێری سیاسی، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: لە سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەت بۆ تورکیا وزە بەشێکی گرنگی سەردانەکە بوو، سەرۆکوەزیرانی کوردستان لەگەڵ وەزیری وزەی تورکیا کۆبووەوە، بەپێی ڕاگەیەندراوی ھەردوولا، جەخت لە گرنگیدانی زیاتر بە بوارەکانی بازرگانی، وزە، کارەبا و نەوت کراوەتەوە، ھەروەھا لە ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیاشدا، بە ھەمان شێوە باس لە ئابووری وەک بەشێکی گرنگی پەیوەندیی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا و بەشێک لەم سەردانە کراوە، ھەروەھا باس لە پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدانیش کراوە وەک بەرژەوەندییەکی ھاوبەش بۆ ھەموو دانیشتووانی ناوچەکە، بەوەش دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی حکوومەتی کوردستان بەرەوپێشچوونێکی گەورەی لە ئاستی پەیوەندی بە وڵاتانەوە بەخۆیەوە بینیوە، چ لەسەر ئاستی چەندایەتی و چ لەسەر ئاستی جۆری، وزە و ئابووریش بەشێکی سەرەکیی ئەو پەیوەندیانەیە، ئەم ستراتیژ و سیاسەتە گرنگانەی حکوومەتی کوردستان وادەکات لایەنە سیاسییەکانیش بەرپرسانە بێنە پێشەوە و ھەرچی زووە کابینەی داھاتووی حکوومەتی کوردستان لەسەر ئەم بنەما ستراتیژییانە بۆ بنیاتنانی ئایندەی گەلەکەمان پێکبھێنن ھەمووان پێکەوە لە بنیاتنان و دەستکەوتدا بەشدار بن.
د. مزگین مەحموود، شارەزای بواری وزە، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ڕاگەیاند، مەسرور بارزانی توانی پیشانی بدات کە ھەرێمی کوردستان تەنیا کارتێکی گوشار نییە، بەڵکو یاریزانێکی سەرەکییە لە کێشانی نەخشەی نوێی وزەی ناوچەکەدا.
ئەو شارەزایە، دەشڵێ: ھەرێمی کوردستان سەرەڕای ھەموو گوشارە دەستووری و داراییەکانی بەغدا، ھێشتا کلیلی ھەناردەی نەوتی باکووری لەدەستدایە و کۆبوونەوەکەی ئیستانبوڵ سەلماندی کە ئەنقەرە وەک ھاوبەشێکی ستراتیژی مامەڵە لەگەڵ ھەولێردا دەکات، نەک وەک بەشێکی پاشکۆی حکوومەتی ناوەندیی عێراق، بۆیە دوای سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم بۆ تورکیا، جووڵەیەکی بەھێزی بازرگانی دروست ببێت، بەتایبەت لە بواری بیناسازی و کشتوکاڵی و بازرگانی، ئەم سەردانە دڵنیاکەرەوە بوو بۆ بەردەوامبوونی ئەو بازرگانییە زەبەلاحەی لەگەڵ تورکیا ھەمانە، تورکیا لە ‌ڕووی بازرگانییەوە پشکی شێری بەرکەوتووە لەگەڵ کوردستان، لەسەرووی ١٦٠٠ کۆمپانیای تورکیا لە کوردستان کار دەکەن، دوای سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەت، جووڵەیەکی بەھێز دەستی پێکردووە لەوەی نەخشەڕێگای نوێ دابنرێت بۆ بەھێزکردنی قەبارەی بازرگانییەکان لەگەڵ تورکیا.
ئایدین مەعرووف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد: سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان پەیوەندی زۆر باشی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەیی ھەیە و کاتی ئەم سەردانەش زۆر گرنگ بوو، ھەرێمی کوردستان و تورکیا دوو دۆست و دراوسێی باشن دەبێت پەرە بە پەیوەندییەکان بدرێن.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ تورکیا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سەرۆک کۆماری تورکیا، ستایشی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و ھەرێمی کوردستانی کرد، وەک فاکتەرێکی گرنگی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا باسی کردووە.
سەفین دزەیی، گوتی: سەرۆکی حکوومەت ستایشی ڕۆڵی ئەردۆغان و تورکیای لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە کرد، خواستی ھەرێمی کوردستانی بۆ برەودانی زیاتر بە ھاریکاری و ھاوئاھەنگیی دوولایەنە دووپات کردەوە.