رۆژنامەی ھەولێر

بڕیارێکی گرنگ لەپێناو سەرمایەی نیشتیمانی و گیانی هاووڵاتیان لە کەرتی بیناسازی هەرێمی کوردستان درا

لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێکی گرنگی داوە لە پێناو بەرزکردنەوەی کوالێتی بیناسازی و پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.

بەگوێرەی فەرمانە نوێیەکە، لەمەودوا هیچ پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان مۆڵەتی پێ نادرێت مەگەر پابەندبونی خۆی بە ستانداردەکانی (ACI) نیشان بدات. ئەم بڕیارە وەک هەنگاوێکی ستراتیژی دەبینرێت بۆ هاوتایکردنی کەرتی بیناسازی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و پاراستنی سەرمایەی نیشتمانی و گیانی هاووڵاتیان.
لە لێدوانێکیشدا، بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا، لەبارەی گرنگی بڕیارەکەوە ئەوەی ڕاگەیاندووە؛ پێشتر لە هەرێمی کوردستان کۆدی عێراقی پەیڕەو دەکرا، بەڵام بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی هاووڵاتیان و پاراستنی پڕۆژەکان لە کاتی رووداوە سروشتییەکانی وەک بوومەلەرزە، بڕیاردرا کۆدی (ACI) ئەمریکی بکرێتە ستاندارد، کە بە یەکێک لە بەرزترین کۆدە جیهانییەکان دادەنرێت بۆ بیناسازییەکی توندوتۆڵ.”
دەشڵێت؛ ئەم کۆدە نەک تەنیا ئاستی کوالیتی و ژێرخانی بیناکان بەرز دەکاتەوە، بەڵکو کاری دەستەی وەبەرهێنانیش لە کاتی مۆڵەتپێدان ئاسانتر دەکات، چونکە پێوەرەکان روون و دڵنیایی جۆرییان تێدایە.”